تۆمەتبار دەكرێن بە بوونی ناوی وەهمی؛ مووچەی حەشدی شەعبی لەژێر هەڕەشەی سزاكانی ئەمەریكادایە

#عێراق#حەشد#ئەمەریکا#مووچە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • مەیسەم زەیدی، كە فەرماندەی فیرقەی "عەباس" ە لە هێزەكانی حەشدی "عەتەبات" كە یەكێكە لە گروپە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حەشدی شەعبی و ساڵی 2022 دروستبووە، بەهۆی نزیكیی لە دامەزراوەی ئاینی لە نەجەف بە "سەربەخۆ" لە گروپەكانی دیكە ناودەبرێت، بۆ یەكەمجار باس لە كێشەی دواكەوتنی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دەكات.
Primary Asset

وێنەی ئەرشیفی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆك ئەركانی دەستەكە

سبەی

بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبی كە نزیكە لە مەرجەعیەتی ئاینیی لە نەجەف، ئاشكرایكردووە، بەهۆی سزای ئەمەریكاوە مووچەی حەشدی شەعبی دواكەوتووە.

مەیسەم زەیدی، كە فەرماندەی فیرقەی "عەباس" ە لە هێزەكانی حەشدی "عەتەبات" كە یەكێكە لە گروپە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حەشدی شەعبی و ساڵی 2022 دروستبووە، بەهۆی نزیكیی لە دامەزراوەی ئاینی لە نەجەف بە "سەربەخۆ" لە گروپەكانی دیكە ناودەبرێت، بۆ یەكەمجار باس لە كێشەی دواكەوتنی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دەكات.

زەیدی لە تۆمارێكی دەنگیدا دەڵێت "لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنیان نەگرتووەتەبەر سەبارەت بەوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا سزای ئەو كۆمپانیایانەی داوە كە راسپێردراون بۆ پێدانی مووچەی حەشدی شەعبی".

هۆشدارییەكەی زەیدی دوای ئەوەدێت، مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ مانگی حوزەیران هەفتەیەك دواكەوت و پاشان دابەشكرا.

مەیسەم زەیدی بەوە ناسراوە رەخنەی توند لە بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەگرێت، دەڵێت "بانكی فیدراڵی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، حەشدی شەعبی و بانكی رافیدەینیان ئاگاداركردووەتەوە كە پێویستە ئەو كۆمپانیایە رابگرن كە راسپێردراوە بە دابەشكردنی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی".

هەرچەندە زەیدی ئاماژەی بە سروشتی ئەو كۆمپانیایە نەكرد، كە مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دابەش دەكات و بۆچی ئەمەریكیەكان نەیاری بوونی ئەو كۆمپانیایەن، بەڵام جەختیكردەوە "مووچەكان پارێزراون" و كێشەكە "تەنها لە شێوازی دابەشكردنیدایە".

زەیدی ئاماژەی بەوەشدا، كێشەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئیدارەی دارایی دەستەی حەشدی شەعبی، داواشی لێكردن "بەشێوەیەكی دروست كاربكەن بۆ چارەسەری كێشەكە" باوەڕیشی وابوو رێگەیەكی دیكە هەیە بۆ خەرجكردنی مووچەكە.

زەیدی باسی ئەو رێگەیەی نەكرد كە دەتوانن بەهۆیەوە خۆیان بەدوور بگرن لە سزاكانی ئەمەریكا، بەڵام ئیدارەی حەشدی شەعبی تۆمەتبار كرد بەوەی "سەركەوتوو نەبوون لە تەوتین كردنی مووچەی حەشدی شەعبی". وەك ئەوەی لە فەرمانگەكانی دیكەی دەوڵەت هەیە.

ناوی وەهمی لە لیستی مووچەی حەشد

پێویستە لەسەر فەرمانبەرانی عێراق مووچەكانیان "تەوتین" بكەن، بەمانای ئەوەی هەژمارێكی متمانەپێكراو بكەنەوە لە بانكێك و مووچەكەیان مانگانە بۆ دەكرێتەسەر هەژمارەكەیان، ئەمەش لە رێگەی وەزارەتی دارایی و بانكەكانەوە دەكرێت، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاماژە بەوەدەكەن "فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دەستی دەستی دەكەن بە پرسی تەوتینەوە چونكە ناوی وەهمی هەیە لە لیستی مووچەكانیاندا".

"سەرجەم هێزە ئەمنیەكان بە رێگەی تەوتین مووچە وەردەگرن، زانیاریی لەبارەی ئەندامەكان و پلەكەیان هەیە، تەنها ئەندامانی حەشدی شەعبی نەبێت". ئەمەش بەوتەی زەیدی.

بەڵام زەیدی بڕوای وایە پێویستە بانكی ناوەندی عێراق دەستێوەردان بكات بۆ چارەسەری كێشەكە، بەوەی لە رێگەی سیستمێكی ئەلكترۆنی تایبەت و لەكاتی خۆیدا مووچە بە حەشدی شەعبی بدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "پێویستە عێراق سەروەری بەسەر مووچەكەیەوە هەبێت، نەك لایەنی دەرەكیی چاودێر بێت بەسەریەوە".

گومانەكان لەسەر حەشدی شەعبی

پێشتر پرسی مووچە و بودجەی حەشدی شەعبی زۆری لەبارەوە وتراوە، دیارترینیان لەلایەن سوجاد سالم بووە كە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، پێش مانگێك لێدوانێكیدا و رەخنەی لە شێوازی دابینكردنی دارایی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی گرت و وتی "نزیكەی سێ ترلیۆن دیناریان پێدەدرێت (نزیكەی دوو ملیار دۆلار) بەبێ ئەوەی لایەنی چاودێر هەبێت بەسەریانەوە".

ئەوەی گومانەكانی زیاتركردووە، كوشتنی قاسم زوبەیدی بوو لە هاوینی 2018 كە بەرپرسی دارایی بوو لە دەستەی حەشدی شەعبی، هێرشكارەكان ماڵەكەیان لە كەرادەی ناوەڕاستی بەغداد سوتاند و كوشتیان. دواتر هەواڵی ئەوە بڵاوبوەوە كە "رەخنەی لە بەهەدەردان و شێوازی خەرجكردنی پارە گرتووە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی" لە دەستەی حەشدی شەعبی. هەروەها باس لەوەشدەكرێت "هەوڵیداوە ناوی هەزاران كەسی وەهمی ئاشكرا بكات كە لە لیستەكانی حەشدی شەعبیدا بوون و پارەیەكی زۆریان بۆ دەڕوات".

لە عێراق قورسە لەو دۆسیانە بكۆڵرێتەوە كە باس لە شەفافیەتی پەیوەست بە دەستەی حەشدی شەعبی دەكەن، چونكە زۆرێك لە پرسەكانی گەندەڵی بەستراونەتەوە بە پرسی سیاسییەوە، جگە لەوەی زۆرجار دەبێتەهۆی جەمسەرگیری سیاسی.

پێشتر چەند جارێك مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی "عەباس" لە چەند بۆنەیەكدا وتویەتی "گەورەترین پرسی گەندەڵی لە پلە وەزیفیەكانی دەستەی حەشدی شەعبیدایە".

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا زۆرترین قسەو باس لەسەر دووبارە رێكخستنەوەی پێكهاتەی حەشدی شەعبی دەكرا، لەگەڵ تێكەڵكردنی ئەندامانی بە دامەزراوەكانی دیكە، ئەمەش بەوتەی سەرچاوە سیاسیەكان لە خواستی ئەمەریكاوە سەرچاوەی گرتووە بۆ گەمارۆدانی گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران كە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا كاردەكەن.

دووبارە رێكخستنەوە

لە نیسانی رابردوو، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند:"حەشد دووبارە پێویستی بە رێكخستنەوەیە، چونكە لەكاتی شەڕی داعشدا دروستبوو، بەڵام ئێستا پێویستە دامەزراوەیەكی پەیوەست بە دەوڵەت و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بێت".

وتیشی "حەشد پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە و ئاراستەكردن و كۆنترۆڵكردنە، نابێت هیچ كەسێكی وەهمی تێدابێت". ئەمەش یەكەم دانپێدانانی بەرپرسێكی باڵای شیعەكانە بە بوونی ناوی وەهمی لە حەشدی شەعبیدا كە لە راستیدا ئەو كەسانە بوونیان نییە و مووچەكانیان كەسانی دەستڕۆیشتوو وەریدەگرن.

زەیدی باسی رووداوێكی سەیر دەكات، رەخنە لە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی دەگرێت كە یەكێك لە ئەندامانی حەشدی شەعبی زیندانیكردووە، "هۆكارەكەی ئەوە بووە كە داوای لێكردووە 10 كارتی دەنگدانی بۆ بهێنێت بەڵام نەیهێناوە". ئەمەش وەك ئامادەكاریی لایەنێكی ناو دەستەكە بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

زەیدی باس لە یەکێک لە ئەندامانی دیکەی حەشدی شەعبی دەکات، دەڵێت " ئەندامێکی حەشد یەکێک لە مامەکانی بەشدار بووە لە خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە ساڵی 2019، بەهۆی ئەوەوە زیندانی کراوە ".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی