ئەو وێستگەیە وابەستەیی قەرەباڵغترین وڵاتی جیهان بە خەڵوز کەم دەکاتەوە، وێنە: ئەی ئێف پی.
سبەی
CNN بڵاوی کردوەتەوە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە لە جیهان لە لایەن کۆمپانیای کەرتی وزەی هیندی Adani Green Energy Limited دروست دەکرێت و پێنج هێندەی 'پاریس'ی پایتەختی فەڕەنسا دەبێت.
ئەو دامەزراوەیە کە تەنانەت لە بۆشاییی ئاسمانیشەوە دەبیندرێت و مەزەندە دەکرێت ئەوەندە وزە بەرهەم بهێنێت کە بەشی سویسرا بکات، دەبێتە وێستگەیەکی ئێجگار گەورە لە ویلایەتی گوجەرات.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ساگار ئادانی ئاماژەی بەوە داوە وێستگەکە کە وزەی پاک لە تیشکی خۆر و با بەرهەم دەهێنێت، نزیکەی 20 ملیار دۆلاری تێ دەچێت.
ساگار ئادانی تەمەن 30 ساڵ برازای دووەم دەوڵەمەندترین خاوەنکاری ئاسیا، گۆتام ئادانی'یە. گۆتام ئادانی 35 ساڵ لەمەوبەر Adani Green Energy Limited دامەزراند کە گەورەترین کۆمپانیای دەرهێنانی خەڵوزە لە هیندستان.
وێستگەکە وابەستەیی بە خەڵوز لە هیندستان کەم دەکاتەوە
ژمارەی دانیشتوانی هیندستان یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسە و نزیکەی لە سەدا 70ی کارەبای ئەو وڵاتە لە وێستگەکانی خەڵوز بەرهەم دەهێندرێت. مەزەندە دەکرێت دروستکردنی ئەو وێستگەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک، وابەستەیی بە خەڵوز کەم بکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان، نارێندرا مۆدی پێشتر ڕایگەیاندبوو بەرنامەیان بۆ ئەوە داناوە تاکوو 2030 نیوەی پێداویستی وزەی هیندستان لە سەرچاوەی وزەی پاکەوە دابین بکەن.
ئەو وێستگەیە نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە سەر سنوری پاکستانەوە دورە و لەسەر ڕوبەری نزیکەی 520 کیلۆمەتر چوارگۆشە بونیاد دەندرێت.
لە بارەی شوێنی بونیادنانی وێستگەکەوە ساگار ئادانی دەڵێت: "ناوچەکە زۆر گەورەیە و هیچ بەربەستێک نییە بۆ بونیادنانی وێستگەکە لەوێ؛ چونکە ناوچەی نیشتەجێبون، ژیانی کێوی و گژوگیای لێ نییە. هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە بۆ ئەو شوێنە تاکوو وێستگەکەی لەسەر بونیاد بندرێت".
ناوبراو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دەیانهەوێت کۆتایی بهێنن بە بەکارهێنانی سوتەمەنیی بە بەردبوو، وتيشی: "ئەگەر هیندستانیش وەک چین، ئەوروپا و ئەمەریکا بکات، ئەوا داهاتوویەکی زۆر خراپ چاوەڕێی هەمومان دەکات".