سبەى
هەرێمى کوردستان رێککەوتنى لەگەڵ عێراق راگەیاند لەسەر سیستمێکى نوێى بازرگانى و گومرگى، بەوەش کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى کۆمپانیاکانى عێراق دەتوانن جموجۆڵى بازرگانى بکەن.
رۆژى سێشەممە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥، بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و نوێنەرانی وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و بەڕێوەبەری کونترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاكانيان لە حکومەتی عێراق و سامى سودانی ڕاوێژكارى سەرۆك وەزيرانى حكومەتى فيدراڵ کۆبوونەوە، بۆ چارەسەری چەند کێشەیەک کە لەنێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبوون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى بازرگانى هەرێم کە دەست سبەى کەوتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لەوبڕیارانە کە لە کۆبونەوەکەدا درا و ڕێکكەوتنی لەسەرکرا سیستەمی (الاسيكودا ) بوو كە لەماوەكانى ڕابردوو يەكێك بوو لە كێشە و ناكوكيەكانى نێوان هەردوولا و بازرگان و كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان باجى ئەو ناكۆكيانەیان دەدا و راستەوخۆ كاريگەرى خراپى بۆ سەر دۆخى بازاڕ و بازرگانى و ئابوورى كوردستان هەبوو.
لەرێككەوتنەكەدا بريار دراوە بە بەكار هێنانى ژمارەى بازرگانى كۆمپانياكان ( UEN ) كەپێكهاتوە لە چواردە ژمارەى بێ هاوتاو بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشداريكردن لە سيستمەکە.
وەزارەتى بازرگانى هەرێم دەڵێت، بۆ لەمەودوا كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان پێويستيان بە ناسنامەى باج ( هويەى ضريبى) نابێت و لەگەڵ چارەسەر كردنى ئەم كێشەيە كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كۆمپانياكانى ناوەراست و خواروى عێراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خۆيان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن .
سیستەمی ئاسیکودا چییە؟
ئاسیکودا پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) پەرەی پێدراوە بۆ دیجیتاڵکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و بەرزکردنەوەی شەفافیەت.
سوودەکانی سیستمەکە بریتین لە:
تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی مامەڵە بازرگانییەکان.
کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی دەستکاریکردن و گەندەڵی.
خێراکردنی ڕێکارەکانی پاککردنەوەی گومرگی.
بەدواداچوونی وردی قەبارەی بازرگانی و داهاتەکان.
حکومەت دەیەوێت لە رێگەى ئەو سیستمەوە چاکسازی لە سیستمی گومرگیدا بکات، کە لە مێژە بەدەست ملیارەها دۆلارى لەدەستچوو بەهۆی گەندەڵیەوە دەناڵێنێت. پلاتفۆرمەکە داتای ورد و متمانەپێکراو دابین دەکات کە چاودێریکردن و لێپرسینەوە ئاسان دەکات. هەروەها ئامرازێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئابووری عێراق دوور لە پشتبەستنی زۆر بە نەوت.
کۆدی گومرگی
کۆدی گومرگی وەک ناسنامەی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگان یان کۆمپانیاکە لەناو سیستمەکەدا کاردەکات. بەبێ ئەم کۆدە، هیچ بارکردنێک ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە بەستراوەتەوە بە هەموو داتاکانەوە، وەک:
ناوی هاوردەکار
ژمارەی مۆڵەتی بازرگانی
مێژووی بارکردن و بەڵگەنامە