وێنە: فرانس پرێس
سبەی
لە بازاڕی دراو لە عێراق، دینار دابەزینی بەرامبەر دراوە سەرەكییەكان بەخۆوە بینی، لە پێش هەمووشیانەوە دۆلار، ئەوەش دوای نزیكەی مانگێك لە جێگیربوونی نرخەكەی، ترسیش هەیە بە كاریگەری ئەو شەڕەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێكردووە، نرخی كاڵا و پێداویستیەكان لە عێراق بەرزببێتەوە.
بەهۆی ئەوەی بازاڕی ناوخۆیی عێراق پشت بە هاوردە لە ئێرانەوە دەبەستێت، ترسی بەرزبوونەوە و یاریكردن بە نرخی كەلوپەل و پێداویستییە سەرەكییەكانی هاوڵاتیان هەیە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەوهۆیەوە هەڵمەتێكی بۆ چاودێریكردنی بازاڕ دەستپێكردووە لەگەڵ ئەو كەسانەی بانگەشە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەكەن، جگە لە تۆماركردنی سەرپێچی دیكە كە بیانەوێت دۆخەكە بقۆزنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەشڵێت "تائێستا زیاتر لە 660 كەسیان دەستگیركردووە كە یارییان بە نرخەكان كردووە و بانگەشەیان بڵاوكردووەتەوە".
رۆژی هەینی رابردوو، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكرد، بەوەش بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی دابەزینی بەخۆوە بینی، بەشێوەیەك هەر دۆلارێك بەهاكەی گەیشتە نزیكەی 1500 دینار، لەكاتێكدا هەفتەكانی پێشوو بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەر بوو بە نزیكەی 1400 دینار. جگە لەوەی بەهای ئاڵتونیش لە بازاڕەكانی عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی، هەندێك لەكەلوپەل و خۆراك و پێداویستییەكانیش كەمێك نرخەكانیان بەرزبوەوە.
نەوار سەعدی، مامۆستای ئابوری نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە دەڵێت "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكاندا بەرامبەر دینار تەنها كاردانەوەیەكی دەروونی نییە، بەڵكو ئەنجامێكی راستەوخۆی بەرزبوونەوەی خواستە لەسەر دراوی قورس، ئەمەش وایكردووە بازرگان و وەبەرهێنەران و تەنانەت هاوڵاتیانیش پەنا بۆ كڕینی دۆلار ببەن".
وتیشی "سەبارەت بە ماددەی خۆراكیی بەشێوەیەكی گشتیی عێراق پشت بە بازاڕەكانی توركیا و ئێران و هیندستان و ئیمارات دەبەستێت، هەر ئاڵۆزییەكیش تێچووی رێگا و بازرگانی بەرزدەكاتەوە، بەوەش تێچوونی باركردن و دڵنیایی زۆر دەبێت، بۆیە چارەسەر ئەوەیە بیر لە زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ بكرێتەوە و چاودێری بازاڕەكانیش زیاد بكرێن".