"هێرش بە چەکى کیمیایی"؛ پەکەکە دوایین هۆشداریى دەداتە تورکیا

#هەپەگە#تورکیا#پڕۆسەى ئاشتى
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەپەگە هۆشدارى توند دەداتە تورکیا و دەڵێت "پێویستە بزانرێت گەر دوای ئەم ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە و ئاگادارکردنەوەیەمان، سوپای تورکیا بە بەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەوا وەڵامدانەوەی توندتر و کاریگەرترمان دەبێت".
Primary Asset

سەربارى پڕۆسەى ئاشتى و ئاگربەستى تاکلایەنە لەلایەن پەکەکەوە هێرشەکانى تورکیا بەردەوامن

سبەى

هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) باڵى سەربازى پەکەکە دوایین هۆشداریی دەداتە تورکیا و جەختدەکاتەوە ئەگەر بەردەوامى بە هێرشەکانى بدات کە بە "بەرژەوەندى کەسى بۆ لەباربردنى پڕۆسەى ئاشتى" ناویا ندەبات، بەتوندى وەڵامدەداتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رۆژى شەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "سبەى" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەیی کۆتاییدا بە تایبەت لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای زاپ، دەشتاییەکانی نێوان ناوچەی ئامێدیی باشووری کوردستان و هەرێمی دێرەلۆک و مەتینا، هێرشى سوپاى تورکیا و جوڵە لە دژی هێزەکانمان زۆر زیادیان کردووە". 

رونیشیکردووەتەوە، لە گوندی سێگرێی نزیکی ناوچەی ئامێدی و لە گۆڕەپانی گردی ئامێدی  بە "چەکی کیمیایی" شەپۆلێکی "هێرشی لەناوبردن" لە دژی هێزەکانیان ئەنجامدراوە و هێرشەکان لەو ناوچانە  زیاتر بوونە. 

بەپێی راگەیەنراوەکە، لەرۆژانى ٢٤ و ٢٦ـی حوزەیراندا لەو ناوچەیە لە دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام لەبەر هەستیاری پرۆسەکە لە ئێستادا دیمەنی چالاکی بەفراوان و زیانەکانی سوپای تورکیا بڵاوناکەنەوە.

جەختیشدەکاتەوە "هێزەکانمان پەیوەست بە پرۆسەی نوێوە کە لەلایەن ڕێبەر ئاپوە ڕاگەیاندراوە و هەر پەیوەست بەمەشەوە گرێدراوی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەین. وێڕای ئەوەی تێکۆشانی چەکداری وەستێندراوە، بە تایبەت لە هەرێمی ئامێدی فەرماندەیی سوپای تورکیا بە سەختی و تەواوەتی چەکی کیمیایی وەک تاوانی جەنگ بەکاردەهێنێت کە لەلایەن یاسا نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغەکراوە".

هەپەگە هۆشدارى توند دەداتە تورکیا و دەڵێت "پێویستە بزانرێت گەر دوای ئەم ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە و ئاگادارکردنەوەیەمان، سوپای تورکیا بە بەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەوا وەڵامدانەوەی توندتر و کاریگەرترمان دەبێت".

پێشیوایە، هێرشەکان بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجى لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی "بەم هۆکارە خاوەنی مافین لە دژی ئەم هێرشە بێدەنگ نەبین، هێزی خۆمان بپارێزین و بە توندترین شێوە وەڵامی پێویست بدەینەوە".

وردەکاری هێرشەکان لەزارى هەپەگەوە

هەپەگە دەڵێت لە نێوان ٢١-٢٦ـی حوزەیراندا، تونێلەکانی گەریلا لە گۆرەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٩ جار بە گازی کیمیایی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کراون.

٢٧ـی حوزەیران تونێلەکان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە پێشدا بە تەقەمەنی وێرانکەر و دواتر بە گازی کیمیایی بە سەختی بۆردوومان کران.

لە نێوان ٢١-٢٦ـی حوزەیران تونێلەکان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی و دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا ١١ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کران.

لە نێوان ٢٠-٢٦ـی حوزەیراندا تونێلەکان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ١٨ جار بە بلدۆزەر و حەفارەی کونکردن هەوڵی ڕووخاندنیان دراوە.

٢٦ـی حوزەیران تونێلەکان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانێ دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا ١٥ جار بە بلدۆزەر، شۆفڵ و حەفارەی کونکردن هەوڵی ڕووخاندنیان دراوە.

لە نێوان ٢٠-٢٧ـی حوزەیران لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی، سەری مەتینا، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی گردی سیسەر، گردی ڕەشید، دێڕەشی، گرگاشێ، دەشتی کافیا، مژێ، گردی کون، گردی زەنگل، زێڤکێ، حەفتەباخ، سپیندارێ، سێدارێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی، گردی بەهار، لە هەرێمی خواکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرێ زینێ بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بە بەردەوامی بۆردوومان کران.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی