هێزێکی هاوبەشی هەسەدە و ئەمەریکا
سبەی
هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" ماوەیەكە هەڵمەتە سەربازییەكانی دژ بە چەكداران و شانە نوستوەكانی داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی چڕكردۆتەوە، ئەمەش بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا.
لەسەر ئاستەكانی سیاسی و مەیدانی، كەشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا تادێت گەرمتر دەبێت، تائێستا هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد و دەسەڵاتدارانی دیمەشق هیچ ئەنجامێكی نەبووە، بەوهۆیەشەوە بەشێك لە لایەنە كوردیەكان وتاری سیاسییان بەرامبەر دیمەشق توند بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا، هەڵمەتە سەربازیەكانی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی چڕكردۆتەوە.
دەیان چەكدار و ئەندامی داعشیان دەستگیركردووە
هەسەدە دەڵێت ئامانجی سەرەكیی شانە نوستووەكان و چەكداران و بەرپرسانی داعشە لە رەقە و دێرەزور، لەو هەڵمەتانەشدا جگە لە دەستگیركردنی دەیان چەكدار و شانەی داعش، "تیرۆریستێكی مەترسیدار" یان لە رەقە دەستگیركردووە، بەشێك لە میدیا عەرەبیەكانیش ئەو هەڵمەتانەی هەسەدە وەك مانۆڕێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی دانوستانیان بەرامبەر دیمەشق لێكدەدەنەوە.
بەڵام لەسەر ئاستی مەیدانی، هەڵمەتی سەربازیی هەسەدە بە پشتیوانی ئەمەریكا ئەو "دەنگۆیانە" رەتدەكاتەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی دێرەزور و بە دیاریكراوی لە شارۆچكەی "شەحیل" بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی هێلیكۆپتەرەوە دابەزینێكی ئاسمانیی سەربازیی بە هاریكاری هەسەدە ئەنجامدا، لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەشدا كە لە دوو گەڕەكی شارۆچكەكە بوون، فرۆكەی جەنگیی ئەمەریكا و درۆنی چاودێری سوڕاونەتەوە، لە هەڵمەتەكەشدا وەك هەسەدە ئاماژەی پێداوە دەیان چەكدار و ئەندامی داعشیان دەستگیركردووە، پاش لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەشێك لە دەستگیركراوەكانیان ئازاد كردووە، بەشێكیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و هێزەكان بەرەو بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە نزیك كێڵگەی "عومەر" چوون.
بەپێی راگەیەندراوی هەسەدە، پرۆسە ئەمنییەكە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەشێوەیەكی ورد بەڕێوەچووە، یەكێك لەو تیرۆریستانەش كەسێكی مەترسیدار بووە كە دەستگیریان كردووە بەناوی "ئەحمەد مەحمود" ناسراو بە "ئەبو مەنسور" كە هەسەدە تۆمەتباری دەكات بە دەستهەبوون لە زنجیرەیەك هێرش بۆسەر خاڵەكانی پشكنین لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری، هەروەها ئەنجامدانی چەند هێرشێك بۆسەر خەڵكی سڤیل.
چڕبوونەوەی هەڵمەتەكانی هەسەدە
چڕبوونەوەی هەڵمەتەكانی هەسەدە لە كۆتایی مانگی ئابەوە دەستیپێكردووە، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی دێرەزور و رەقە، وەك خۆشیان دەڵێن لەگەڵ دەستگیركردنی دەیان چەكداری داعش و "بەكرێگیراو" كە دەستیان هەیە لە پشێوی و بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیل، سێ گەورە "تیرۆریست" یشیان دەستگیركردووە كە رۆڵیان هەبووە لە نانەوەی بۆمبی چێندراو.
گفتوگۆکان بێ ئەنجامن
چەند سەرچاوەیەكی حكومەتی سوریا بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" یان وتووە هەسەدە دەیەوێت لە رێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە كە دژ بە داعش ئەنجامی دەدات، پاڵپشتی زیاتری سیاسی و ئەمنی بەدەست بهێنێت، ئەوەش لە دانوستانەكاندا بەرامبەر دیمەشق بەكاربهێنێت. ئەوەش لەلایەن توركیاوە رەتكراوەتەوە.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری گفتوگۆكان، هەسەدە ئاستی داواكارییەكانی بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا بەرزكردۆتەوە، یەكێك لەو داواكاریانەش وەرگرتنی وەزارەتی سیادییە، بەوهۆیەشەوە تائێستا گفتوگۆكان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
چۆنیەتی تێكەڵكردنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریای نوێ، تائێستا لەنێوان دەسەڵاتدارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق ناكۆكیی لەسەرە، ئەوەش رێگرە لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كرا، كە خۆی لە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازیی و مەدەنییەكان دەبینێتەوە، لەوانەش دەروازە سنوریەكان و فرۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز، تائێستاش چوار گەڕی گفتوگۆیان لە دیمەشق و حەسەكە و ئوردن ئەنجامداوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.