دوای ١٣ ساڵ؛ میسر و تورکیا مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانیان لە دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکەنەوە

#میسر#تورکیا#دەریای ناوەڕاست
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • میسر و تورکیا لەم مانگەدا مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی "دەریای دۆستایەتی" لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکەنەوە، ئەویش دوای وەستانی بۆ ماوەی 13 ساڵ.
  • دوای سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بۆ تورکیا لە 4ی ئەیلولی 2024دا، جەختکرایەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان، مەشقی هاوبەش وهاوکاریکردنی یەکتری لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا.
Primary Asset

سبەی

میسر و تورکیا لەم مانگەدا مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی "دەریای دۆستایەتی" لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکەنەوە، ئەویش دوای وەستانی بۆ ماوەی 13 ساڵ.

زەکی ئەکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، مەشقی تایبەتی دەریایی تورکیا و میسر "دەریای دۆستایەتی" لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە 22 تا 26ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەو مانۆڕانە، کە بۆ یەکەمجار دوای راوەستانی بۆ ماوەی 13 ساڵە بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی هاوبەشی نێوان میسر و تورکیایە.

ئاکتورک  لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەفتانەی وەزارەتی بەرگرغی تورکیا وتوویەتی، مانۆڕەکان بریتی دەبن لە مەشق و راهێنان بە بەشداری هەردوو کەشتی سەربازی تورکیا، TGG Oruç Reis و TGG Gediz، دوو بەلەمی هێرشبەر، TGG Embat و TGG Bora، ژێردەریایی TGG Gürو دوو فڕۆکەی جەنگی F-16، لەگەڵ یەکەکانی هێزی دەریایی میسر.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی مانۆڕەکاندا، هەردوو کەشتیی سەربازی تەحیا میسر و فوئاد زکری کە سەر بە هێزی دەریایی میسرن، سەردانی بەندەری ئەکساز لە مەرمەریس دەکەن.

مانۆڕەکانی "دەریای دۆستایەتی"، مانۆڕی دەریایی هاوبەشی نێوان میسر و تورکیایە، لە ساڵی 2009 لە دەریای ناوەڕاست دەستیپێکرد و ساڵانە بەردەوام بوو، تاوەکو دوای گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە بەهۆی هەڵوێستی تورکیا دوای رووخانی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمین لە میسر لە ساڵی 2013 راگیرا. دوایین مانۆڕەکانیش لە ساڵی 2013 ئەنجامدرا.

دوای سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بۆ تورکیا لە 4ی ئەیلولی 2024دا، جەختکرایەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان، مەشقی هاوبەش وهاوکاریکردنی یەکتری لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا. 

یەکەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی سەربازیی ئاستی باڵاش لە نێوان تورکیا و میسر، لە هەشتی ئایار لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ساڵانە لە ئاستی سەرۆک ئەرکانی سەربازیی گفتوگۆکە ئەنجام بدرێت.

سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر بۆ تورکیا،  یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ستراتیجی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم ئەنجومەنە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ قاهیرە لە 14ی شوباتی 2024 زیندوو بووەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی بوو بۆ میسر دوای 12 ساڵ لە گرژیی سیاسی، دوای شۆڕشی گەلی میسر لە دژی محەمەد مورسی سەرۆکی کۆچکردوو و ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 2013، کە تورکیا پاڵپشتی کرد سەرەڕای ئەوەی قاهیرە ئیخوانەکانی وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" ناساند.

لە میانەی ئەو گفتوگۆیانەی لە سەردانەکەی سیسیدا ئەنجامدرا، هەردوولا خواستی خۆیان بۆ زیادکردنی هاوکاری سەربازی لە بوارە جیاجیاکان لە ماوەی داهاتوودا دووپاتکردەوە، لەوانە هاوکاری لە پیشەسازییەکانی بەرگریی و بەرهەمهێنانی هاوبەش.

لە هەنگاوێکی نوێشدا بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان، میسر و تورکیا، مانگی رابردوو لە قاهیرە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی هاوبەشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر واژۆکرد.

یاداشتنامەکە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری VTOL-UAV دەگرێتەوە، کە لەلایەن کۆمپانیای هاڤڵسانەوە پەرەی پێدراوە، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میسر. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی