پرسى لەباربردنى کۆرپە لە ڕکابەرى سیاسیى ئەمریکادا

یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
کۆشان علی
Primary Asset

پرسى لەباربردنى کۆرپەلە بۆماوەى نیو سەدە دەبێت یەکێکە لە تەوەرە هەستیارەکانى ڕکابەرى و مشتومڕى سیاسیى لەنێوان هەردوو پارتى سەرەکى ئەمەریکا دیموکرات و کۆمارییەکان.

 

ساڵى 1973, دادوەرى باڵاى ئەمەریکا ڕۆى ڤى وەید بڕیاریدا کە لەباربردنى کۆرپە یاساییە، ئیتر لەوکاتەوە ئەو پرسە بووەتە هێڵێکى گەرمى مشتومڕى سیاسیى لە ئەمەریکا، کە دیموکراتەکان پشتیوانیى لەباربردنى کۆرپەلە دەکەن وەکو مافێک تەماشاى دەکەن، بەڵام کۆمارییەکان دژایەتى دەکەن.

لەو کاتەدا هێڵى جیاکەرەوەى دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر ئەو پرسە تەمومژاوى بوو.. دەنگدەرانى دیموکرات و کۆمارییەکان پێکەوە هاوڕابوون لەسەرئەوەى کە دەبێت لەباربردنى کۆرپەلە وەکو مافێک ڕێگەپێدراو و یاسایى بێت، لەو قۆناغەدا زۆر ئاسان دەتتوانى ئەو بەرپرسانەى کۆمارییەکان بناسیتەوە کە پشتیوانییان دەکرد لە لەباربردنى کۆرپەلە و ئەو دیموکراتانەش کە دژایەتى شێوازى ئەنجامدانى پڕۆسەکەیان دەکرد.

 

بەڵام چۆن ئەو گۆڕانکارییە ڕویدا؟

لەسەرەتاى ساڵانى 1970کاندا لە 4 ویلایەتى ئەمەریکا بەشێوەى داواکارى ڕێگەدەدرا بە لەباربردن، لە 14 ویلایەتى دیکەش بەپێى چەند مەرجێکى جیاواز ڕێگە بە لەباربردن دەدرا.

لەکاتێکدا کەنیسەى کاسۆلیکى دژى لەباربردن بوو، کۆنگرەى باپتیستى باشوورى، کە یەکێکە لە گەورەترین گروپى پرۆتستانتى ئینجیلى، پشتیوانیى ئەوەیان دەکرد کە لە زۆرێک لە بارودۆخەکاندا ڕێگە بە لەباربردن بدرێت.

لەوکاتەدا هیچ یەک لە دوو پارتە سەرەکییەکەى ئەمەریکا پرسى لەباربردنیان وەکو پرسێکى یەکلاکەرەوە تەماشا نەدەکرد.

خانمى یەکەم بێتى فۆرد کە کۆمارى بوو، لەوکاتەدا وتى "بڕیارێکى گەورە، و گرنگ بوو" بەڵام هەندێک لە دیموکراتەکان، بۆنمونە جۆ بایدن کە لەوکاتەدا تازە وەکو سیناتۆرێک هەڵبژێردرابوو، ڕایگەیاند کە بڕیارەکەى دادگا "زۆر تێپەڕى".

دەنگدەران ئەو پرسەیان وەکو جیاوازییەک لەنێوان دوو پارتەکەدا نەدەبینى. لە ڕاپرسییەکدا کە لە ساڵى 1977 ئەنجامدراوە، ئامارەکان دەست ڕۆیتەرز کەوتوون، سەدا 39ى دەنگدەرانى کۆمارییەکان وتوویانە کە بە هەر هۆکارێک بێت دەبێت ڕێگە بە لەباربردن بدرێت، بەراورد بە 35 لەسەداى دەنگدەران دیموکراتەکان.

 

چەند ساڵێک دواى ئەو بڕیارە، چالاکوانە موحافیزکارەکانى وەکو فیلیس شلافلى ئەم بابەتەیان قۆستەوەو وەکو هەڕەشەیەک تەماشایان دەکرد بۆ بەها تەقلیدییەکان و کەنیسەى ئینجلیى، ئەم بابەتەش بووە مایەى سەرنجى سیاسیى لەدواى زنجیرەیەک بڕیارى دادگا کە ڕێگرى دەکرد لە ئەنجامدانى نوێژ لە شوێنە گشتییەکاندا.

ئیتر ئەم گروپانە پرسى لەباربردن و خێزانیان بەیەکەوە بەستەوە، دەیانوت کە ئەم بابەتە هەڕەشەیە بۆ پێکهاتەى خێزان، لەگەڵ چەند گۆڕانکارى دیکەى کۆمەڵایەتى کە لە ئەمەریکادا ڕویاندابوو بۆنمونە مافى هاوڕەگەزخواز، بەرزبوونەوەى ڕێژەى جیابوونەوە، و کارکردنى ئافرەت لە دەرەوەى ماڵ.. پیاوانى ئاینیى مەسیحی پرسى لەباربردنیان وەکو نیگەرانییەک تەماشا دەکرد بۆ ئازادیى و لیببڕاڵبوونى کۆمەڵگا.

لەسەر ئەو ڕێچکە جیاوازە و ئەو هەنگاوە، لە ساڵى 1980دا، کۆنگرەى باپتیستى باشووری بڕیارێکى دەرکرد بە ڕەتکردنەوەى لەباربردن، ئەمەش دواى پێداچوونەوە بە بڕیارى پێشووى خۆیاندا.

سەرۆکى ئەوکاتەى ئەمەریکا کە لە کۆمارییەکان بوو، ڕۆناڵد ڕیگن ئەوەندەى دیکە هاوپەیمانى دژەکانى لەباربردنى لەناو کۆشکى سپیدا بەهێزتر کرد.. لەهەمان ساڵدا، چالاکوانانى ئافرەت کاریگەرى زیاتریان دەرکەوت لەناو دیموکراتەکان و داواى کەمپین و پشتیوانیى زیاتریان دەکرد لە سەرکردەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە لەباربردن.

بەڵام هێشتا پشتیوانیى تەواو لەناو پارتەکەدا نەبوو بۆ بڕیارەکەى ڕۆى.

لە ساڵى 1983دا، لە دەنگدانێکى ئەنجومەنى پیران، 34 کۆمارى و 15دیموکرات دەنگیاندا بە پڕۆژە هەموارێکى دەستوور کە بڕیارەکەى ڕۆى قڵپ بکاتەوە، بەڵام 19 کۆمارى و 31 دیموکرات لەدژى ئەو پڕۆژە هەموارە دەنگیاندا.

بایدن لەناو ئەوانەدا بوو کە پڕۆژە هەموارەکەى ڕەتکردەوە، هەرچەندە پێشتر لەناو گفتوگۆى لیژنەى یاسایى پشتیوانیى لە پڕۆژە یاساکە کردبوو.

 

بارودۆخەکە بەوشێوەیە نەمایەوە

ئیتر دەبوو سیاسییەکان هەڵوێستى خۆیان ڕوونتر بکەنەوە لەسەر ئەو پرسە.. چەند ساڵێک دواى ئەوەو لە کۆتایى ساڵانى 1980کاندا، سیاسییەکان هەڵوێستیان ڕوونتر دەبوو، لەکاتێکدا کە کاندیدە سیاسییەکان هەڵوێستى خۆیان هاوکۆک دەکرد لەگەڵ ئەو چالاکوانە دیارانەى لەناو پارتەکانیاندان.

جۆرج بووشى باوک، کە کاندیدى کۆمارییەکان بوو و لەپێشوودا پشتیوانیى مافى لەباربردنى دەکرد، لەمەودوا یەکێک بوو لەوانەى دژایەتى لەباربردنى کرد و لە 1988دا وەکو سەرۆکى ئەمەریکا هەڵبژێردرا. لە 1992دا لەبەرامبەر بیڵ کلینتن شکستى هێنا، کلینتن پێشتر دژایەتى لەباربردنى دەکرد کەچى لەمەودوا پشتیوانى مافى لەباربردن بوو.

 

بەپێى ئەو ئامارانەى لەبەردەستدان، لە ساڵى 1989ەوە گروپەکانى پشتیوانیکردن لە مافى لەباربردن، بڕى 32 ملیۆن دۆلاریان بەخشیووە بە دیموکراتەکان و 3 ملیۆن دۆلاریان بەخشیووە بەو کاندیدانەى کۆماریەکان کە پشتیوانیى یاسایى بوونى لەباربردن دەکەن. لەبەرامبەر ئەوەدا ئەو گروپانەى دژى لەباربردنن 14ملیۆن دۆلاریان بەخشیووە بە کۆمارییەکان و تەنها 372 هەزار دۆلاریان لەهەمان ماوەدا بەخشیووە بە دیموکراتەکان بۆ دژایەتیکردنى لەباربردن.

تاوەکو ئەم ساڵانەى دوایى دەنگدەرانى کۆمارى و دیموکراتەکان هەڵوێستیان ڕوون نەبوو لەسەر پرسى لەباربردن. بەڵام لەدواى ساڵانى 2000ەوە، تەنها لەسەدا 31ى کۆمارییەکان پشتیوانیى لەباربردن دەکەن بەشێوەى داواکراو (واتە کاتێک ئافرەتەکە لەماوەى شەش مانگى یەکەمى دوو گیانیى داواى لەباربردنى کۆرپەلەکە دەکات). بەڵام دەنگدەرانى دیموکراتەکان هەڵوێستیان هاوشێوەى ڕابردوو بووە کە 45 لەسەدایان پشتگیرى لەباربدنیان کردووە.

 

ڕکابەرى هەردولا لەسەر ئەو پرسە قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە..

ڕاپرسییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە زۆرینەى ئەمریکییەکان پشتیوانى جۆرێک لە سنووردارکردنى لەباربردن دەکەن بەڵام دژایەتى قەدەغەکردنى دەکەن بەشێوەیەکى یەکجارەکى.

لەهەمانکاتدا، دیموکراتەکان پشتیوانیى زۆر زیاتریان بەدەستهێناوە بۆ پشتیوانیکردن لە پرسى لەباربردن. بەشێوەیەک کە ساڵ بۆ ساڵ پشتیوانیى دەنگدەرانى دیموکراتەکان زیاتر دەبێت بۆ لەباربردنى بێقەیدوشەرت. بەشێوەیەک کە 56%ى دەنگدەرانى دیموکراتەکان لەگەڵ لەباربردنى بێقەیدوشەرت بوون لە 2016دا، بەڵام ڕێژەکە لە ساڵى 2021دا بەرزبووەوە بۆ71%. لەناو دەنگدەرانى کۆمارییەکاندا پشتیوانییەکە لەسەدا 34ە.

 

ڕکابەرى کۆمارى و دیموکراتەکان لەسەر ئەو پرسە یاسایی و کۆمەڵایەتییە لە ویلایەتەکاندا هێشتا بەردەوامە.. بەشێوەیەک کە 7ى تشرینى دووەم دەنگدەران لە ویلایەتى ئۆهایۆ دەنگیاندا بە بڕگەیەک بۆ گۆڕانکارى لە دەستوورى ویلایەتەکەیان، کە ڕێگە بە لەباربردن بدرێت.

دەرەنجامى ئەو دەنگدانە وەکو شکستێک بۆ کۆمارییەکان تەماشا دەکرێت، بەتایبەت کە ئەو ویلایەتە زۆرینەى دەنگدەرانى سەربە کۆمارییەکانن، بەڵام لەم پرسەدا شکستیان هێناوەو بەجۆرێک لە سەرکەوتنى دیموکراتەکان تەماشا دەکرێت بەتایبەت بەرلە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمەریکا لە 2024.

 

ویلایەتەکانى ئەمەریکا مامەڵەى جیاواز لەگەڵ پرسى لەباربردن دەکەن:

لە 14 ویلایەت بەتەواوى لەباربردن قەدەغەیە

لە 28 ویلایەت لەپاش ماوەی دیاریکراو لە دووگیانى لەباربردن قەدەغەیە

لەناو ویلایەتەکانى ئەمەریکادا، 22 ویلایەتیان بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆڵى دایک و باوک بەپێویست دەزانن لەکاتێکدا کەسێکى خوار 18 ساڵ پڕۆسەى لەباربردنى بۆ ئەنجام دەدرێت

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی