سبەى
کۆمپانیای تەکنەلۆجیای مایکرۆسۆفتی ئەمەریکی هۆشداریدەدات لە ئەگەرى پچڕاندن و خاوبوونەوەى تەواوەتى تۆڕەکانى ئینتەرنێت، ئەوەش بەهۆى پچڕاندنى چەندین کێبڵی ئینتەرنێتی ژێردەریایی نێودەوڵەتی لە دەریای سووردا.
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیکردەوە کە "تیمەکانی ئەندازیاری لە ئێستادا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، بۆ پچڕانی ئینتەرنێت بە گۆڕینی ڕێڕەوی هاتوچۆی ئینتەرنێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەکارهێنەرانی مایکرۆسۆفت ئەزۆر، کە دووەم گەورەترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە جیهاندا، دوای خزمەتگوزارییەکانی وێبی ئەمازۆن، رەنگە بەهۆی چەندین پچڕانی فایبەر ئۆپتیک لە ژێر ئاودا لە دەریای سووردا، تووشی کێشە لە دەستخستنی ئینتەرنێت ببنەوە".
روونیشیکردەوە "رەنگە بەکارهێنەرانی تووشی پچڕانی خزمەتگوزارییەکان ببن، بەتایبەتی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
کۆمپانیاکە هەروەها پێشبینی دەکات، دابەزاندنى هەندێک داتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاتی زیاتر بخایەنێت، پچڕاندنى هێڵەکان هەورەها کاریگەری لەسەر خاوبوونەوەی ئینتەرنێت لەهەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپادا دروستبکات.
لە ئەنجامی ئەم پچڕانەدا، مایکرۆسۆفت ئەزۆر خزمەتگوزارییەکانی لە رێگەی رێڕەوی جێگرەوەوە گۆڕیوە، کە بەو هۆیەوە هاتوچۆی تۆڕەکە تا ئێستا بەبێ پچڕان ماوەتەوە.
بڵابوونەوەی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە کاتێکدایە رەنگە بەهۆی کردەیەکی زیانگەیاندن بەکۆمپانیا ئەمەریکییەکان، ئەوانەی پشتگیریی ئیسرائیل دەکەن لە جەنگی غەززەدا، کێبڵە ئێنتەرنێتییەکانی دەریای سور زیانیان بەرکەوتبێت.
بەپێی خەڵاندنەکان کێبڵەکانى ئینتەرنێت بەدرێژیی زیاتر لە یەک ملیۆن و 48 هەزار کیلۆمەتر لەژێر دەریاکاندا راکێشراون، کە سەرچاوەیەکى سەرەکى دابینکردنى ئینتەرنێتن بۆ تەواوى جیهان.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی سەرەتای مانگی رابردوو، هاوکاری نێوان یەکەی 8200ی ئیسرائیل و مایکرۆسۆفتى بۆ چاودێریکردن و شونپێهەڵگرتنی هەموو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا ئاشکرا کرد، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە سیخوڕییە جیهانییەکان.
پڕۆژەکە بە پلەی یەکەم پشتی بە تەکنەلۆجیاکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەستبوو. ساتیا نادێلا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە ساڵی 2021 لەگەڵ یۆسی ساریێل، سەرۆکی دەزگای چاودێری سەربازی ئیسرائیل، کە لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکەی8200 ناسراوە، لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە کۆبووەوە.
بەپێی رۆژنامەکە، کە نادێلا رێگەی بە یەکەی 8200 داوە بچێتە ناوچەیەکی جیاواز و تایبەت لەناو پلاتفۆرمی هەوری ئازۆر، بۆ هەڵگرتن و چاودێریکردن و شیکردنەوەی هەموو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی، کە لە هەردوو کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاواودا ئەنجامدراون، بۆ بەکارهێنانی راستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیلدا.