قەڵای شێروانە یەکێک لە دیارترین شوێنەکانی کەلار/ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سبەی
تورکیا کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە سنوری سلێمانی ڕاگەیاند، ئەگەرچی تورکیا بە ڕونی شوێنی ئۆپراسیۆنەکەی ئاشکرا نەکردووە بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوی پەکەکە ئەو کەسە لە بۆردومانەکەی کەلار کوژراوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە ئۆپەراسیۆنێکیدا لە سلێمانی لە باکوری عێراق، هوسنو کومێکی لەچالاکی خست، کە یەکێکە لە بەرپرسانی پەکەکە (ئاژانسەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناساندویەتی) لە سلێمانی و بە شەوگەر ئازاد و ئاراس ناسراوە".
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە،" شەوگەر ئازاد یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی جەمیل بایک و دوران کاڵکان لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵەوە بە تاوانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار داواکراوبوو".
وەک میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردوەتەوە،" شەوگەر ئازاد لەنێو هەواڵگریی پەکەکەیشدا بووە و لە سلێمانی و کەلار ئەرکی راهێنانی کەسانی نزیک لە پەکەکەی راپەڕاندووە.
لەبارەی شوێنی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە، تەنها باس لەوەکراوە، "میت لە پاش دیاریکردنی شوێنی مانەوەی کومێک، لە ئۆپەراسیۆنێکی خاڵدا لە سلێمانی کراوەتە ئامانج".
وێنەی ئەو کەسەی کوژراوە / AA
کەجەکە: شەوگەر ئازاد لە کەلار کراوەتە ئامانج
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لەسەر بە ئامانجگرتنی ئەو ئەندامەیان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەندامی تەڤگەرەکەمان هەڤاڵ شەوگەر لە کەلار شەهید بووە".
لە هەمان ڕاگەیەندراودا کەجەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی هێرشە قڕکەرییەکانی دیکەدایە"
لە کەلار چی ڕویدا؟
ڕۆژی 1ـی ئازاری 2024، عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە سبەی ڕاگەیاند،" بە درۆنێک باڵەخانەیەک لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار بۆردومان کراوە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە".
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ڕوداوەکەوە ئاشکرا نەکرد.
بەپێی زانیارییەکانی سبەی، ئەو باڵەخانەیەی بۆردومان کراوە، بارەگای تەڤگەری ئازادییە بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە ئەوەیان رەتکردەوە و ڕایانگەیاند، "لە ساڵی 2018ـەوە یەکێتی بارەگاکانی داخستوون و هیچ بارەگەیەکیان لە کەلار نەماوە بەڵام بەشێکی دیکەیان ئەو شوێنەیان وەک بارەگای نافەرمی تەڤگەری ئازادی ناساندووە".