رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ / سەنتەری میترۆ
سبەی
سەنتەری میترۆ بە بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ڕازی نییە و سورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە ڕێکخستنی کاری میدیایی. ڕێکخەری سەنتەرەکەش دەڵێت، ناوەڕۆکی هەندێک بڕگەی ڕێنمایی ژمارە1ـی ساڵی 2023، پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای كاری رۆژنامەگەری ههرێمی كوردستانە.
ڕۆژی 15ـی شوباتی 2024، ئامانج رهحیم، سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەیانی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەرکردوە و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە 314 لە ڕێکەوتی 28ـی 1ـی 2024 بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە ڕێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، كه پێشتر لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە 305 لە ڕێکەوتی بڵاوکرابووەوە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، لە 1ـی شوباتی 2024ـەوە کارکردن بە یاساکە ڕادەگیرێت و کاری پێناکرێت. هەرچەندە ئامانج رهحیم وێنەیەکی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکردوەتەوە کە تێدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، لەبری کارکردن بە ڕێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی کار بە ڕێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی تایبەت بە ڕێکخستنی فرینکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەزارەتی داد و فەرمانگەی میدیا و زانیاری ژمارە 314ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستانی بڵاونەکردوەتەوە.
دەقی بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری / لە پەیجی ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
سەنتەری میترۆ بە بەیانەکە ڕازی نییە
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لەسەر بەیانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە "سبەی"، ڕاگەیاند،" پێویستە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان کاتێک نوسراوێک بڵاودەکەنەوە، واتای تەواو بگەیەنێت تا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ نەکرێت، بەڵام بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بڵاویکردوەتەوە خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت".
ئەو دێڕەی سەنتەری میترۆی نیگەران کردووە، تایبەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی وادەیەک بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە ڕێنماییەکە وەک ئاماژەی بۆ کراوە لە 1ـی شوباتی ئەمساڵەوە کار بە ڕێنماییەکە ناکرێت.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ وتی" ئەو نوسراوە گومانی ئەوەی دروستکردووە، بۆ ڕاواندنەوەی نیگەرانییەکان ماوەیەک کارکردن بە یاساکە ڕاگبیرێت بەڵام دواتر کارا بکرێتەوە، ئێمەش بەوە ڕازی نین و دەمانەوێت ڕێنماییەکە هەڵبوەشێتەوە".
ڕەحمان غەریب بۆ هۆکاری سوربونیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، "ئەوەی لە پەرلەمان دەكرێت بەیاسا، نابێت بەرێنمایی لەرۆژنامەنوس و دەزگاكانی میدیا زەوتبكرێت بەڵام لە هەندێك بڕگەدا رێنمایی ژماره 1 دژ بەمادەكانی یاسای رۆژنامەگەرییە".
سەنتەری میترۆ وەک خۆیان دوپاتیدەکەنەوە، هەمو بڕگەیەكی رێنمایی و بڕیارێكی وەزاری بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتدەكەنەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای كاری رۆژنامەگەری ههرێمی كوردستان بێت.
رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە ڕێکخستنی کاری میدیایی
رێنمایی ژماره 1ـی ساڵی 2023 تایبهت بهكاری میدیایی له ههرێمی كوردستان كه لهڕۆژی 22ـی ئایاری 2023 لهلایهن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپشكی یەكێتی دهركراوه، لهژماره 305ـی ڕۆژنامهی وهقایعی كوردستان بڵاوكراوهتهوە.
رێنماییهكه كه له 17 مادده پێكهاتووه، لەماددەی 8ـی رێنماییەكەدا هاتووه، "لهكاتی دروستبونی كێشه و گرفتهكان و پهنبردنه بهر یاساو دهسهڵاتی دادوهریی، ئەم سیستهم و رێنماییە هاوشان لەگەڵ یاسای رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان و ئهحكامهكانی تری گشتی، دەبنە پێوەرێك بۆ بڕیاردان لەو پرسانەی كە دەچنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری.
بهپێی ئهم ماددهیه، ئەم رێنماییە و "ئهحكامهكانی تری گشتی" لەپاڵ یاسای رۆژنامەگەریی لەدادگاكانی هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت و بڕیاری پێدەدرێت.
ئەم ڕێنماییە لەگەڵ بڵاوکردنەوەیەدا نیگهرانی بهشێك لهڕۆژنامهنوسان و كهناڵهكانی ڕاگهیاندنی لێكهوتەوە و به ههوڵێك بۆ بهرتهسككردنهوهی ئازادیكاری ڕۆژنامهوانی لە هەرێمی کوردستان لێکدرایەوە، بۆیە دەیان ڕۆژنامەنوس و دەزگای میدیایی داوای هەڵوەشاندندەوەیان کرد.