وێنە: gazeteoksijen
سبەی
دکتۆر تریشا پەسڕیچا لە گوتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوکراوەتەوە، سەرنجی خستوەتە سەر کاریگەرییەکانی دەست خستنە ناو دەستی یەک لەسەر مێشکی مرۆڤ.
پەسڕیچا دەڵێت، کاتێک دوو هاوسەر دەست دەخەنە ناو دەستی یەکترەوە، کاریگەری زۆر دەکاتە سەر هەستەکانیان. ئەمەیش ڕۆڵی دەبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی ئازار و سترێس.
لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لە 2021 ئەنجام دراوە، دەرکەوتوە ئەوانەی دەست دەخەنە ناو دەستی هاوسەرەکانیان لە کاتی سەیرکردنی فیلمی ترسناکدا ئارام دەبنەوە. ئەم جوڵە سادەیە، دەتوانێت کاریگەری سەر کۆئەندامەدەماری خۆکار سنوردار بکات کە چالاکییە جەستەیییە نەستییەکانی وەک گەورەبونی بیبیلەی چاو بە هۆی سترێسەوە ڕێک دەخات.
کاتێک مرۆڤ هەست دەکات لەژێر مەترسیدایە، بە دەست خستنە ناو دەستی هاوسەرەکەی ئەو بەشانەی مێشکی ئارام دەبنەوە کە بەرپرسیارن لە کاردانەوە هەستی و ئاگایییەکان.
دەرونناسی کلینیکیی لە زانکۆی ڤێرجینیا، جەیمس کاون و تیمەکەی چەند تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر کاریگەری دەست خستنە ناو دەستی یەکتر ئەنجام داوە.
دەست خستنە ناو دەستی یەکتر سترێس کەمدەکاتەوە
لە بەشی یەکەمی تاقیکردنەوەکەدا بە بەکارهێنانی ئامێری وێنەگرتنی زریکەی موگناتیسی MRI، تاقیکردنەوە لەسەر 16 ژن کرا و دوچاری مەترسیی بەرکەوتن بە تەزوی کارەبا کرانەوە. لە ئەنجامدا دەرکەوت کاتێک ئەو ژنانە دەستیان لەنێو دەستی پیاوێکی بێگانەدا بوە سترێسیان کەم بوەتەوە، بەڵام کاتێک دەستیان لە نێو دەستی هاوسەرەکانیاندا بوە، سترێسەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر کەمی کردوە.
لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتوە جۆری پەیوەندییەکانیش کاریگەری زیاتری کردوەتەسەر دەست خستنە ناو دەستی یەکتر. بە جۆرێک کە ئەوانەی هاوسەری یەکترن زۆرترین سود لە دەست خستنە ناو دەستی یەکتر دەبینن. دواتر تاقیکردنەوەی هاوشێوە لەسەر بەشێک لەوانە کراوە کە تەنها هاوڕێن یاخود پەیوەندیی سۆزدارییان هەیە. دەرکەوتوە دەست خستنە ناو دەستی یەکتر، لەوانیشدا سترێسی کەم کردوەتەوە.
جەیمس کاون ئاماژە بەوە دەدات کە وا دەردەکەوێت دەست خستنە ناو دەستی یەکتر یارمەتیدەری مێشک دەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سترێس و دەڵێت: "کە لە کاتێکی ناخۆشدا دەست دەخەیتە ناو دەستی خۆشەویستێکت، وا هەست دەکەیت خەمی خۆتی لەگەڵدا بەش دەکەی".
لە 2009 توێژینەوەیەک لەسەر 248 کەس ئەنجامدرا کە هاوسەری یەکدی بون. لە کاتێکدا چاوەکانی یەکێک لە بەشداربوان دەبەسترا، داوای لێ دەکرا تەنها لە ڕێگای بەرکەوتنەوە هەستی خۆی بگەیەنێت بە بەرامبەر. بەشداربوان بەبێ بیستن و بینینی کەسی بەرامبەر هەستەکانی وەک سوپاسگوزاری، ڕقلێبونەوە، دڵخۆشی و ترسیان تیادا دەناسییەوە. لە توێژینەوەیەکیشدا کە زانکۆی لەندەن ئەنجامی داوە، بەشداربوان بەبێ بینینی ڕوخسار و تەنها بە سەیرکردنی دەستەکانی کەسی بەرامبەر، توانیویانە بە دروستی هەستەکانی ئەو بناسنەوە.