گەورەترین کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە جینۆساید: بەپێی پێوەرە یاساییەکان ئیسرائیل لە غەززە جینۆسایدی ئەنجامداوە

#ئیسرائیل#غەززە#جینۆساید
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لە 86%ی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید کە پێکهاتووە لە 500 ئەندام، بڕوایان وایە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لەگەڵ پێناسەی یاسایی جینۆساید لە مادەی دووەمی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ساڵی 1948 یەکدەگرێتەوە.
Primary Asset

دیمەنێکی غەززە

سبەی

گەورەترین کۆمەڵەی زانایانی تایبەت بە توێژینەوەکانی جینۆساید لەسەرتاسەری جیهاندا رایگەیاند، پێوەرە یاساییەکان لە غەززە بەدیهاتوون، بەوەش ئیسرائیل جینۆسایدی لە غەززە ئەنجامداوە.

لە 86%ی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید کە پێکهاتووە لە 500 ئەندام، بڕوایان وایە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لەگەڵ پێناسەی یاسایی جینۆساید لە مادەی دووەمی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ساڵی 1948 یەکدەگرێتەوە.

 ئیسرائیل، ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی رەتکردۆتەوە 

لەبەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی رەتکردۆتەوە و بە هەڵمەتی درۆکانی حەماسی وەسف کردووە.

ئیسرائیل بەردەوام رەتیدەکاتەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە یەکسان بێت بە جینۆساید و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەگەڵ مافی بەرگریکردن یەکدەگرێتەوە. 

لە کانوونی دووەمی 2023یش ئەفریقای باشور سکاڵای یاسایی لە دژی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار کرد و ئیسرائیلی بە کۆمەڵکوژی لە غەززە تۆمەتبار کرد. بەڵام تا ئێستا دادگا دۆسییەکەی نەکردۆتەوە، کە پرۆسەیەکە رەنگە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت.

لە مانگی یەکی ساڵی 2024دا، دادگاکە داوای لە ئیسرائیل کرد، هەموو هەوڵێک بدات بۆ رێگریکردن لە جینۆساید لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە، لەوانەش پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ رێگریکردن لە برسێتی.

لە بڕیارنامە سێ لاپەڕەییەکەدا داوا لە ئیسرائیل کراوە، دەستبەجێ هەموو ئەو کردەوانە رابگرێت، کە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی فەلەستینییەکان لە غەززە پێکدەهێنن، لەوانە هێرشی بە ئەنقەست و کوشتنی خەڵکی مەدەنی، کوشتنی منداڵان؛ برسێتی؛ رەتکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، ئاو، سووتەمەنی و توندوتیژی سێکسی و ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتووان.

میلانیا ئۆبراین، سەرۆکی کۆمەڵەکە و مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی خۆرئاوای ئوسترالیا کە پسپۆڕە لە جینۆساید، بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاند: ئەمە راگەیەندراوێکی یەکلاکەرەوەی شارەزایانی بواری توێژینەوەی جینۆسایدە، کە ئەوەی لەسەر زەوی لە غەززە روودەدات جینۆسایدە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ پاساوێک بۆ تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، یان جینۆساید نییە، تەنانەت لە کاتی بەرگریکردنیشدا.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید خۆی وەک رێکخراوێکی جیهانی و بێلایەن و فرە پسپۆڕیی پێناسە دەکات، کە هەوڵدەدات توێژینەوە لەسەر سروشت و هۆکار و دەرئەنجامەکانی جینۆساید پەرەپێبدات.

کۆمەڵەی زانایانی جینۆساید لە ساڵی 1994ەوە نۆ بڕیارنامەی دەرکردووە، کە رووداوە مێژووییەکان، یان رووداوەکانی ئێستای بە جینۆساید ناساندووە.

حەماس: بەڵگەنامەی یاسایی نوێ

ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە لە سێهەم ساڵی نزیک دەبێتەوە، لە کاردانەوەی هێرشێکی لەناکاوی حەماس لە ساڵی 2023 ، کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و رفاندنی زیاتر لە 250 بارمتە.

لەو کاتەوە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 63 هەزار فەلەستینی کوژراون، زۆربەی باڵەخانەکانی کەرتی غەززەیان وێران بوون، یان زیانیان پێگەیشتووە، نزیکەی هەموو دانیشتووانی ئەو کەرتەش ناچارکراون، زیاتر لە جارێک ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

لای خۆیەوە حەماس بڕیاری کۆمەڵەکەی بە بەڵگەنامەی یاسایی نوێ وەسفکرد و لە بەیاننامەیەکیدا هاتووە: بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ژێر رۆشنایی ئەم بڕیارنامە نێودەوڵەتیانەدا، بە شەرمەزارییەک، شکستێکی ناڕەوا و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوبردووە.

رێکخراوە ناحکومییەکانی ئیسرائیل، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار دەکەن

مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو دوو رێکخراوی دیاری مافی مرۆڤی ئیسرائیل (بتسێلم و پزیشکانی  مافەکانی مرۆڤ- ئیسرائیل) رایانگەیاندبوو، کە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لە شەڕی غەززە کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکانە.

سێرگی ڤاسیلیڤ، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا ، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بڕیارەکە دەریدەخات کە ئەم هەڵسەنگاندنە یاساییە بووەتە هەڵسەنگاندنی باڵادەست لە بازنەی ئەکادیمیدا، بەتایبەتی لە بواری توێژینەوەی جینۆسایددا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی