ترەمپ و نەتەنیاهۆ
سبەی
دوای بۆردومانکردنی دەوحە و بە ئامانجگرتنی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "بەشێوەیەکی سەیر مامەڵە دەکات". ئەوەی لەبارەی "بێزاری" ترەمپەوە لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وترا، پرسیارێکی راستەقینە دەخاتەڕوو"ئایا هەرگیز ئەوەندە توڕە دەبێت، کە بتوانێت شتێک لەو بارەیەوە بکات؟"
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی سەبارەت بەو شتانەی کە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا (ترەمپ و نەتەنیاهۆ) روودەدەن بڵاوکردۆتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ لە چەند هەفتەی رابردوودا بە چەند یاریدەدەرێکی وتووە، کە نەتەنیاهۆ پێی باشترە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردنی حەماس بە تەسلیمبوون، بەڵام ئەو رێگەی دانوستاندنی پێ باشترە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات، بێزاری ترەمپ دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل، کە دانوستانکارانی حەماسی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، گەیشتە لوتکە.
ترەمپ؛ لە نێوان بێمانایی و سەرلێشێواویدا
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، گوێیان لە ترەمپ بووە، کاتێک لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانیدا قسەی کردووە، لەنێویاندا مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە کە سەبارەت بە نەتەنیاهۆ دەیوت، "ئەو یاریم لەگەڵ دەکات ".
بەڵام بۆچی ترەمپ بەردەوام رێگە بە نەتەنیاهۆ دەدات بە پێچەوانەی خواستەکانی مامەڵە بکات؟
شالۆم لیپنەر، کە لە ماوەی چارەک سەدەیەکدا کاری لەگەڵ حەوت سەرۆک وەزیرانی یەک لە دوای یەکی ئیسرائیل کردووە و ئێستا لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی کاردەکات (دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەیە لە واشنتن)، دەڵێت: "ئەمە جێی سەرسوڕمانە".
لیپنەر بڕوای وایە: بە مامەڵە و جوڵەکانی، ناتانیاهۆ جەنگی غەززەی درێژکردەوە، بەڵام کێشەی بۆ ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستکرد، هاوکات فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئەبراهامی لەڕادەبەدەر قورس کرد.
ئیتامار رابینۆڤیچ، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی کلینتۆن وتی: "ناتانیاهۆ گۆشەگیر بووە و هەڵە دەکات. تاکە شتێک کە بە راستی سوودی بۆی هەیە پشتگیریکردنی ترەمپە."
دەشڵێت: ترەمپ بێدەنگی هەڵبژارد، لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شاری غەززە دەستپێکرد و سەیری کاڵبوونەوەی ئاسۆکانی رێککەوتنی ئاشتی دەکرد، کە زۆر ئارەزووی دەکرد.
پەیوەندییەکی نایاب و هەواڵی ساختە
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل پەیوەندی نێوان نەتەنیاهۆ و ترەمپ بە نایاب وەسف دەکات و هەواڵی بێزاربوونی ترەمپ لە رەفتارەکانی ناتانیاهۆ بە" هەواڵی ساختە" ناودەبات. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی و بەها سەرەکییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە تەواوی یەکدەگرنەوە.
ناتانیاهۆ زۆرجار لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمەریکا لە چەند مانگی رابردوودا، زیاتر لەگەڵ ئەو دەزگایانە بووە، کە لایەنگری ترەمپن، لەوانە فۆکس نیوز، نیوزماکس و ئۆ ئەی ئێن.
لە کاتێکدا پشتیوانی دیموکراتەکان بۆ ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام لە نێو کۆمارییەکان بە بەرزی ماوەتەوە. راپرسییەک کە لە مانگی تەمموزدا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە دوو لەسەر سێی کۆمارییەکان، تێڕوانینێکی ئەرێنیان بەرامبەر بە نەتەنیاهۆ هەیە، بەراورد بە 9%ی دیموکراتەکان.
ئەڤنەر گۆلۆڤ، بەڕێوەبەری باڵای پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکی رێکخراوی ماین ئیسرائیل، کە رێکخراوێکی ئەمنی ئیسرائیلە، وتی: کۆمارییەکان دەیانەوێت چیرۆکی سەرکەوتن لە دژی حەماس ببینن.
باشترین هاوڕێی ئیسرائیل
نەتەنیاهۆ رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ بازنەی ناوەوەی ترەمپدا خۆش بکات. شەممەی رابردوو نەتەنیاهۆ لەگەڵ مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل بەشدارییان لە مەراسیمێکدا کرد بۆ ناونانی سەیرانگایەک لە شاری بات یام، کە بە ناوی ترەمپەوە ناونرا.
لە راستیدا نەتەنیاهۆ پەیوەندییەکی دروستکردووە، کە رێگەی پێدەدات بۆ ماوەیەکی کاتی تووڕەیی ترەمپ کەمبکاتەوە، دەزانێت تووڕەیی ترەمپ بەردەوام نابێت. نەتەنیاهۆ چەندین جار ترەمپی بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل لە کۆشکی سپیدا هەیبووە" وەسف کردووە.
هێرشی قەتەر
دوای هێرشی قەتەر، ترەمپ دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتەنیاهۆ کرد، یەکەمیان ناڕەزایی خۆی دەربڕی و دووەمیان باس لە سەرکەوتنی هێرشەکەی ئیسرائیل کرد. دواتر ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر قسەی کرد و ستایشی قەتەری کرد، کە نێوەندگیری دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات و هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە و میوانداری ئامادەبوونی سەربازی گەورەی ئەمەریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هێرشی قەتەر لە کاتێکی نەگونجاودا بۆ ئەمەریکا هاتە ئاراوە
هەفتەی داهاتوو ترەمپ وتارێک لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات، وتارێک کە چاوەڕوان دەکرێت باس لە هەوڵەکانی ئاشتیخوازی بکات. لە چەند هەفتەی پێش ئەو رووداوە، ئیدارەی ترەمپ نەیتوانی هاوپەیمانانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لە پلانەکانی دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی پاشگەز بکاتەوە، بڕیارێک کە ئەمەریکا دەڵێت رێگری لە هەوڵەکانی ئاشتی دەکات لە رێگەی بەهێزکردنی حەماسەوە.
مایکل ئۆرن، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمەریکا لە سەردەمی نەتەنیاهۆ، دەڵێت، رەنگە گەورەترین کێشە لە هێرشەکەی قەتەردا سەرکەوتنی نەبووبێت. بزووتنەوەکە روونی کردەوە کە ئیسرائیل دانوستانکارە باڵاکانی حەماسی کردۆتە ئامانج، بەڵام شەش نوێنەری ئاستی خوارەوەی کوشتووە.
ئۆرن وتی: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەمان لە دەوحە سەرکەوتوو بووایە، ترەمپ سەرکۆنەی نەدەکرد، چونکە ئەو حەزی لە براوەکانە."هەمان لۆژیک بۆ غەززەش دەگونجێت.