ژنان ئەندازیاری ئاشتکردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوون

یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
Primary Asset

تاڵەبانی و بارزانی بە نێوەندگیری مادلین ئۆلبرایت ڕێککەوتنی ئاشتیان واژۆ کرد/ 1998

لە 9 کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 18 جار ژنان پۆستی وەزیرییان پێدراوە، بە درێژایی 32 ساڵی حکومڕانیش هیچ ژنێک پۆستی سەرۆک یان جێگری سەرۆکی حکومەتی وەرنەگرتەوە. یەکێتی و پارتی کە هەمیشە پیاوان کەسی یەکەمیان بوون کەچی ژنان بوونەتە فریادڕەس و ئەندازیاری ئاشتکردنەوەیان.

کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 پێکهێنرا. ئەم کابینەیە لەلایەن فوئاد مەعسوم لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرا. کابینە وزارییەکە 16 وەزیری جیاوازی هەبوو بەڵام تەنها یەک ژن پۆستی وەزیری لەم کابینەیە پێ درا.

لە ساڵی 1992 کافییە سلێمان بووە وەزیری شارەوانی لە پشکی یەکێتی و بووە یەکەم ژنە وەزیر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرئەنجامی خەباتی چەند ساڵەی گەلی کورد بوو لە باشوری کوردستان. 

کابینەی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کابینەی دووەمی حکومەتی کوردستان لە ساڵی 1993 بە سەرۆکایەتی كۆسرەت ڕەسول عەلی پێکهات، ئەم کابینەیە هاوشێوەی کابینەی ڕابردوو تەنها یەک ژن پۆستی وەزیری پێدرا کە ئەویش هەر کافیە سلێمان بوو کە هەمان وەزارەتی پێشوی پێدرایەوە.

کابینەکانی زۆرنی سەوز و زەرد

تەمەنی ئاشتی و یەکگرتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە سێ ساڵی خایاند و لەساڵی 1994 شەڕی براکوژی لە نێوان دوو هێزە پێکهێنەرەکەی حکومەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو ڕویدا. هەولێر و دهۆک بوونە ناوچەی دەسەڵاتی پارتی و سلێمانیش یەکێتی بەڕێوەی دەبرد.

دوو کابینەیی لە هەرێمە سێ پارێزگایەکەی کوردستان 9 ساڵی خایاند، لە ماوەی ئەم 9 ساڵەدا ساڵی 1994 تا 2005 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر(پارتی) 2 ژن پۆستی وەزیرییان وەرگرت. لە حکومەتی هەرێمی کورستان لە سلێمانیش(یەکێتی) 6 ژن بونە وەزیر. 

ژنێک یەکێتی و پارتی ئاشت کردەوە

مادلین ئۆلبرایت وەزیری پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ساڵی 1998 بووە ئه‌ندازیاری رێككه‌وتنی واشنتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.

مادلین ئۆلبرایت ساڵی 1938 لە وڵاتی چیك لە بنەماڵەیەك جوولەكە لەدایكبووە، بەڵام خۆی مەسیحی بوو. مامۆستا بووە لە زانكۆی جۆرج تاون و دەرچووی بەشی یاسا بوو لە زانكۆی كۆلۆمبیا.دوای ئەوەی وڵاتەكەیان لەلایەن ئەڵمانەوە لە جەنگی جیهانی دووەم داگیر دەكرێت ناچار وەك پەنابەر ڕوو دەكاتە ئەمەریكا و لە ساڵی 1957 دەبێتە هاوڵاتی ئەمریكی. 

ئەم ژنە لەساڵی 1996 بووە یەکەم ژن لە مێژوی ئەمەریکا کە پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرت بێت. دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی ئەو پۆستە توانی لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوێکی دیار دوای ئەوەی کۆتایی بە شەڕی یەکێتی و پارتی هێنا و لە ساڵی 1998 ڕێککەوتنی واشنتنی بە جەلال تاڵەبانی (مام جەلال)سکرتێری یەکێتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی واژۆ کرد. بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە شەڕی براکوژی لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ساڵی 2005 کابینە دابەشبوەکانی سلێمانی و هەولێر لە ژێر یەک ناو کۆکرانەوە. 

ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر دەستی ژنێکی ئەمەریکی لە کاتێکدا بوو، لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆ تا کۆتایی هاتنی ژنان لە ئاستی تاک و ڕێکخراوەکان هەوڵی گرنگیان دا بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی بەڵام دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە گوێیان لێ نەگرتن.

کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی پێنجەمی یەکگرتنەوە(وەزیری ژن بەبێ وەزارەت)

ساڵی 2005 کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پارتییەوە پێکهات و یەک ژن پۆستی وەزیری پێدرا. دواتر کابینەی یەکگرتوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی کابینەی پێنجەم پێکهێنرا کە هەر نێچێرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد.

لەم کابینەدا 46 کەس وەزیر بوون کە زۆرینەیان یان بە کرداری وەزیر نەبوون یان ناونیشانەکەیان وەزیری هەرێم بوو. لە کابینەکەدا لە سەر پشکی پارتی دوو ژن بونە وەزیر. لەسەرەتادا یەکێتی هیچ ژنێکی نەکردە وەزیر بەڵام دواتر لە ژێر ناڕەزایەتییەکاندا یەکێتی ژنێکی کردە وەزیر بەبێ وەزارەت و ناونیشانی وەزیری هەرێمی پێدرا و دواتر ناونیشانەکە گۆڕا بۆ وەزیری هەرێمی بۆ کاروباری ئافرەتان 

کابینەی شەشەم و حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009 بە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح پێکهێنرا. پێگەی ژن لەم کابینەیەشدا هاوشێوەی کابینەکانی ڕابردوو لاواز بوو لەم کابینەدا تەنها یەک ژن لە پشکی یەکێتی بووە وەزیر و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرت.

وەزیرە تاقانەکەی کابینەی شەشەم توانی گۆڕانکاری بۆ ژنان ئەنجام بدات و لە ساڵی 2011 ئەنجومەنی باڵای خانمانی دامەزراند. ئەم ئەنجومەنە لە پێناسەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، کارەکانیان تایبەتە بە کاروباری ژنان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، هەروەها تواناسازی ژنان و کچانیش بەشێکە لە کارەکانیان.

ساڵی 2011 کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتی نێچرڤان بارزانی پێکهێنرا، ئەم کابینە ئاڵوگۆڕی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بوو لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە و چەند وەزیرێکی کابینەکەش گۆڕان بەڵام پێگەی ژنان وەک خۆی بوو کە لەم کابینەیەشدا تەنها وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەمان وەزیرەوە بەردەوام بوو.

کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ساڵی 2014 کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە کابینەی بنکە فراوان دەناسرا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پێکهات. لەم کابینەدا تەنها یەک ژن بووە وەزیر و پۆستی وەزارەتی شارەوانی پێدرا.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا کە تا ئێستا بەردەوامە و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، تەنها سێ ژن پۆستی وەزیرییان وەرگرتووە.

ژنێک یەکێتی گەڕاندوە کابینەی نۆیەم

کۆتاییەکانی ساڵی 2022 کێشە و ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی گەیشتنە لوتکە و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەگەرچی لەسەر ئاستی ناوخۆی چەند هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی تیمی یەکێتی خرانەگەڕ بەڵام سەرکەوت نەبوون.

ڕۆژی 3ـی ئایاری 2023، بەسەرپەرشتی باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شاندێکی پارتی و یەکێتی لە هوتێل ڕۆتانای شاری هەولێر کۆبونەوە. ئەم کۆبونەوەیە بووە هەوێنی ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی و دوای حەوت مانگ یەکێتی ڕۆژی 13ـی ئایار بڕیاریدا بگەڕێتەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

ژنان پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمیان وەرنەگرتووە

بە درێژایی نۆ کابینەی حکومەتی هەرێمی کورستان ڕێژه‌ی ژنان له‌ سه‌رجه‌م سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا (سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت) سفر بووە وهیچ ژنێک ئەو پۆستانەی پێنەدراوە، لە سەرۆکایەتی هەرێمیش رێژەکە بە هەمان شێوە بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی