براوەى جەنگ و لەدەستدانى جیهان؛ پەیامەکانى پشت هۆشداریی ترەمپ بۆ ئیسرائیل

#ترەمپ#ئیسرائیل#غەززە#
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 17 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنوسیدا بۆ یەکەمجار وەک رەخنەگرێکى توند بەرانبەر ئیسرائیل دەرکەوت، کاتێک جەختیکردەوە کە بەردەوامى شەڕ لە غەززە زیان بە وێنەى ئیسرائیل دەگەیەنێت و ئەو وڵاتە هەرچەندە وەک براوە دەربکەوێت بەڵام پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى لەدەستدەدات.
Primary Asset

سبەى

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا هۆشداریدایە ئیسرائیل کە پشتیوانى جیهان و کۆنگرێس لەدەستدەدات، هەرچەندە لەگۆڕەپانى شەڕى غەززە وەک براوەیەک دەربکەوێت، ئەوەش لەگەڵ بێ ئەنجامى هەوڵەکانى بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگى غەززە و چڕکردنەوەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنوسیدا بۆ یەکەمجار وەک رەخنەگرێکى توند بەرانبەر ئیسرائیل دەرکەوت، کاتێک جەختیکردەوە کە بەردەوامى شەڕ لە غەززە زیان بە وێنەى ئیسرائیل دەگەیەنێت و ئەو وڵاتە هەرچەندە وەک براوە دەربکەوێت بەڵام پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى لەدەستدەدات.

وتیشى ئیسرائیل هەژموونى خۆى لە کۆنگرێس لەدەستدەدات بەهۆى ئەو جەنگەوە و کاریگەری لۆبى ئیسرائیل لە ئەمەریکا وەکو پێشوو بەبەهێزى نەماوە، هەروەها پشتیوانى ئیسرائیل لەناو کۆمارییە گەنجەکاندا پاشەکشەیکردووە.

قسەکانى ترەمپ لەکاتێکدایە، راپرسییەکى سەنتەرى "بيو" کە لە ئازارى رابردوودا ئەنجامدراوە دەریدەخات کە 53%ى ئەمەریکییەکان بۆچوونێکى نەرێنییان هەیە بەرانبەر ئیسرائیل، بەراورد بە 42% لە ساڵى 2022. نیوەى ئەو کۆمارییانەشى کە تەمەنیان کەمترە لە 50 ساڵ بۆچوونى نەرێنیان هەیە بەرانبەر ئیسرائیل.

بەپێی رۆژنامەى جيروزاليم پۆستى ئیسرائیلى، ترەمپ هەرچەندە لە قسەکانیدا سەرسامى بە ئیسرائیل نیشانداوە و پێیوایە لەهەموو کەس زیاتر پشتیوانى ئیسرائیلى کردووە، بەڵام پەیامى پشت قسەکانى ئەوەیە تەلئەبیب لەگەڵ تێپەڕبوونى هەر رۆژێک لە جەنگ شەرعیەت لەدەستدەدات، ئەوەش ماناى وایە، کاتژمێرى سەربازى ئیسرائیل تەنها شت نییە کە دەجوڵێت، بەڵکو کاتژمێرى دیبلۆماسیش هاوشانى ئەوە بەخێرای دەجوڵێت.

دەشڵێت، ئەوە راستە کە ترەمپ دەڵێت ئیسرائیل جیهان لەدەستدەدات، بەهۆی ئەوەى وێنەکانى غەززە شاشەى کەناڵە جیهانییەکانى داپۆشیوە بەراورد بە وێنەکانى هێرشى حەوتى ئۆکتۆبەرى حەماس.

"دژیەکی قووڵ"

هاوکات رۆژنامەی هائارتێسی ئیسرائیلی لە وتارێکدا دژیەکییە قووڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکاى بەرامبەر غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسیاسەتێکی "هەلپەرست و دژبەیەک" وەسف کردووە.

بەپێی رۆژنامەکە، کۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردووی ترةمپ لەگەڵ جارید کوشنەر راوێژکارەکەی پێشووی و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆ گفتوگۆکردن لە پرسی غەززە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، پرسیاری راستەقینە دەوروژێنێت: ئایا کۆبوونەوەکە سەرەتای هەوڵە جدییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، یان درێژەپێدەری رێبازە دژبەیەکەکەی ترەمپە؟

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکانی لایەنگری دروستکردنی ئۆردوگاکانی جولەکە لەلایەن ترەمپەوە، وەک مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ئاماژەیەکی پێشوەختەیە بۆ رێگرییەکان لە هەوڵەکانی ئاشتی.

لاری گاربەر بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی  (USAID ) لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە، کارە دژبەیەکەکانی ئەمەریکای خستۆتەڕوو، بەجۆرێک ترەمپ پلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە راگەیاند، بەڵام بڕگەیەکی دژبەیەکی سەبارەت بە ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لەخۆگرتبوو.

هەروەها گاربەر ئاماژەی بە سیاسەتی دووفاقی هاوکارییەکانی ئەمەریکا کردووە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی USAID لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە دوای سێ دەیە لە کارکردن هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەک کاتدا لە ستافی USAID یەکەیەکی هەماهەنگی هاوکاری نوێی دامەزراند.

هەروەها باسى ناجێگیری پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین کردووە. دواى ئەوەى هەینی رابردوو واشنتۆن ڤیزای مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین و 80 بەرپرسی دیکەی فەلەستینی هەڵوەشاندەوە، بەهۆکاری سەرکۆنەنەکردنی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر.

نوسەرەکە ئاماژەشی بە نیشانەکانی نزیکبوونەوەی سنووردار لە نێوان دەسەڵاتی فەڵەستینی و واشنتۆن کردووە، لەوانە بەشداریکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە داڕشتنی جاڕنامەی نیویۆرک، کە سەرکۆنەکردنی روونی هێرشەکانی لەخۆگرتبوو.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا دوای ئەو دیدارانە هات، کە هاکابی لە مانگی تەمموزدا لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی فەلەستین ئەنجامیدا.

کارەدژبەیەکانەی ترەمپ، بە روونی لە رەخنە توندەکانی لە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان دیارە، کە هاوکات هەوڵدەدات هەماهەنگی لەگەڵیاندا بکات، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ کارەکانی دامەزراوەی مرۆیی غەززە، کە ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندوویەتی.

دەرەنجامەکان

بەپێی نوسەرەکە، ئەم ناجێگیریە لە هەڵوێستەکاندا، وای لە وڵاتانی ئەوروپا وەک فەرەنسا و بەریتانیا کرد، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین رابگەیەنن، بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی نەبوونی دیدگایەکی روونی ئەمەریکی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، یان چارەسەرکردنی لێکەوتە مرۆییەکانی.

گاربەر دووپاتی کردەوە، کە سروشتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە غەززە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بەندە بە توانای وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو، بۆ ئەوەی ترەمپ قەناعەت پێبکەن، کە دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ پێشکەشکردنی گەرەنتی ئەمنی و دارایی بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

نووسەر هۆشداریدا لەوەی دواخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان، لەناو کارەساتی غەززە و زیادبوونی توڕەیی جیهانیدا چیتر قبوڵکراو نییە.

هاوکات بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە هاوبەشی و هاوکاری پێویستی بە ئاستێک لە خۆڕاگری و متمانەیە، داوای لە واشنتۆن کردووە، پێش ئەوەی درەنگ بێت دیدێکی روون و یەکگرتوو بۆ غەززە بگرێتەبەر.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی