وێنە: independent
سبەی
پێشتر چوار جۆری دیکەی ماری ئاناکۆندا دۆزرابونەوە کە گەورەترینیان ئاناکۆندای سەوزە و لە ڕوبەرە ئاوییە بچوکەکان و ناوچە کەمەرەیییەکانی وەک دەوروبەری ڕوبارەکانی ئێسەکیوبۆ، ئۆرینۆکۆ و ئامازۆن لە ئەمەریکای باشور دەژی.
ئەم جۆرە ئاناکۆندانە کە لە ناوچە ئاوییەکان و ڕوبارەکانی ئەمەریکای باشوردا دەبیندرێن، بەوە دەناسرێن کە ئێجگار خێران و لە کاتی پەلامارداندا هەر چواردەوری نێچیرەکانیان دەگرن، دەیانخکێنن و دەتوانن بە تەواویش قوتیان بدەن.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە چەندین ساڵی خایاندوە، دەرکەوتوە ئاناکۆندا سەوزەکان لە ڕوی بۆماوەوە دوو جۆری جیاوازن.
توێژەران کە بەمەبەستی توێژینەوەکە کاریان لەگەڵ خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی وارانی کردوە ژمارەیەک نمونەیان لە ئاناکۆندا سەوزەکانی باکور (Eunectes akayima) وەرگرتوە لە ناوچەی بامەنۆ لە خاکی وارانییەکان لە دارستانەکانی ئەمازۆن لە ئێکوادۆر و لێیان کۆڵیونەتەوە.
ئەم جۆرە مارەی ئاناکۆندا لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ بەرنامەی Disney+ series Pole to Pole with Will Smith لە کەناڵی National Geographic بیندراوە.
کاتێک زانایان بە بەلەم لە سیستەمی ڕوباری ئەمازۆندا بەرەوپێش چون، دیمەنی چەند مارێکی ئەم جۆرە نوێیەی ئاناکۆندایان تۆمار کرد کە لە "بۆسەدا بون و چاوەڕێی هاتنی نێچیرەکانیان دەکرد".
نوسەری هاوبەشی توێژینەوەکەی زانکۆی کینوزلەند، برایان فرای لەمبارەیەوە دەڵێت: "قەبارەی ئەم جۆرە مارە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانە. یەکێک لەو ئاناکۆندا مێیانەی توشی بوین 6.3 مەتر درێژ بوو".
چەند ڕاپۆرتێکیش لەسەر زاری خەڵکی ڕەسەنی وارانی'یەوە ئاماژە بەوە دەدەن ژمارەیەک ئاناکۆندایای دیکە هەن کە 7.5 مەتر درێژ و کێشیان 500 کیلۆگرامە.
وێنە: independent
دۆزینەوەی ئەم جۆرە نوێیەی ئاناکۆندا لە گۆڤاری زانستیی Diversity بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە کە نزیکەی 10 ملیۆن ساڵ لە ئاناکۆندای سەوزی باشور -پێشتر دۆزراوەتەوە- جیا بوەتەوە و بە ڕێژەی لە سەدا 5.5 لە ڕوی بۆماوەوە لە ئاناکۆندای سەوزی باشور جیاوازە.
ئاناکۆنداکان هاوسەنگیی سیستەمی ژینگە ڕادەگرن
توێژەران جەختیان لەوە کردوەتەوە پاراستنی ئاناکۆنداکان ئێجگار گرنگە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی سیستەمی ژینگەیی.
زانایان ئاماژە بەوە دەدەن بونی ئاناکۆنداکان بە واتای مانەوەی سەرچاوەی زۆری خۆراک و ئاوی پاک دێت و کەمبونەوەی ژمارەی ئەوانیش کێشە بۆ ژینگە دروست دەکات.
لەمبارەیەوە توێژەران لە گۆڤاری زانستیی The Conversationدا نوسیویانە: "بۆیە گرنگە بزاندرێت چەند جۆری ئاناکۆندا هەیە و چاودێری ژمارەکانیان بکرێت".
بە هۆی پیسبونی چڕی کانزاکان لە ئاکامی دابەشکردنی پارچە زەوییەکان بە هۆی بە پیشەسازیبونی کشتوکاڵ، سوتانی دارستانەکان، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا و دەرهێنانی نەوت، مەترسی لەسەر ژیانی ئاناکۆنداکان زیاتر بوە.
دکتۆر فرای بە پێویستی دەزانێت بە پەلە دەست بکرێت بە توێژینەوە لەوەی کە داخۆ مادە پێترۆکیمیایییەکان کە لە ئاکامی لێچونی نەوتەوە سەرچاوە دەگرن، چۆن چۆنی کاریگەری دەکەنە سەر زاوزێی ئەم جۆرە مارە دەگمەنە.