ساڵێک باران بەرانبەر پێنج ساڵ وشکەساڵى؛ هێڵى باران لە عێراق و هەرێم 100 کیلۆمەتر "پاشەکشەدەکات"

#عێراق#هەرێمى کوردستان#باران بارین
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تۆرهان موفتى: هێڵى باران بارین 100 کیلۆمەتر بە ئاڕاستەى باکور پاکشەیکردووە، واتە ئەو زەوییانەى کە پێویستیان بە ئاو نییە و بە دێمى دادەنرێن پێشتر لەنێوان داقوق و دوزدا بوو، بەڵام ئێستا لە باکورى هەولێرە
Primary Asset

عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی وشکەساڵی بێ وێنە بووەتەوە کە خراپترین قەیرانە لە ماوەی زیاتر لە 90 ساڵدا

سبەى

راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو ئاشکرایکرد، هێڵى باران بارین 100 کیلۆمەتر پاشەکشەیکردووە و لە ئێستادا لە باکورى هەولێرە، هەروەها ساڵێک باران بەرانبەر پێنج ساڵ وشکەساڵییە.

تۆرهان موفتى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، عێراق لەناو ئەو 15 دەوڵەتدایە کە لەژێر کاریگەرى گۆڕانکاریی کەشوهەوان.

وتیشى هێڵى باران بارین 100 کیلۆمەتر بە ئاڕاستەى باکور پاکشەیکردووە، واتە ئەو زەوییانەى کە پێویستیان بە ئاو نییە و بە دێمى دادەنرێن پێشتر لەنێوان داقوق و دوزدا بوو، بەڵام ئێستا لە باکورى هەولێرە.

تۆرهان موفتى باسى لەوەشکرد، پێشتر کەش و هەوا ساڵێکی باراناوی بووە و دواتر ساڵێکی دیکە کەمى باران بووە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ساڵێک باراناوییە و پێنج ساڵ وشکەساڵی بەدوایدا دێت. 

رونیشیکردووەتەوە، لە باشووری تورکیا کە سەرەتای حەوزی سەرەکییە بۆ سەرچاوەى ئاوى عێراق، ڕێژەی وشکەساڵی گەیشتووەتە ٥٣%. لە ڕۆژئاوای ئێران کە لقەکانی بەشێکن لە حەوزی دیجلە، ڕێژەی وشکەساڵی گەیشتووەتە ٦٢%. وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان لە ئێستاوە تووشی وشکەساڵی بوون.

تۆرهان موفتى دەشڵێت، تێکڕای بڕی ئاوی ئەمساڵ کە وەریان گرتووە لە ٢٢ ملیار مەتر سێجا تێناپەڕێت، لەکاتێکدا پلانی کشتوکاڵی ساڵانەی عێراق پێویستی بە ٤٠ ملیارە. کۆگاکان دەتوانن 80 ملیار مەتر سێجا لە سەرانسەری عێراقدا هەڵبگرن، کە 70%ی بۆ کشتوکاڵ و 10% بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و ئەوەی دیکە بۆ مەبەستی دیکەیە.

راوێژکارەکەى سودانى بە پێویستى دەزانێت، ساڵنامەی کشتوکاڵی پێناسە بکەنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخانە، بەرهەمگەلێک هەن کە چیتر ناتوانرێت بچێنرێن پێویستە وازى لێبهێنرێت، پێویستە جووتیاران بەرهەمەکانیان بگۆڕن بەو بەرهەمانەی کە داهاتێکی ئابووری زیاتریان هەبێت و ئاوی کەمتریان دەوێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵنامەی بارانبارین لە 1ی تشرینی یەکەمەوە هەژمار دەکات، لەکاتێکدا ماوەی 10 ساڵە، لە کۆتایی مانگی 11 یان سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە باران بارین دەستپێدەکات، تۆرهان موفتى وایوت.

وشکەساڵى لە عێراق

عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی وشکەساڵی بێ وێنە بووەتەوە کە خراپترین قەیرانە لە ماوەی زیاتر لە 90 ساڵدا. وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری دەدات لە کاردانەوەی جددی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتەکە، ئەمساڵ وشکترین ساڵە لە ساڵى 1933 ەوە تا ئێستا، رێژەى ئەو ئاوەى گەیشتووەتە دیجلە و فورات شادەمارەکانى ئاوى عێراق 27%ى ساڵى رابردووە، کۆگاکردنى ئاویش بەڕێژەى 57% کەمبووەتەوە.

کاریگەرییەکانی وشکەساڵی تەنها لە کەرتى کشتوکاڵ نەماوەتەوە، کە نزیکەی ٥٠% کەمبووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ. بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوەش هەبووە، چونکە وێستگەکانی پەمپکردن توانای دابینکردنی ئاویان لە زۆر ناوچەدا نەماوە بەهۆی وشکبوونەوە یان کەمی ئاستی ڕووبارەکانەوە.

داهاتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە نزیکەی ٧٠ ملیار مەتر سێجاوە بۆ ٤٠ ملیار کەمی کردووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئاستی ئاوی هەر تاکێک بگاتە ٤٧٩ مەتر سێجا، لە کاتێکدا ئاستى ستاندارد کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیاریکردووە ١٧٠٠ مەتر سێجایە بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی