نرخێکى دیکەى پێوانەیی شکاند؛ ئایندەی زێڕ لە پێنج ساڵی داهاتوودا چۆن دەبێت؟

#زێڕ
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • نرخى زێڕ رۆژى 3/9/2025 گەیشتە نرخێکی پێوانەیی نوێ و ئۆنسەیەک زێڕ (7.33 مسقاڵ) بە 3616 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە هەرێمی کوردستان نرخی مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 گەیشتە 805 هەزار دینار، عەیارە 21 بە 705 هەزار دینار، عەیارە 18 بە 605 هەزار دینار مامەڵەى پێوەدەکرێت.
Primary Asset

سبەى

زێڕ نرخێکى دیکەى پێوانەیی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئۆنسەیەک بەربەستى سێ هەزار و 600 دۆلارى بڕى، ئەوەش بەهۆى پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەى رێژەى سود لە ئەمەریکا و لاوازى دۆلارەوە.

نرخى زێڕ رۆژى 3/9/2025 گەیشتە نرخێکی پێوانەیی نوێ و ئۆنسەیەک زێڕ (7.33 مسقاڵ) بە 3616 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە هەرێمی کوردستان نرخی مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 گەیشتە 805 هەزار دینار، عەیارە 21  بە 705 هەزار دینار، عەیارە 18 بە 605 هەزار دینار مامەڵەى پێوەدەکرێت.

پێشبینی نرخی زێڕ تا ساڵی 2030

لە خوارەوە دیارترین پێشبینییەکانی نرخی زێڕ تا ساڵی 2030 دەخەینەڕوو، بەپێی چەند دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی  و پسپۆرە ئابورییەکان.

  1. -کۆمپانیای RBC Capital Markets پێشبینی دەکات، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2025 بگاتە 3722 دۆلار و ئەگەری هەیە تا کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە 3813 دۆلار.
  2. -دامەزراوەی گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات، تا کۆتایی ساڵی 2025 نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە 3700 دۆلار و ئەگەری بەرزبوونەوەی بۆ 3880دۆلار لە ئەگەری پاشەکشەی ئابووریدا.
  3. -چارلی مۆریس پسپۆڕی ئابووری، پێشبینی دەکات تا ساڵی 2030 نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە 7 هەزار و 370 دۆلار، ئەمەش بە پشتبەستن بە تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی 4٪ و پێشبینییەکانی بۆ رێژەی سوودی راستەقینە.
  4. -کۆمپانیای لایت فاینانس پێشبینی دەکات، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە نێوان ساڵانی 2027 - 2030 لە نێوان 4812 بۆ 6546دۆلار بێت.
  5. -راپۆرتێکی رۆناڵد پیتەر ستۆڤێرل و مارک جەی ڤالێک، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ئینکرێمنتۆم، کە راپۆرتێکی جیهانییە و باوەڕپێکراوە، پێشبینی دەکات نرخی زێڕ تا ساڵی 2030 بگاتە 8900 دۆلار، ئەمەش بە پشتبەستن بە چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان و سیاسەتی دراو.

ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ هەیە

  • -سیاسەتی دراو: چاوەڕوانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت بەرز دەکاتەوە.
  • -هەڵاوسانی جیهانی: بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، پاڵ بە وەبەرهێنەرانەوە دەنێت، بۆ ئەوەی رووبکەنە کڕینی زێڕ.
  • -داواکاری بانکی ناوەندی: بانکە ناوەندییەکان یەدەگی زێڕ زیاد دەکەن، بەتایبەتی لە ئابوورییە گەورەکاندا.
  • -گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان: پەرەسەندنی ململانێکان و جەنگە بازرگانییەکان، خواست لەسەر زێڕ زیاددەکەن.
  • گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، کە بازاڕەکانی زێڕ ناجێگیرن و هۆکارە پێشبینینەکراوەکان، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر نرخەکان هەبێت. بۆیە گرنگە بەردەوام چاودێری پێشهاتە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان بکرێت.

زێڕ لە سیستمی دارایی جیهانیدا

زێڕ لە سیستمی دارایی جیهانیدا پێگەیەکی ناوازەی هەیە. هەم کاڵایە و هەم سەرمایەی دراوییە. بەهای هەمیشەیی لە کەمی و تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی و گرنگی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت. بە پێچەوانەی دراوی کاغەزی، سنوورداربوونی دابینکردنی زێڕ، سنووردارکردنێکی سروشتی دروستی دەکات، کە وایکردووە بەدرێژایی مێژوو ببێتە سەرمایەیەکی متمانەپێکراو.

ئابووری جیهانی مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ زێڕدا دەکات. بەرهەمهێنانی ساڵانەی کانگاکان تەنها نزیکەی لە 1.5-2% بۆ یەدەگی جیهانی زیاد دەکات، ئەمەش پێگەی زێڕی بەهێز کردووە.

بەهای بازاڕی زێڕ

دۆزینەوە و بەکارهێنانی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتە کۆنەکان. ئەنجومەنی جیهانی زێڕ مەزەندە دەکات، کە بە درێژایی مێژوو نزیکەی 216 هەزار و 265 تۆن زێڕ دەرهێنرابێت. نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەم زێڕە لە ساڵی 1950ەوە دەرهێنراوە. ئەم زیادبوونە بەرفراوانە لە بەرهەمهێناندا، دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دۆزینەوەی کانگا نوێیەکانی زێڕ.

بەپێی خەمڵاندنەکان، بەهای بازاڕی ئێستای زێڕ لە نێوان 18.396 تریلیۆن بۆ 27.595 تریلیۆن دۆلاردایە.

خواست لەسەر زێڕ زیاد دەکات

لە چارەکی دووەمی ساڵی 2025دا خواست لەسەر زێڕ بە ڕێژەی 3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 1249 تۆن، ئەمەش بەهۆی وەبەرهێنانی بەرچاو لە زێڕ و زیادبوونی کڕینی زێڕ.

هاوکات بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی جیهانی زێڕ، زێڕینگەریی دابەزینی پێوانەیی بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕەوە.

بەرز و نزم

  • 1970- نرخی ئۆنسیەک زێڕ(7.33 مسقاڵ) نرخەکەی 36 دۆلار بوو.
  • 1971- داڕمانی سیستمی بریتۆن وۆدز، سەرەتای هەڵکشانی دۆلار، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ، بەجۆرێک لە مانگی یەکی ساڵی 1980دا گەیشتە 665 دۆلار.
  • 1999- دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 253 دۆلار، بەهۆی بەهێزی ئابووری ئەمریکا و دۆلارەوە.
  • 2008-2010- پاشەکشەی گەورە، وایکرد وەبەرهێنەران بەرەو زێڕ هەڵبێن، بەمەش نرخی زێڕ لە 730 دۆلارەوە بۆ 1300 دۆلار (ئۆکتۆبەری 2010) بەرزبووەوە.
  • 2010-2012- قەیرانی قەرزەکانی ئەوروپا و نیگەرانییەکانی سەقامگیری یۆرۆ، بووە هۆی ئەوەی زێڕ لە مانگی ئابی 2011دا بگاتە 1825 دۆلار.
  • 2013-2014- سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بووە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ لە کۆتایی ساڵی 2014 لە 1695 دۆلارەوە بۆ 1200 دۆلار.
  • 2020-2021 (پەتای کۆرۆنا)- لە هاوینی 2020دا زێڕ لە هەزار و 575 دۆلارەوە، بۆ سەرووی دوو هەزار دۆلار بەرزبووەوە.
  • 2023 (دوای پەتای کۆرۆنا)- زێڕ لە نێوان 1700 بۆ 1900 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
  • نیسانی 2024- زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی نوێ، کە 2265 دۆلار بوو بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش بەهۆی خواستی چین بۆ کڕینی زێڕ.
  • 2025- نادڵنیایی ئابووری جیهانی، بەهۆی سیاسەتی گومرگی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاڵی بە نرخی ئۆنسێکەوە نا، بۆ شکاندنی بەربەستی 3500 دۆلار بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بەگشتی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ترەمپ لەسەرەتای ئەمساڵەوە، زێڕ بەرێژەی 28% بەرزبۆتەوە.
بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی