چیخۆف لەگەڵ دایکی و خانەوادەکەی
سبەی
ئەم سێبەرە کەسێکی تر نەبوو جگە لە "دایکم"، یەکێک لە جوانترین دەقە ئەدەبییە جیهانییەکانە کە لەسەر دایک نووسراوە.
ئەدەبیاتی روسی لە جوانترین ئەدەبیاتە کە مرۆڤایەتی ناسیبێتی، ئەدەبیاتی روسی تەنیا لە سنورە بەرفراوانەکانی روسیادا قەتیس نییە، بەڵکو زۆر لەودیوەوە تەشەنەی کردووە، بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و بووەتە یەکێک لە ئەدەبیاتە کاریگەرەکان لەسەر ئاستی جیهانی.
لە ناودارترین نووسەرانی روسیا ئەنتۆن چێخۆڤ هەیە، کە بە مامۆستای کورتە چیرۆکی مۆدێرن ناوزەد کراوە. ئەنتۆن چێخۆڤ، ئەو پزیشکەی کە هونەری کورتە چیرۆکی داهێنا و تەرخانی کرد بۆ ئەدەبیاتی مرۆڤ، لە ناو خۆیدا زیاتر مەیلێکی سەیر و سەمەرەی بۆ پیت و وشە دۆزییەوە.
بەم شێوەیە کۆمەڵێک شاکاری ئەدەبی نەمری دروست کرد. بەڵام جوانترین دەق کە لە ئەدەبیاتی روسیادا نووسراوە، کاتێکە کە چێخۆف لە بڕگەیەکدا لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دایکی کردووە. پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا هەر لە منداڵییەوە تایبەت بوو، کاتێک بۆ باوەشی گەرمی دایکی لە باوکە خراپەکارەکەی هەڵدەهات. هەروەها چیرۆکی ئێوارەی بۆ دەگێڕایەوە بۆئەوەی خەوی لێ بکەوێت. هەندێک لە گێڕانەوەکان باس لەوە دەکەن، کە کاتێک لە جێگادا بووە و تەندروستی تێکچووە دوای تووشبوون بە نەخۆشی سیل، کە بووە هۆی مردنی، دایکی بەسەریەوە دەوەستا و هانی دەدا جارێکی دیکە هەستێتەوە و دەیوت " هەستە تۆ کەسێکی بەهێزی... هەرگیز تەسلیمی مردن مەبە". بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ خۆڕاگری لە پێناو دایکیدا، بەڵام مردن خێراتر بوو بۆئەوەی رۆحی بڕفێنێت. چێخۆف لەم بڕگەیەدا لە بیرەوەرییەکانیەوە دەڵێت:
دوو خولەک پێش ئێستا مردم. لێرە بە تەنیا خۆم بینیەوە لەگەڵ کۆمەڵێک فریشتە و ئەوانی تر کە نەمدەزانی کێن. داوام لێکردن زیندووم بکەنەوە، لە پێناو ژنە گەنجەکەم و منداڵە لەدایک نەبووەکەمدا. ژنەکەم سکەکەی سێ مانگ بوو. چەند خولەکێکی تر تێپەڕی، فریشتەیەک هات کە شتێکی پێبوو لە شاشەی تەلەفزیۆن دەچوو. پێی وتم کاتی نێوان ئەم جیهانە و دونیا زۆر جیاوازە. خولەک لێرە یەکسانە بە چەندین رۆژ لەوێ، دەتوانیت لێرەوە بیانبینیت.
شاشەکەی داگیرساند، یەکسەر ژنەکەم دەرکەوت، منداڵێکی بچووکی هەڵگرتبوو، وێنەکەکان زۆر خێرا بوون، کات خولەک بە خولەک دەگۆڕا، کوڕەکەم گەورە بوو و هەموو شتێک دەگۆڕا، ژنەکەم مۆبیلیاتەکەی دەگۆڕی، توانی خانەنشینییەکەم وەربگرێت، کوڕەکەم چووە قوتابخانە، براکانم یەک لە دوای یەک هاوسەرگیریان کرد، هەمووان بە ژیانی خۆیانەوە سەرقاڵبوون، زۆر رووداو روویاندا، لە قەرەباڵغی جوڵە و وێنە کاڵەکەدا، سەرنجم لە شتێکی جێگیر دا، لە سێبەری رەش دەچوو، خولەکەکان بەخێرایی تێدەپەڕین، سێبەرەکە هەر وەک خۆی بوو لە هەموو وێنەکاندا، ساڵانێک لەوێ تێدەپەڕین، سێبەرەکە بچووکتر و کاڵتر دەبووەوە، بانگم بۆ یەکێک لە فریشتەکان کرد، لێی پاڕامەوە و ئەم سێبەرەم لێ نزیک بکاتەوە تا بە باشی بیبینم، ئەو فریشتەیەکی بە بەزەیی بوو، نەک هەر وێنەکەی نزیکتر کردەوە، بەڵکو ئەو دیمەنەکەی لە هەمان کاتی زەمینیدا نمایش کرد و من هێشتا لێرەم، بۆ ماوەی پانزە ساڵ، سەیری ئەم سێبەرە دەکەم کە دەگری و دەگریم، ئەم سێبەرە جگە لە "دایکم" کەسێکی تر نەبوو.