کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان
سبەی
هەرچەندە تائێستا چەندین رێككەوتن كراوە و جێبەجێ نەكراوە یاخود بۆ ماوەیەك جێبەجێ كراوە، بەڵام ئەمجارەش هەرێمی كوردستان و بەغداد نزیكن لە رێككەوتنێك لەبارەی نەوت و پشكی هەرێم لە بودجە.
بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" شاندێكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چووەتە بەغداد، دوای ئەوەی شاندێكی عێراق پاش رۆژێك مانەوە لە هەرێمی كوردستان گەڕایەوە بۆ بەغداد، ئەگەریش هەیە سبەینێ لەبارەی رێككەوتن و داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەرێم گفتوگۆی یەكلاكەرەوە بكەن.
چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و هاتنی شاندی بەغداد بۆ هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی بەدەر بكرێت لە كێشە سیاسیەكان و مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
كۆبوونەوە دوور لە چاوی میدیاكان
شاندەكەی بەغداد رۆژی پێنجشەممە سەردانی هەولێریان كردووە و چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دوور لە چاوی میدیاكان ئەنجامداوە، ئێوارەی دوێنێ هەینی واتە پاش رۆژێك مانەوە لە هەولێر گەڕانەوە بۆ بەغداد، لەگەڵ چوونەوەی ئەوانیش شاندێكی تەكنیكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی كرد، بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" گفتوگۆكانی رۆژی یەكشەممە واتە سبەینێ لەنێوان هەولێر و بەغداد یەكلاكەرەوە دەبن، گرفتی سەرەكیی بەغدادیش داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەرێم بووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە نیوەی داهاتی ناوخۆ واتە نزیكەی 150 ملیاری مانگانە رادەست بكات، لەگەڵا رۆژانەی 280 هەزار بەرمیل نەوت، لەبەرامبەردا بەغداد نەك تەنها مووچە بەڵكو پشكی تەواوەتی هەرێم لە بودجە بنێرێت.
نزیكن لە رێككەوتن
بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ "سبەی" كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و نزیكن لە رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ شاندێكی هەرێم بۆ وردەكاری رێككەوتن چوونەتە بەغداد و سبەینێ بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی نەوت و بودجەی هەرێم دەدرێت".
ئەوەی گرفتە لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كۆمپانیا نەوتییەكان بوون، بەپێی زانیارییەكان "قسە لەسەر ئەوەكراوە كۆمپانیا نەوتیەكان رازی بكرێن لە رێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكەنەوە".
رادەستكردنی نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ
هەر بەپێی زانیارییەكان "لێكنزیكبوونەوە هەبووە لەسەر زیادكردنی پشكی ئەو داهاتەی ناوخۆ كە هەرێم مانگانە بۆ بەغدادی دەنێرێت، لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان مانگانە تەواوی شایستە داراییەكانی پێبدرێت نەك تەنها مووچەی فەرمانبەرانی".
"ئەگەر هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتنی كۆتایی سەرەتا وەك نیازپاكییەك بەغداد مووچەی مانگی پێنج دەنێرێت و پاشانیش وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەویش دەنێردرێت". ئەمە بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكان.
بڕیاری دادگای فیدراڵی
رۆژی 21 ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی دوای چەند دانیشتنێك سكاڵایەكی یەكلاكردەوە و مووچەی فەرمانبەرانی لە ناكۆكییە سیاسییەكان جیاكردەوە و هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندكرد بە تەوتینی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق.
بڕیارەكە لەدوای دەرچوونی بەبڕیارێكی مێژوویی دانرا لەلایەن بەشێكی زۆر لە موچەخۆران و لایەنە سیاسییەكانەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەكرا و جەختیكردەوە كە هەر پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختی لەپڕۆژەی هەژماری من كردەوە لەجیاتی تەوتینی موچە.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوویدا جەختی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردەوە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، دوای ئەوەی لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی دەركەوت كە ناتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بكرێت.
دوای كۆبوونەوەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئێمە بژاردەی دیكەمان لەبەردەستە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێككەوتن و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدەین، ئێمە ئامادەین لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆوە نەوت هەناردە بكەینەوە".
راگرتنی نەوتی هەرێم
رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك - جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.
حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.
جگە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنقەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.
نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار) وەربگرن، هاوشێوەی چەند مانگی پێشوو لە چاوەڕوانی هات و نەهاتی مووچەدا هێڵرانەوە، تا ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك بۆمبەكەی تەقاندەوە و راگەیاند: ئامادەنییە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە واژۆی تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەی 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەی بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دیناری رادەستكراوە لەكۆی خەرجی كردەیی.
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەكۆی 19.9 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ساڵی 2023ـەوە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دیناری رادەستی بەغداد كردووە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژی دەستور ناوبرد و لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
دواین مووچە كە بەغداد ناردی
دوایین مووچە كە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درا، مووچەی مانگی نیسان بوو كە رۆژی 14ـی ئایاری 2025 و بە سێ رۆژ بەسەر سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و خانەنشینان دابەشكرا، مووچەی مانگی ئازاریش لە 27ـی ئازار بەهەمان شێوە بە سێ رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی شوباتیش لە 31ـی ئازار و بە چوار رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی كانوونی دووەمیش لە 5ـی شوباتی 2025، دابەشكرا.
رێككەوتنی پێشوو زۆری نەخایاند
رۆژی 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە رێككەوتن. بەڵام ئەو بەڵێن و رێككەوتنەش لەنێوان هەرێم و بەغداد تەنها یەك مانگ بڕی كرد و پرسی مووچە هاتەوە خاڵی سەرەتا.