ڤیتۆی ئەمەریكا؛ شكستی بە پرۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە هێنا

#ئەنجومەنی ئاسایش#غەززە#ئەمەریکا#ئیسرائیل
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • نوێنەرەكەی ئەمەریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی پڕۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس وەستایەوە، رایگەیاند "ناكرێت ئیسرائیل و حەماس یەكسان بن".
  • ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێگەی "مافی ڤیتۆ" شكستی بە پرۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان هێنا، كە تێیدا داوای راگرتنی جەنگ لە غەززە دەكات لەگەڵ چوونی هاوكاری مرۆیی و ئازادكردنی بارمتەكان.
Primary Asset

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش

سبەی

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێگەی "مافی ڤیتۆ" شكستی بە پرۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان هێنا، كە تێیدا داوای راگرتنی جەنگ لە غەززە دەكات لەگەڵ چوونی هاوكاری مرۆیی و ئازادكردنی بارمتەكان.

نوێنەرەكەی ئەمەریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی پڕۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس وەستایەوە، رایگەیاند "ناكرێت ئیسرائیل و حەماس یەكسان بن".

وتیشی"پێویستە لەسەر حەماس بە زوویی خۆی رادەست بكات و بارمتەكانیش ئازاد بكات".

ئیسرائیل گەمارۆی غەززە دەدات

بڕیارەكەی ئەمەریكا لە ئەنجومەنی ئاسایش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، سوپای ئیسرائیل تا رۆژی شەشی ئۆكتۆبەر بە تەواوەتی گەمارۆی شاری غەززە لە باكوری كەرتی غەززە دەدات، لەبەرامبەردا حەماسیش خۆی بۆ شەڕێكی یەكلاكەرەوە ئامادە دەكات و هێزی خۆی بونیات دەنێتەوە.

رۆژنامەكە پشتبەستن بە بەشی توێژینەوەی هەواڵگریی سەربازی بڵاوی كردوەتەوە، تا رۆژی شەشی ئۆكتۆبەر و یەك رۆژی پێش ساڵیادی هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سوپا بە تەواوەتی گەمارۆی شاری غەززە دەدات، پڕۆسەكەش لە قۆناغی یەكەمدا چۆڵكردنی شارەكەیە لە دانیشتوانەكەی و دواتر گەمارۆدانی بە تەواوەتی و پاشان دەستپێكردنی هەڵمەتی سەربازیی چڕ بۆ دەستبەسەرداگرتنی.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە، كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی شاری غەززە "قەڵای سەرەكیی بزوتنەوەی حەماس" هێشتا دەستی پێنەكردووە، دوای چۆڵكردنی لە دانیشتوانەكەی سەرەتا بە هێرشی قورسی ئاسمانی و مووشەكی دەستیپێكردووە، دواتر هێرشی كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەكرێت ئەو پرۆسەیەش چەند مانگێك بخایەنێت.

یەدیحۆت ئەحرەنوت، بڵاوی كردوەتەوە ووردەكاریی پڕۆسەكە زۆر بە نهێنی بەڕێوەدەچێت. رۆژی چوارشەممە (17ـی ئەیلولی 2025) زانیاریی و ناوەڕۆكی پلانەكە خراوەتە بەردەستی لیژنەی كاروباری دەرەوە و بەرگری كنێست.

سەرچاوەكە پشتبەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی سەربازی بڵاوی كردووەتەوە، مەزەندە دەكرێت لایەنی كەم 7500 چەكداری حەماس و جیهاد (5000 حەماس و 2500 جیهادی ئیسلامی) لەناو شاری غەززەی گەمارۆدراودا بن، كە بەقەڵای بەرگریی حەماس دادەنرێت و پێشبینی دەكرێت سەرجەم بارمتەكانی ئیسرائیل لە تونێلەكانی ئەو شارەدا بن.

بەپێی رۆژنامەكە، حەماس دەستی بە چەكداركردنی خەڵكی نوێ كردووە، بەردەوامە لە هەڵكەندن و لێدانی تونێلی نوێ، لێكۆڵینەوە لە شەڕەكانی پێشووی دەكات، تەقەمەنی نوێ ئامادە دەكات و خۆی بۆ شەڕێكی قورس و یەكلاكەرەوە ئامادە دەكات لە شاری غەززە و باكوری كەرتی غەززە.

سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە

سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە دەستی بە كێوماڵكردنی شارەكە كردووە. لەگەڵ گەیشتنی سوپای ئیسرائیل بۆ شارەكە، هەزاران كەس لە دانیشتوانی غەززە لە هەوڵدان شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەرچوون لە شارەكە ئەستەم بووە.

رۆژی سێشەممە (16ـی ئەیلوولی 2025)، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رۆشتنە ناو شاری غەززە راگەیاند.

لەو كاتەوە هەزاران هاوڵاتیی شاری غەززە لە هەوڵدان شارەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگاكانی دەرچوون لە شارەكە گیراون.

ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتوانی شاری غەززەی كردەوە شارەكە بەجێبهێڵن 

هەرچەندە لە (9ـی ئەیلوولی 2025)ـەوە ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتوانی شاری غەززەی كردەوە شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی بە دەم بانگەوازەكەی ئیسرائیلەوە نەچوون، ئێستا بە شێوەیەكی ئەستەم و بە پارەیەكی زۆر شارەكەیان بەجێدەهێڵن.

هەرچەندە هێشتا سەدان هەزار ‌‌هاوڵاتیی لە شارەكە گیریان خواردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی باڵەخانە و تونێلەكانی حەماس.

بەپێی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل 50 ئامانجیان لە شارەكە پێكاوە، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا كۆی گشتی 140 ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجگیراون.

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی، بەهۆی گران كرێی گواستنەوەوە ژمارەیەك لە دانیشتوانی غەززە ناتوانن شارەكە بەجێبهێڵن.

وەك لە راپۆرتەكەی بی بی سی-دا هاتووە، كرێی بارهەڵگرێكی بچووك بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و ماڵی كەسێك لە شاری غەززەوە بۆ دەرەوەی شارەكە نزیكەی 900 دۆلارە، هەروەها خێمەیەك بۆ چوار كەس بە زیاتر لە 1000 دۆلار دەفرۆشرێت.

بەپێی راپۆرتی رۆژی سێشەممەی سوپای ئیسرائیل، لە كۆی یەك ملیۆن لە دانیشتوانی غەززە، 350 هەزار كەس شارەكەیان جێهێشتووە و نزیكەی 650 هەزار كەس لە شارەكەدا ماون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی