سبەی
بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەسەر ئاپی تیک تۆک تەنها پاڵنەری سیاسی لە پشتەوە نەبووە، بەڵکو ئەلگۆریتمی تیک تۆک پاڵنەری سەرەکی بووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاپی تیک تۆک بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی دەزانێت، لە کاتێکدا، زیاتر لە 100 ملیۆن هەژماری ئەمەریکی لە تیک تۆکدا هەیە. بەرپرسانی ئەمەریکا گومان لەوە دەکەن “حوکمەتی چین زانیارییە تاکەکەسی و هەستیارەکانی بەکارهێنەرانی ئەو پلاتفۆرمە بدزن”.
کێشە گەورەکە سروشتی ئەلگۆریتمیی تیک تۆکە. بە پێچەوانەی پلاتفۆرمە باوەکانی سۆشیال میدیا کە پشت بە تۆڕەکانی تر دەبەستن، تیک تۆک ئەلگۆریتمێکی ئاڵۆزی بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی ئارەزوی کەسی لەسەر پلاتفۆرمەکە. ئەم سیستەمە توانای تۆمارکردنی ئەو بابەتانەی هەیە کە بەکارهێنەرەکە زۆرترین کات تەماشایکردوە. تیک تۆک دەبێتە هۆی سەرقاڵکردنی بەکارهێنەر بۆ چەندین کاتژمێر، بەهۆی هەبوونی داتای پێویست لەسەر ئارەزو و کاتی تەماشەکردنی بەکارهێنەر.
لە ڕووی زانستییەوە ئەلگۆریتمی تیک تۆک کاریگەری لەسەر مێشک هەیە. دۆپامین، گوازەرەوەیەکی دەمارییە کە پەیوەندی بە چێژ و دڵخۆشییەوە هەیە، کاتێک بابەتێکی چێژبەخش یان وروژێنەر دەبینین، ئەوا مێشک دۆپامین دەردەدات. ئەلگۆریتمەکانی تیک تۆک هانی مێشک دەدەن بۆ دەردانی دۆپامین، هەر بۆیە بەکارهێنەر ماوەیەکی زۆر لەسەر تیک تۆک دەمێنێتەوە.
دکتۆر ئادریانا مانیس لە زانکۆی ڕوتگێرز پێشنیاری ئەوە دەکات فید(Feed)ـە کەسییەکان دەبنە هۆکاری ڕەفتاری بێ ئاگایی. تاکو مێشک بابەتی زیاتر ببینێت لەسەر تیک تۆک، ئەوا زیاتر ئارەزوی مانەوە دەکات لەو دۆخە دەرونییەدا، جەستە و مێشک چاوەڕێی دۆپامینی زیاتر دەکات.
نیگەرانییەکان لەوەوە سەری هەڵداوە ئەگەر ئەلگۆریتمە بەهێزە بەکاربهێنرێت بۆ بە لاڕێلادانی بەکارهێنەران، بەتایبەتی گەنجان، بە ناوەڕۆکی لایەنگری یان زیانبەخش. نیگەرانییەکان لێرەدا کۆتایی نایەت، پرسی ئاسایشی زانیارییە کەسییەکان بابەتێکی ترە. ئەگەر زانیاری کەسی وەک، خوو و ئارەزوەکانی بەکارهێنەر، بکەوێتە دەستێکی ڕەشەوە، دەشێت زانیارییە کەسییەکان بۆ ناردنی پەیامی ئامانجدار بەکاربهێنرێت و کاریگەری لەسەر بۆچونە سیاسییەکان هەبێت.
ئەگەر ئەمەریکا لە هاوکێشەکەدا لابدەین، وڵاتانی دیکەش کێشەی هاوشێوەیان لەگەڵ تیک تۆکدا هەیە. لە ساڵی 2020ـدا، هیندستان تیک تۆکی قەدەغە کرد بە هۆکاری مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، لە هەمان کاتدا، وڵاتانی ئەوروپی پاڵپشتی توندترکردنی ڕێسا و یاساکان دەکەن بۆ پاراستنی نهێنی زانیارییەکان.
ڕاستییەک هەیە دەربارەی ئەم کێشەیە، ئەویش کۆکردنەوەی بابەتەکەیە لە چوارچێوەی ئەمەریکادا. بۆ ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی ئەوە هەیە، کە چین لە ڕێگەی تیک تۆکەوە کاریگەری لەسەر کامپەین و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2022 هەبووە. لە ڕاپۆرتێکی ئاکسیۆدا، ئاماژە بەوەکراوە، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا پلاتفۆرمی تیک تۆک وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەبینن بەهۆی دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە نێوان جۆو بایدن و دۆناڵد تڕەمپ.
بەکارهێنەر تا ڕادەیەکی بەرچاو سەربەستە لە دەستکاریکردنی ئەو زانیاریانەی دەیبەخشێت بە پلاتفۆرمی تیک تۆک، بۆ نمونە:
ئاسایشی داتا: ئەگەر نیگەرانیت هەبێت لەو زانیارییانەی دەیخەیتە ناو بەرنامەکەوە، دەتوانیت بڕی ئەو زانیاریانە سنوردار بکەیت کە لەگەڵ تیک تۆکدا هاوبەشی دەکەیت.
کۆنترۆڵی ئەلگۆریتم: ئاگاداربوون لە کاریگەری ئەلگۆریتمی تیک تۆک، کە دەکرێت ببێتە هۆی ئالودەبوون بە ئاپەکەوە، یارمەتی دەرە لە بەکارهێنانی تیک تۆک بە شێوەیەکی بێ زیان و ئالودەبوون.
بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: نزیکبوونەوە لە هەموو ناوەڕۆکەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە، بەبێ گوێدانە پلاتفۆرمەکە، شتێکی بنەڕەتییە. گەڕان بە دوای ڕاستی و دروستی زانیارییەکان، ئاگاداربوون لە بابەتە ئامانجکراوەکان، کارامەییەکی گرنگن لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
داهاتوی تیک تۆک بەندە بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا. چارەسەرێکی ئەگەری هەیە کە لەسەر مێزی گفتوگۆی بەرپرس و شارەزایانی ئاسایشی ئەلکترۆنی ئەمەریکادایە، ئەویش کردنەوەی لقێکی تیک تۆکە لە ئەمەریکا بۆی بە پێی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتە بڕوات. بەڵام، پێویستە مامەڵەکردنێکی یەکسان و نا لایەنگرانە لەگەڵ بابەتەکە هەبێت لە ئاستی جیهاندا.