جێنشینی چاوەڕوانکراو؛ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور کچەکەی بە جیهان ناساند

#کیم جۆنگ ئون#سەرۆکی کۆریای باکوور#جێنشین#کچە تەمەن 10 ساڵەکەی
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • کیم جو ئای، کچە تەمەن 10 ساڵەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور، ناوی لە هیچ قوتابخانەیەک تۆمار نەکراوە و لە ماڵەوە دەخوێنێت، حەزی لە ئەسپسواری، مەلەکردن و خلیسکەی سەر بەفرە و ناوی تەواوی ئەو کەسانەش گۆڕدراون کە هەمان ناویان لێ نراوە. ئەم کچە لەگەڵ باوکیدا بەشداری لە ڕێوڕەسمەکان و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی وڵاتەکەیدا دەکات.
Primary Asset

سبەی

کیم جو ئای، کچە تەمەن 10 ساڵەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور، ناوی لە هیچ قوتابخانەیەک تۆمار نەکراوە و لە ماڵەوە دەخوێنێت، حەزی لە ئەسپسواری، مەلەکردن و خلیسکەی سەر بەفرە و ناوی تەواوی ئەو کەسانەش گۆڕدراون کە هەمان ناویان لێ نراوە. ئەم کچە لەگەڵ باوکیدا بەشداری لە ڕێوڕەسمەکان و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی وڵاتەکەیدا دەکات. 

وێنەکانی سەردانەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ پەکینی پایتەختی چین، دەریدەخەن کە کچەکەی، کیم جو ئای، بەشدار بووە لە گەشتەکەیدا.

کیم پێشتر لەگەڵ کچەکەیدا بینراوە، کە وەک "جێنشینێکی گونجاو" ناسرابوو، لە وێستگەی شەمەندەفەری شارەکە دابەزیووە.

 سەرۆکی کۆریای باکوور ئەمڕۆ لە چین بەشداری ڕێوڕەسمی "ڕێپێوانی سەرکەوتن"ی کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکاندا بوو، لەوانەش شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا.

ئەمە یەکەمین جارە سەرکردەی کۆریای باکوور بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکات کە سەرکردەی زۆرێک لە وڵاتان تیایدا بەشدار بن.

کیم لە 2ی ئەیلوول بە شەمەندەفەرە گوللەنەبڕەکەی گەشتەکەی بۆ چین دەست پێ کرد و کچەکەی لە پاش باوکیەوە بینرا کاتێک بەرپرسە فەرمییەکان و پاسەوانەکان پێشوازییان لە باوکی دەکرد.

پێشتر دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور کیم جو ئای بە "جێنشینێکی گونجاو" بۆ باوکی وەسف کردبوو. بەڵام خەڵکانێکی کەم زانیارییان لەبارەی کیم جو ئای هەیە کە چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژێک جێگەی باوکی بگرێتەوە.

 کیم جۆنگ ئون زۆر سوورە لەسەر پاراستنی نهێنییەکانی ژیانی خانەوادەکەی، بۆیە زانیارییەکی کەم لەبارەی خانەوادەکەیەوە دەزاندرێت.

تەنانەت ماوەیەکی باش  کیم ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵ ری سۆل جو شاردەوە. ئەوە بوو یەک مانگ دوای دەرکەوتنیان لەبەردەم خەڵکدا، لە تەمموزی 2012 ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەکەیان پشتڕاست کرایەوە و ساڵێک دواتر کچێکیان بوو.

کیم جو ئای: کچەکەی کیم جۆنگ ئون کێیە و چۆن دەرکەوت؟

لە دوای یەکەم دەرکەوتنی لە کۆتایی ساڵی 2022، کیم جو ئای، کچەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکان. 

لەکاتێکدا ناسنامەی ئەو بە درێژایی چەندین ساڵ شاراوە بوو، ئێستا بە شێوەیەکی بەردەوام لە چالاکییە گشتییەکاندا لەگەڵ باوکی دەردەکەوێت.

ئەم دەرکەوتنانە گومانی دروست کردووە دەربارەی ئەگەری بوونی ئەو بە جێنشینیی باوکی لە پیاوسالارترین وڵاتی جیهاندا.

لە ئەیلوولی 2013، کاتێک دێنیس ڕۆدمان، یاریزانی پێشووی باسکەی ئەمریکی، لە گەشتێکی "دیپلۆماسیی باسکە"دا سەردانی کۆریای باکووری کرد، ئاشکرای کرد کە کیم جۆنگ ئون کچێکی هەیە.

 ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری ڕۆدمانەوە بڵاوی کردەوە: " جو ئای'ی منداڵم خستە باوەشم و قسەم لەگەڵ هاوسەرەکەی بەڕێز کیم کرد. ئەو باوکێکی باش و خانەوادەیەکی جوانی هەیە." بەڵام کۆریای باکوور هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم وتانە نەدا.

فیۆدۆر تێرتیسکی، پسپۆڕی سیاسەتی کۆریای باکوور لە زانکۆی کۆمین لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، ئاماژە بەوە دەدات تەنانەت لە میدیای فەرمیی کۆریای باکووریشدا باسی ناوی کچەکەی کیم جۆنگ ئون و تەمەنی ناکرێت. تێرتیسکی پێشبینی دەکات کیم جو ئای ئێستا تەمەنی نزیکەی 10 ساڵ بێت.

ژیانی تایبەتی و حەزەکانی کیم جو ئای

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور (NIS) لە ساڵی 2024 بۆ سیاسەتمەداران، کیم جو ئای هەرگیز لە قوتابخانە ناوی تۆمار نەکراوە و لە ماڵەوە لە پیۆنگیانگی پایتەختدا خوێندوویەتی. 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە کیم جو ئای حەزی لە چالاکییەکانی وەک ئەسپسواری، مەلەکردن و خلیسکێنەی سەر بەفرە. 

یەکێک لە بەشداربووانی ڕاپۆرتەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە کیم جۆنگ ئون بە تایبەتی سەرسامی توانای ئەسپسواری کچەکەی بووە.

بەپێی NIS، کیم جو ئای برایەکی گەورەتر و خوشکێکی بچووکیشی هەیە کە ڕەگەزەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە. برا و خوشکەکانی کیم هەرگیز لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتوون.

یەکەم دەرکەوتن و ڕۆڵی گشتی

کیم جو ئای یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2022 لەبەردەم خەڵکدا دەرکەوت، کاتێک لەگەڵ باوکی سەردانی تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی کرد. 

لەو کاتەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە چالاکییە جیاوازەکاندا لەگەڵ باوکی بینراوە. لەم دواییانەدا، لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا لە یاریگای 1ی ئایار لە پیۆنگیانگ، باوک و کچ یەکتریان ماچ کرد و وێنەکانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە.

لە کانوونی یەکەمی 2023، بەشدارییان لە هەڵدانی مووشەکی بالیستی نێودەوڵەتی (ICBM) هاوسۆنگ-18ی سووتەمەنیی ڕەقدا کرد، کە پێشکەوتووترین مووشەکی دوورمەودای کۆریای باکوورە. 

هەروەها لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، لە کاتی هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕیی ماللیگیۆنگ-1 لە تەنیشت باوکیەوە بوو. پیۆنگیانگ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم مانگە دەستکردە دەرفەت بە کیم جۆنگ ئون دەدات کۆشکی سپی ببینێت.

گۆڕینی ناو و نازناوی “بەڕێز”

لە شوباتی 2023، ڕادیۆی ئاسیا ئازاد ڕایگەیاند حکومەتی کۆریای باکوور فەرمانی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرکردووە کە لە وڵاتەدا دەژین و ناویان کیم جو ئایە، ناوی خۆیان بگۆڕن. 

بەپێی ڕادیۆکە، لای بنەماڵەی فەرمانڕەوا ئەمە ڕێوشوێنێکی باو بووە بۆ پاراستنی ناوی ئەندامانی بنەماڵەی فەرمانڕەوا.

چاودێرانی کۆریای باکوور دەڵێن کیم جو ئای وەک کچە "بەڕێزەکە"ی باوکی ناودەبرێت نەک کچە "خۆشەویستەکە". نازناوی "بەڕێز" بۆ ڕێزدارترین کەسایەتییەکان لە کۆریای باکوور بەکاردەهێنرێت و ئاماژەیە بۆ پێگەیەکی تایبەت و ڕێزێکی زۆر. 

بۆ نموونە، تەنها کاتێک یەکلا بووەوە کیم جۆنگ ئون لە داهاتوودا دەبێتە سەرۆکی وڵات، زاراوەی "فەرماندەی بەڕێز"ی بۆ بەکارهات.

جێنشینێکی گونجاو

لە کۆریای باکوور کە وڵاتێکی ئێجگار گۆشەگیرە، هۆکاری دەرکەوتنی پێشوەختەی کیم جو ئای لەگەڵ باوکی نازاندرێت. 

بە هاوڵاتیانی کۆریای باکوور وتراوە کە بنەماڵەی کیم لە نەژادێکی "پیرۆز"ەوە هاتوون، و تەنها ئەوان دەتوانن وڵاتەکە بەڕێوە ببەن.

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە دەرخستنی کیم جو ئای لەم تەمەنەدا، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوە ناوبراو لە داهاتوودا دەبێت.

بەڵام لەم دواییانەدا هیچ نیشانەیەک نییە کە کیم جۆنگ ئون جێنشینێکی هەبێت، ئەو دەنگۆیانەش ڕەت کراوەنە کە باس لە خراپی باری تەندروستی ئەو دەکرا.

شرۆڤەکارانی دیکە پێیان وایە کە ئەم دەرکەوتنە ڕێگای کیم جۆنگ ئونە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە باوکێکی دڵسۆز و خێزان دۆستە لە کۆمەڵگایەکی زۆر پیاوسالاریدا. 

ئیدوارد هاول، پسپۆڕی نیمچە دوورگەی کۆریا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت: “لە سەردەمی سەرکردە پێشووەکان کیم جۆنگ ئیل و کیم ئیل سونگدا، زۆر پرۆپاگەندە هەبوو کە سەرنجیان لەسەر ڕۆڵی سەرکردەی کۆریای باکوور وەک باوک و دایک بوو، بۆیە پێم وایە ئەم هێمایە بە نیشاندانی ئەو لەگەڵ باوکی لەبەردەم خەڵکدا بەردەوامە.”

کۆریای باکوور، لە دامەزراندنیەوە لە 1948ەوە، لەلایەن پیاوانی بنەماڵەی کیمەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەگەر کیم جو ئای ڕۆژێک جێگەی باوکی بگرێتەوە، دەبێتە یەکەمین ژن کە وڵاتەکە بەڕێوە ببات. 

هاول دەڵێت: “بوون بە کەسێک لە بنەماڵەی کیم بۆ سەرکردایەتیی کۆریای باکوور هێندە گرنگە، کە ئەگەر ژنێکیش بێت لەو بنەماڵەیە، باشترە لە کەسێک کە لە بنەماڵەی کیم نەبێت.”

کاندیدێکی دیکە: کیم یۆ جۆنگ

هاول پێی وایە کاندیدێکی دیکەش هەیە کە دەتوانێت جێگەی کیم جۆنگ ئون بگرێتەوە: ئەویش خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور واتە سەرکردە، کیم یۆ جۆنگ'ە.

لە ئاداری 2014، میدیای فەرمیی دەوڵەت بۆ یەکەمجار بە فەرمی باسی کیم یۆ جۆنگی کرد. کیم لە پۆستێکی باڵادایە لە پارتی کرێکارانی کۆریا'ی دەسەڵاتدار.

هاول دەربارەی کیم یۆ جۆنگ دەڵێت: “لە کیم جو ئای بەتەمەنترە و بە ئاشکرا ئەزموونی زۆر زیاتری لە سیاسەتی کۆریای باکووردا هەیە. جا کچەکەی بێت یان خوشکەکەی، هەردووکیان لە ڕەگەزی مێن، بەڵام هەبوونی کەسێک لە بنەماڵەی کیم گرنگترین شتە.”

خزمەتگوزاری هەواڵگری نیشتمانی کۆریای باشوور (NIS) ڕایگەیاندووە کە بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی "هەموو ئەگەرەکان"، چونکە "زۆر گۆڕاو" هەیە دەربارەی ئەوەی کێ دەتوانێت ببێتە سەرۆکی داهاتووی کۆریای باکوور.

فیۆدۆر تێرتیسکی پێی وایە کیم جۆنگ ئون بە پیشاندانی کیم جو ئای لەبەردەم خەڵکدا، "بۆچوونی گشتی و دەسەڵاتدارانی دەربارەی جێنشینێکی بەتوانا تاقی دەکاتەوە". ئەو دەشڵێت لە کۆریای باکووردا بە گشتی شتێکی لەم جۆرە ناکرێت پێش ئەوەی دۆخی جێنشینی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی