وڵاتانی عەرەبیی كەنداو بۆ ترەمپ: كاتی هەڵبژاردنە، ئێمە یان ئیسرائیل؟

#وڵاتانی کەنداو#ئەمەریکا#ئیسرائیل#روسیا#چین
2 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • ماڵپەرێكی بەریتانی شیكاری بۆ هەڵوێستی وڵاتانی كەنداوی عەرەبیی كردووە، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئەو وڵاتانە ئامرازی سنورداریان هەیە بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی نەتەنیاهۆ و هەربۆیە هیوادارن فشار بخەنە سەر نزیكترین هاوپەیمانەكەیان كە ئەمەریكایە.
  • وڵاتانی عەرەبیی كەنداو بەنیازن ئەمەریكا لە نێوان دوو بژاردەدا یەكلایی بكاتەوە: درێژەدان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوڵەمەندی عەرەبی یان بێ مەرج لایەنگری نەتەنیاهۆ كە تەنانەت لەناو ئیسرائیلیشدا ڕەخنەی لێدەگیرێت.
Primary Asset

ئەمیری قەتەر لە پێشوازی ترەمپ

سبەی

ماڵپەرێكی بەریتانی شیكاری بۆ هەڵوێستی وڵاتانی كەنداوی عەرەبیی كردووە، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئەو وڵاتانە ئامرازی سنورداریان هەیە بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی نەتەنیاهۆ و هەربۆیە هیوادارن فشار بخەنە سەر نزیكترین هاوپەیمانەكەیان كە ئەمەریكایە.

ماڵپەڕی ئێكۆنۆمیستی بەریتانی لە راپۆرتێكی شیكاریدا بە ئاماژەدان بە قسەكانی مەسعوود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، كە ئیدانەی پێشێلكردنی سەروەری قەتەر لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكات  دەڵێت" ئێران چەند مانگێك لەمەوبەر لە نزیك بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە قەتەر هێرشی ئەنجامداوە ئەوەش جۆرێك دژایەتی لە نێوان قسە و كردەوەكانی ئێران دەسەلمێنێت، هاوكات كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بە ئامانجی دەربڕینی پشتیوانی لە قەتەر بێ دژایەتی نەبووە".

بەگوێرەی ماڵپەرەكە سەرەڕای ئەم دژایەتیانە، لوتكەی دەوحە پشتیوانییەكی بەرفراوانی بۆ قەتەر دەرخستووە و  هەموو بەشداربووان یەكدەنگ بوون لە ئیدانەكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل، بەڵام لەسەر بڕیارێك بۆ كاردانەوەی كردەوەیی لەبەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل هاورا نەبووك بۆ نموونە ئێران دەیەوێت "ناتۆی ئیسلامی" دروست بكات، پێشنیارێك كە بەهۆی نیگەرانییەكان لە هەژمۆنی ئێران لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبیەوە بە جددی وەرناگیرێت.

لە لایەكی دیكەوە قەتەر بە تەنحا توانای وەڵامدانەوەی سەربازیی یان گوشاری ئابووری بۆ سەر ئیسرائیل نییە، بەگوێرەی لێكدانەوەكانی ڕۆژنامەی ئیكۆنۆمیست، قەتەر زیاتر پەنا بۆ ڕێوشوێنی ڕەمزی وەك ئیدانەكردن لە ئەنجومەنی ئاسایش یان ڕەوانەكردنی بابەتەكە بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی دەبات.

كاردانەوەی سنوورداری وڵاتانی عەرەبی

ئیمارات لەبەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕێوشوێنی سنوورداری گرتووەتەبەر، وەك بانگهێشتكردنی دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیلی و قەدەغەكردنی كۆمپانیا ئیسرائیلییەكان لە پێشانگای ئاسمانی دوبەی، بەڵام هیچ مەیلێكی بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تەلئەبیب نیشان نەداوە، هەروەها پێشنیا.ەكانی وەك داخستنی ئاسمانی بەڕووی فڕۆكە ئیسرائیلییەكاندا جێگەی خۆیان لە بەیاننامەی كۆتاییدا نەدۆزیەوە.

بەشێك لە شرۆڤەكارانی ڕۆژئاوا لوتكەكەیان بە تەنها نمایشێك زانیوە، بەڵام دیپلۆماتكارانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی پێیان وایە هێرش بۆ سەر قەتەر هەڕەشە بووە بۆ سەر ئاسایشی بەكۆمەڵیان.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیكۆنۆمیست، كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە دەوڵەتە عەرەبییەكان ئامرازی سنورداریان هەیە بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش هیوادارن بتوانن فشار بخەنە سەر نزیكترین هاوپەیمانەكەیان كە ئەمەریكایە.

مەترسی كڕینی چەك لە ڕوسیا یان چین

بۆ دەیان ساڵە پەیوەندی ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو (قەتەر، سعودیە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، كوەیت، عوممان و بەحرەین) لەسەر بنەمای گرێبەستێكی سادە بووە: ئەمەریكا گەرەنتی ئاسایشیان بۆ دابین دەكات ، لە بەرانبەردا ئەم وڵاتانە ئەو نەوت و گازەیان دابینكردووە كە ئەمەریكا پێویستی پێی بووە و سەرمایەگوزارییەكی زەبەلاحیان لە ئەمەریكا بەتایبەت لە بواری كرینی چەك و تەقەمەنی ئەنجامداوە.

بە بۆچوونی ئێكۆنۆمیست، دوای ئەوەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر سعودیە لە ساڵی ٢٠١٩ و ئیمارات لە ساڵی ٢٠٢٢ وەڵامی جددی لەلایەن واشنتۆنەوە بەدەست نەهێنا، متمانەیان بەم پەیوەندییە لاواز بووە و لە ئێستادا دەوڵەتە عەرەبییەكانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو گەرەنتییەكی ڕوونیان دەوێت كە ئیسرائیل جارێكی دیكە هێرش نەكاتە سەر یەكێكیان، تەنانەت بەدوای جۆرێك لە پەیمانی ئەمنی فەرمیتر لەگەڵ ئەمەریكادا دەگەڕێن.

شیكارییەكە دەشڵێت" ئەگەر ئەمەریكا گەرەنتییەكی لەو شێوەیە قبوڵ نەكات، ئەوا ئەم وڵاتانە هێڵی كاریگەرییان هەیە بۆ فشارخستنە سەر واشنتۆن، بەڵام بەكارهێنانیان قورس دەبێت."

مەترسی كڕینی چەك لە ڕوسیا یان چین كێشەی تەكنیكی جددی و مەترسی سیاسی دروست دەكات، بەڵام مەیلی كڕین لە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا یان پەرەپێدانی پیشەسازییە ناوخۆییەكانی چەك لە زیادبووندایە.

لە بواری ئابووریشدا دەتوانن سەرمایەگوزارییەكانیان لە ئەمەریكا كەم بكەنەوە، هەرچەندە ئەمە لەسەر حیسابی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی ناوخۆیی دەبێت.

دوای دوو ساڵ لە شەڕ، دەوڵەتانی عەرەبی كەنداو لە دۆخی غەززە توڕەن، نیگەرانیشن لە سیاسەتەكانی ئیسرائیل لە سوریا و ترسیان هەیە لە ئەگەری ململانێ توندتری ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.

وڵاتانی عەرەبیی كەنداو بەنیازن ئەمەریكا لە نێوان دوو بژاردەدا یەكلایی بكاتەوە: درێژەدان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوڵەمەندی عەرەبی یان بێ مەرج لایەنگری نەتەنیاهۆ كە تەنانەت لەناو ئیسرائیلیشدا ڕەخنەی لێدەگیرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی