وێنە: yeditepehastaneleri
سبەی
تیمێک لە تاقیگەی کۆڵد سپرینگ هاربەر لە نیویۆرک بۆیان دەرکەوتوە قەلەقی و سترێسی درێژخایەن دەبێتە هۆی دروستبونی تۆڕە پێکەوەنوساوەکان لەلایەن خڕۆکە سپییەکانەوە و ئەمەیش، ڕێگە خۆش دەکات بۆ خانە شێرپەنجەیییەکان شانەکان بتەننەوە.
توێژینەوەکە لەسەر ئەو مشکانە کراوە کە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە. دەرکەوتوە کاتێک مشکەکان خراونەتە ژێر سترێس مەترسی دوچاربونیان بە تەشەنەسەندنی شێرپەنجە دوو بۆ چوار هێندە زیادی کردوە.
هەرچەند لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە سترێس دەبێتە هۆی تەشەنەسەندی شێرپەنجە، بەڵام نەیسەلماندوە کە ستێرس لە قۆناغی یەکەمدا ڕێگەخۆش دەکات بۆ دروستبونی گرێ.
سترێس کۆئەندامی بەرگریی لەش لاواز دەکات
سترێس هاوکات گوشاریش دەخاتە سەر کۆئەندامی بەرگریی لەش و کارئاسانی دەکات بۆ تەشەنەسەندنی خانە شێرپەنجەیییەکانی سییەکان.
توێژینەوە لەسەر ژمارەیەک لەو مشکانە کرا کە گرێی سنگیان هەیە و شێرپەنجە لە سیییەکانیاندا تەشەنەی سەندوە. دواتر مشکەکان بەسەر دوو گروپدا دابەش کراون کە سترێسی گروپێکیان کۆنترۆڵ کراوە و گروپەکەی دیکەیش لەژێر سترێسدا بون.
ئەو گروپەی خرابونە ژێر سترێس بەردەوام لەژێر تیشکی درەوشاوەدا بون، لە قەفەسی خواردا جێگیر کران، دەنگی بەرزیان دەبیست و لە خۆراک بێبەش کرابون. دەرکەوت ئەوان بە بەراورد لەگەڵ گروپەکەی دیکەدا گرێ شێرپەنجەیییەکانیان تەشەنەی سەندوە و گەیشتوە بە سییەکانیان.
نوسەری هاوبەشی توێژینەوەکە دکتۆر مەکیڵا ئێگەبڵاد دەڵێت: "لەو مشکانەدا بە شێوەیەکی ترسناک بەرزبونەوەی ڕێژەی برینی ڕاگوێزەری نەخۆشیم بینی کە ڕێژەکە تاکوو چوار هێندە زیادی کردوە".
"سترێس دەبێتە هۆی دروستبونی برین لە سییەکان"
سترێس وەک چۆن دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ژمارەی خانەکانی T و خانەی بکوژە سروشتییەکان (NK) کە خانەی کۆئەندامی بەرگریی لەشن، هەروەها ژمارەی ئەو خڕۆکە سپییانەیش زیاد دەکات کە دەچنە ناو سوڕی خوێن و گرێیەکان.
هەروەها دەرکەوتوە کۆرتیکۆستێرۆن کە هۆرمۆنی سترێسە بوەتە هۆی تەشەنەسەندی شێرپەنجە و دروستبونی برین لە سییەکانی مشەکاکاندا.
جگە لەوانەیش سترێس دەبێتە هۆی زیاتر کەڵەکەبونی پرۆتینی فایبرۆنێکتن. ئەم پڕۆتینەیش خانەکانی T -کە لە دۆخی ئاساییدا گوشار دەخەنە سەر تەشەنەسەندنی شێرپەنجە- کەم دەکاتەوە و ڕێگەخۆش دەکات بۆ بڵاوبونەوەی خانەکانی گرێ.
وردەکارییەکانی توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی Cancer Cell بڵاو کراونەتەوە.