چەند چەکدارێکی حەماس
سبەی
سەرچاوەیەكی بەرپرسی فەڵەستینی ئاشكرایكردووە، بزوتنەوەی حەماس دوو مەرجی هەیە بۆ ئەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند بكات.
بەوتەی ئەو سەرچاوە فەڵەستینیە بۆ "سكای نیوز" مەرجێكی بزوتنەوەی حەماس ئەوەیە كە "دەست بۆ هیچ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییان نەبرێت و هیچ ئەندامێكیان لە دەرەوە هێرشی نەكرێتەسەر". هەروەها مەرجی دووەمیشیان ئەوەیە "دەست بۆ پارە و ماڵ و سامانیان نەبرێت و بلۆك نەكرێت".
ئەو دوو مەرجە لەكاتێكدایە، لە ئەگەری ئاگربەست و چۆڵكردنی غەززە، پێشتر حەماس مەرجی ئەوەشی هەبوو كە پێویستە دوو نوێنەری لە ئیدارەی غەززە هەبێت و لەناو هێزەكانی ئاسایشی غەززەش بەشێك لە ئەندامانی هەبن یاخود كەسی نزیك لەوان دابنرێن.
مەرجێكی دیكەی حەماسیش ئەوەبوو كە لەلایەن ئەمەریكاوە گرەنتی ئەوەیان پێبدرێت كە جەنگ كۆتایی دێت، هەروەها لە قۆناغی یەكەمیش ئاگربەستێكی 70 رۆژە ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیاریی بەشێك لە میدیا عەرەبی و جیهانیەكان، ئەمەریكا رەزامەندی دەربڕیوە كە گرەنتیكاری ئەوەبێت جەنگ كۆتایی بێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەگەر ئاگربەست كۆتایی هات و هیچ رێككەوتنێك نەكرا ئیسرائیل دەستكراوە بێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی.
ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، بڕوای وایە لەماوەی هەفتەیەكدا لەبارەی غەززەوە ئاگربەستێك رادەگەیەنرێت.
بەپێی راپۆرتی چەند میدیایەكی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە و رۆن دێرمەر وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیلیش بەشداربووە لە گفتوگۆكان، لەو پەیوەندییەدا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە لەماوەی دوو هەفتەدا.
بەپێی راپۆرتی "ئیسرائیل هیۆم" ئاگربەستەكە ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكانی حەماس لەخۆدەگرێت، لەگەڵ گواستنەوەی سەرجەم بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس بۆ دەوڵەتێكی دیكە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئیسرائیل بە چارەسەری دوو دەوڵەت رازی بووە، بەڵام بەو مەرجەی "چاكسازی" لە دەسەڵاتی فەڵەستین بكرێت.