دەبنە فریادرەسی روسیا؛ نەوت سەركردەكانی چین و هیندستان و ڕوسیا لەیەكتر نزیك دەكاتەوە

#روسیا#چین#هیندستان#ئەمەریکا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لە كاتێكدا زیاتر لە سێ ساڵ لە كاتی لەشكركێشییەكی روسیا بۆ سەر ئۆكراین تێپەردەبێت و بە هۆی سزا ئابوورییەكانی سەر مۆسكۆ دوای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیوەندییە بازرگانیەكانیان لەگەڵ ڕوسیادا پچڕاند، هیندستان و چین بوونەتە كڕیاری نەوتی هەرزانتری ڕوسیا.
Primary Asset

سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی هیندستان و سەرۆکی روسیا

سبەی

كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و شی جینپینگ سەرۆكی چین و نارێندرا مودی سەرۆك وەزیرانی هیندستان، نمایشێكی دەگمەن بوو بۆ هاودەنگی و دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی پوتین ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی وڵاتەكەی بكات.

لە كاتێكدا زیاتر لە سێ ساڵ لە كاتی لەشكركێشییەكی روسیا بۆ سەر ئۆكراین تێپەردەبێت و بە هۆی سزا ئابوورییەكانی سەر مۆسكۆ دوای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیوەندییە بازرگانیەكانیان لەگەڵ ڕوسیادا پچڕاند، هیندستان و چین بوونەتە كڕیاری نەوتی هەرزانتری ڕوسیا.

ئێستا ئەم سێ وڵاتە دوژمنێكی هاوبەشیان هەیە كە سزای بەسەر ڕوسیادا سەپاندووە و باجی قورسیشی بەسەر هاوردەكردنی هاوردەكردنی هاوبەشە بازرگانییەكانیدا سەپاندووە.

هیندستان ڕووبەڕووی بەشێك لە بەرزترین باجەكان بووەوە كە لەلایەن حكومەتی ئەمەریكاوە سەپێنراون، بەهۆی بەردەوامبوونی لە كڕینی نەوت لە ڕوسیا، چین هێشتا لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە دوور بكەوێتەوە لە باج و سزای ئەگەری بۆ كڕینی نەوتی خاوی ڕوسیا.

سەرۆكانی وڵاتانی روسیا، چین و هیندستان لە پەراوێزی لوتكەی ڕێكخراوی هاوكاری شەنگەهای لە تیانجین كۆبوونەوە، كە كۆبوونەوەیەكی ناوچەییە و ئامانجی پێشخستنی جیهانبینییەكی جێگرەوە بوو بۆ جیهانبینی ڕۆژئاوا - تەوەرێك كە شیكارەكان وەك تەحەدایەك بۆ كاریگەریی ئەمەریكا وەسفیان كردووە.

بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی كۆبوونەوەكە دەرفەتێكی دەگمەن بۆ سەركردەكان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان بەهێزتر بكەن لەكاتی هەر جۆرە قەیران و نادڵنیاییەكی ئابووریدا.

دەرفەتێكی زێڕین لەبەردەم روسیادایە

ڕوسیا دەرفەتی ئەوەی هەیە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ هیندستان و چین بكات، كە وەك دوو هاوبەشی گرنگی بازرگانی وڵاتەكەین، لە كاتێكدا كە دوای لەشكركێشی روسیا بۆ سەر  ئۆكراین كە بووە هۆی پچڕانی  بازرگانی مۆسكۆ لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ، ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان ئەو دوو وڵاتە پڕ دانیشتووانە یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزكردنەوەی ئابووری ڕوسیا.

ساڵی ڕابردوو چین 100 ملیۆن تۆن نەوتی خاوی ڕوسیای بە ڕێژەی پێوانەیی كڕی، كە نزیكەی % 20ی كۆی هاوردەكردنی وزەی وڵاتەكەی پێكدەهێنێت.

بە هەمانشێوە هەناردەی نەوتی ڕوسیا بۆ هیندستان كە تەنها بەشێكی كەم بوو لە هاوردەكردنی نەوتی هیندستان پێش شەڕی ئۆكراینا تا ساڵی ٢٠٢٢ ، بۆ نزیكەی ١٤٠ ملیار دۆلار زیادی كردووە.

چین و هیندستان پێكەوە كڕیاری سەرەكی هەناردەی وزەی ڕوسیان

ڕوسیا نزیكەی چارەكێكی داهاتی بودجەی خۆی لە هەناردەكردنی نەوت و گازەوە دەستدەكەوێت، كە تێچووی جەنگی وڵاتەكە دەگرێتەوە.

ماندار ئۆك، شارەزای سیاسەتی گشتی لەو بارەیەوە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئەگەر مۆسكۆ ئیمتیازاتی زیاتر پێشكەش بكات بۆ دەستەبەركردنی بازرگانی زیاتر لەگەڵ هیندستان و چین، شتێكی سەرسوڕهێنەر نابێت.

پرۆفیسۆر ئۆك، لە زانكۆی ئەدلاید لە ئوسترالیا دەشڵێت، ئەو ئیمتیازاتانە بە تایبەتی پێویستن بۆ هیندستان بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ڕوسیا پاشەكشە نەكات لە فراوانكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ڕوسیا بەهۆی فشارەكانی ئەمەریكاوە.

دوای ئەوەی ڕوسیا بەشێكی بەرچاوی بازاڕی نەوتی لەدەستدا بەهۆی سزاكانی ڕۆژئاوا، فرۆشتنی نەوت بە هیندستان بە نرخێكی كەمتر یارمەتی ئابووری ڕوسیای داوە، هاوكات هیندستانیش سوودی لە هەرزانتربوونی نەوت وەرگرتووە.

سەرەڕای ئیدانەكردنی واشنتۆن ڕەنگە هیندستان كڕینی نەوتی لە ڕوسیا زیاد بكات

ڕۆژی دووشەممە، نارێندرا مودی سەرۆك وەزیرانی هیندستان لە میانی دیدارێكی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، جەختی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكانیان “شان بە شان جووڵاون”. هەروەها بەرپرسانی هیندستان ڕایانگەیاندووە كە لە هەر شوێنێكەوە كە بتوانن "باشترین گرێبەست"یان دەست بكەوێت، سەرچاوەی پێداویستییەكانی وزەیان وەردەگرن.

پەیوەندییەكانی نێوان دەلهی و واشنتۆن گەیشتە نزمترین ئاستی لە مێژوودا، دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ باجی زیادەی % ٢٥ی لەسەر هاوردەكردنی هیندستان وەك سزایەك بۆ كڕینی نەوتی ڕوسیا سەپاند. دەلهی بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا بڕیارەكەی كۆشكی سپی بە "ناڕەوا" ناوبرد.

پرۆفیسۆر ئۆك لەوبارەیەوە دەڵێت "لە ڕووی سیاسییەوە رەنگە لە بەرژەوەندی مودیدا بێت كە ئەمەریكا پشتگوێ بخات، چونكە ئەوە نیشان دەدات كە هیندستان كڕنۆش نابات بۆ فشارەكانی ئیدارەی ترەمپ"، هەروەها كڕینی نەوتی ڕوسیا مانای ئابووری هەیە، چونكە هیندستان زۆر پشت بە هاوردەكردنی نەوتی دەرەكی دەبەستێت.

هیندستان سەردەمانێك كڕیارێكی سەرەكی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام دوای ئەوەی گەمارۆكانی ڕۆژئاوا بەهۆی لەشكركێشییەكەی بۆ سەر ئۆكراینا  بەسەر روسیادا سەپێنرا لە ساڵی 2022، بووە كڕیارێكی سەرەكی نەوتی هەرزانی روسیا.

لەو كاتەوە پاڵاوگەكانی هیندستان قازانجێكی زۆریان بەدەستهێناوە چونكە نەوتی ڕوسیا بەراورد بە نرخی نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرزانترە.

لای خۆیەوە پیتەر دراپەر، پسپۆڕی سیاسەتی بازرگانی دەڵێت: چین كڕینی نەوتی ڕوسیای زیاد كردووە و لە ڕێگەی بەشداریكردن لە لوتكەی شانگهای، بەنیازە جەختی زیاتر بكاتەوە لەسەر بەرژەوەندییەكانی وزەی خۆی.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە ڕۆژی سێشەممە، كۆمپانیاكانی غازی ڕوسیا و چین ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە ڕوسیا دابینكردنی غاز بۆ ئەو وڵاتە ئاسیاییە زیاد بكات، بەڵام پرۆفیسۆر دراپەر پێی وایە ڕەنگە ڕوسیا هەمان داشكاندنی چین نەدات كە بە هیندستان داویەتی، بە تایبەت ئەگەر پوتین غازی زیاتر بە هیندستان بفرۆشێت.

گۆڕەپان بۆ چین ئامادەیە

پرۆفیسۆر دراپەر دەڵێت "لە دەرەوەی بازرگانی، ڕەنگە ئامانجی سەرەكی چین لە لوتكەی شانگهای، بە تایبەت دوای هەنگاوەكانی ئەم دواییەی ترەمپ، ئەوەیە كە نیشان بدات كە دەتوانێت ببێتە بەدیلێكی بەهێز بۆ ئەمەریكا".

لە كۆڕبەندەكەدا وڵاتانی وەك پاكستان، میانمار و سریلانكا بەشداریان كرد، كە هەموویان بەهۆی باجەكانی ترەمپەوە زیانیان پێگەیشتووە.

پرۆفیسۆر دراپەر وتی چین لە مێژە دەیەوێت نەزمێكی جیهانی "فرە جەمسەری" بەرەوپێش ببات، ئاماژەی بە چەمكی سیستمێك كرد كە دەسەڵات لە نێوان چەند یاریزانێكی سەرەكیدا دابەش دەكرێت.

"ئەم لوتكەیە سێ وڵات كۆدەكاتەوە كە پەیوەندییە ئابوورییەكانیان هەمیشە كاریگەری گرژییە جیۆپۆلەتیكییەكانیان لەسەر بووە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو مەترسییە ئابوورییانەی كە بەهۆی باجەكانی ئەمریكاوە دروستی دەكەن، ئەوان هاندەرێكی ئابووری بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی پاڵپشتی یەكتر بكەن". پرۆفیسۆر ئۆك وا دەڵێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی