دیارترین خاڵ لە فەرمانی دیوانیدا باسی لەرێگەنەدان بە چالاکیی سیاسی لە ریزەکانی حەشد دەکات
سبەى
دواى کشانەوەى پڕۆژە یاساى حەشدى شەعبى لە ژێر فشارە بەردەوامەکانی واشنتن و بەکارهێنانی چەکی ئابڵوقەی ئابوریدا، لایەنە شیعیەکان پەنا بۆ "پلانى B" دەبەن، بۆ دوبارە داڕاشتنەوە و فراوانکردنى دەسەڵاتى گروپەکان، کە رەنگە عێراق لە "تووڕەیی واشنتۆن" رزگار نەکات.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، هەفتەى رابردوو لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا سەبارەت بە قەیرانی حەشدی شەعبی، رایگەیاند کە یاساکە دواخراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکە پێویستی بەو شتە هەیە، کە بە "بانگەشەکردن لە ناوخۆ و دەرەوە" وەسفی کردووە، پێش ئەوەی لە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن بخرێتە دەنگدانەوە.
یاساکە دوو جار لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کرا، کە دەسەڵاتی زیاتری لە وەزارەتی بەرگری عێراق، دەدات بە هێزەکانی حەشدی شەعبی.
رێنمایی لەبری یاسا
سەرچاوە سیاسییەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن، دوای ئەوەی بلۆکی شیعە نەیتوانی یاسای حەشدی شەعبی دەربکات، ئێستا باس لە "پلانی B" دەکرێت، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
سەرچاوەکان روونی دەکەنەوە، کە یاساکە بە فەرمانی حکومەت دەگۆڕدرێت، بە پشتبەستن بە یاسای پێشووی (یەکەم)، کە لە ساڵی 2016دا خراوەتەڕوو.
یاساکەی پێشوو وردەکاری گرنگی تێدا نەبوو، سەرەڕای ناڕەزایەتی نزیکەی 100 پەرلەمانتار، کە زۆربەیان سوننە بوون، لە کاتێکی گرنگی ئەمنیدا پەسەندکرا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە "پلانی بی" بریتییە لە دەرکردنی رێنمایی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی، بەمەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی.
"پلانی B" لەسەر بنەمای فەرمانێکی دیوانییە، کە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقەوە دەرچووە، بۆ رێکخستنی ئەم گروپە سەربازییانە.
دیارترین خاڵ لە فەرمانی دیوانیدا باسی لە "رێگەنەدان بە چالاکیی سیاسی لە ریزەکانی حەشد دەکات. بەڵام ئەوەی روویدا تەنها لەسەر کاغەز بوو، چونکە تا ئێستاش گروپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە هێزە سیاسییەکانن، کە هەندێکیان بەشدارن لە حکومەتدا.
رووداوەکەی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی بەغداد لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا، ئاماژەیە بۆ بەردەوامی پەیوەستبوونی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی بە گروپە سیاسییەکان. حکومەت بەتۆمەتی هەڵکوتانە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە، کۆمەڵێک ئەفسەری کەتیبەکانی حیزوبڵای دەستگیرکرد، کە گەورەترین گروپی چەکدارییە و نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا هەیە.
هاوینی 2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەى عێراق، چەند مانگێک پێش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر، فەرمانێکی بۆ "رێکخستنەوەی حەشدی شەعبی" دەرکرد.
عەبدولمەهدی مافی دانانی سەرۆکی کۆمسیۆنەکەی بەخۆی بەخشی، کە ئەمەش ژمارەیەک گروپی توڕە کرد، کە وا دیار بوو یاخیبوون لە بڕیارەکە، کە دواتر فەرمانەکە بەهۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندنەکان و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی پشتگوێخرا.
لەو کاتەدا گروپی شەبەکی سەر بەحەشدی شەعبی بڕیارێکی عادل عەبدولمەهدی بۆ کشانەوە لە دەشتی نەینەوا رەتکردەوە. بڕیارەکە تەنها بەشێکی لە سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمی جێبەجێ کرا، بەڵام دوای ئەوەی گروپەکە تۆمەتبارکرا بە هێرشی موشەکیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چەند کیلۆمەترێک پاشەکشەی کرد.
ئاستەنگەکان
بەپێی سەرچاوەکان، پلانی جێگرەوە سەبارەت بە "قەیرانی هێزەکانی حەشدی شەعبی" هێشتا رووبەڕووی ناڕەزایەتی گەورە دەبێتەوە.
ئەم نیگەرانیانە پەیوەندییان بە یاسایی بوونی گۆڕانکاری لە دامەزراوەیەکی فەرمیدا هەیە، بەبێ ئەوەی یاسایەک هەموو وردەکارییەکان بگرێتەوە.
گومان هەیە کە ئەو رێوشوێنە ئەگەر لە راستیدا جێبەجێ بکرێت، رەنگە عێراق لە "تووڕەیی واشنتۆن" رزگار نەکات.
هاوکات هێشتا کێشەیەک هەیە، کە پەیوەندی بە سەرۆکی دامەزراوەکەوە هەیە، کە بە بەردەوامی پۆستەکە لە لایەن لایەنە شیعەکانەوە کێبڕکێی لەسەر دەکرێت.
تارمایی ئەمەریکا بەسەر حەشدی شەعبیدا
محەمەد غەبان، سەرکردە لە رێکخراوی بەدر و وەزیری پێشووی ناوخۆ لە لێدوانێکدا لەسەر پرسی "یاسای حەشدی شەعبی" رایگەیاند، "لە ساڵی 2017ەوە رووبەڕووی فشاری ئەمریکا بونەتەوە بۆ دەرنەکردنی یاسایەک بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستوەردانی ئەمریکا لە دەرکردنی یاساکە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوبردووە.
ئەو پرسە لە کاتێکدایە کە پێش کشاندنەوەی یاسای حەشدی شەعبی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە رێگەی مایکل میچڵ وتەبێژی وەزارەکە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بە "چەسپاندنی هەژموونی ئێران لە عێراق" زانیووە، هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی "گەمارۆ ئابوورییەکان"ی بەسەر ئەو وڵاتەدا کرد.
دیالۆگ و بەرژەوەندییەکان
بەغداد لە ئێستادا بەدوای "لۆبی"دا دەگەڕێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا. بۆ ئەوەی عێراق لە کاردانەوەی جەنگ بپارێزێت.
لەو چوارچێوەیەدا هەفتەی رابردوو محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی دوو رۆژەی بۆ عومان ئەنجامدا، کە بە بەشێک لە هەوڵەکانی بەغداد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارییەکان دادەنرێت.
هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی سەرقاڵی دابەشکردنی باڵیۆزی نوێ بوون، کە پێدەچوو قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی یاساکە بێت.
بەڵام هەندێک گروپی نزیک لە تاران کە خۆیان بە "مقاوەمەی عێراق" ناودەبەن، لە "دابەشکردنی نوێ" کشانەوە و بەپێی راپۆرتە رۆژئاواییەکان بە "دەستکەوتی ئابوری و پڕۆژەی وەبەرهێنان" قەرەبوو کراونەتەوە.