سبەی
هودا پار کە وەک پارتێکی نەریتخواز و ئایینی دەناسرێت و هاوکات بانگەشەی ئەوە دەکرێت داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکات، ژمارەیەک بەربژێری خۆی دیاری کردوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان.
جگە لە جیاوازی ئایدۆلۆژی نێوان هودا پار و دەم پارتی؛ هاوشێوەی ئاک پارتی و مەهەپە ژمارەیەک پارتی ڕاستڕەوی تورکیا تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ دەم پارتی کە وەک باڵی سیاسیی پەکەکە ڕۆڵ دەگێڕێت و بەم هۆیەیشەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و ئەندامانی پارتەکە زیندانی کراون. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بەتایبەت جەهەپە و پارتە نەتەوەیییە ئۆپۆزسیۆنەکان هودا پار بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەسەر هەمان ڕێچکەی حزبوڵڵا دەڕوات کە بە تۆمەتی "ڕفاندن"، "توندوتیژی"، "ئەشکەنجەدان" و "کوشتن"ی ئەوانەی وەک نەیاری خۆیان لەقەڵەمیان داون حزبوڵڵا ناوی خراوەتە "لیستی تیرۆر". لە کاتێکدا ئاک پارتی و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی "ئایین" وەک خاڵێک لە دژی دەم پارتی بەکار دەهێنن و وەک پارتێکی چەپ لەبارەیەوە دەدوێن، هاوکات جەهەپە و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی، هودا پار بەوە تۆمەتبار دەکەن کە داوای گۆڕینی چوار مادە نەگۆڕەکەی دەستوری تورکیا و خۆسەری دەکات و وەک پارتێکی نەریتخوازی "دژەژن و دژە عەلمانییەت" لە قەڵەمی دەدەن.
لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیییەوە بۆ ململانێی ئایدۆلۆژی
بەشێک لەوانەی چاودێریی دۆخەکە دەکەن ئەم هەڵبژاردنە کە خۆی لە خۆیدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە و پێویستە گرنگی بدرێت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەربژێران، وەک گەڕێکی دیکەی ململانێکانی نێوان پاشخانی هزری پارتەکان و ئەو دوو پارتە لێک دەدەنەوە و سەرچاوەی ململانێکە بۆ ڕکابەرێتیی نێوان پەکەکە و حزبوڵڵا دەگێڕنەوە لەپێناو پتەوترکردنی هەژمونی خۆیان لەسەر کوردانی باکوری کوردستان.
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشوی شارەوانییەکان کە هودا پار دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی هاوپەیمانیی جمهور کە پێکهێنەرە سەرەکییەی ئاک پارتیی حوکمڕانە، بە بەربژێری خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی 23 شارەوانیی گەورەشار و 57 شارەوانیی ناوەندیی پارێزگاکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەکات.
وێنەی نەخشەی پارێزگاکانی تورکیا و باکوری کوردستان، وێنە: میدیاکان
بەم جۆرە هودا پارت جگە لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان ئامەد (دیاربەکر)، ئەرزیڕۆم، دیلۆک (عەنتاب)، گومگوم (مەڕەش)، مەلەتی (ماڵاتیا)، مێردین (ماردین)، ڕوها (ئورفا)، وان، چەولیک (بینگۆل)، سەمسور (ئادیەمەن)، ئاگری، ئەردەخان، ئێلح (باتمان)، بەدلیس، خارپێت (ئەلعەزیز)، ئەرزینگان، جۆڵەمێرگ (هەکاری)، ئیدر، قەرس، موش، سێرت، سێواس، شرنەخ، دێرسیم؛ هەروەها بە بەربژێرەکانی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات لە هەریەک لە پارێزگا تورکییەکانی ئادانا، ئەنتاڵیا، ئایدن، دەنیزلی، ئەسکیشەهیر، هاتای، قەیسەری، کۆجائەلی، کۆنیا، مانیسا، مێرسین، موغڵا، ئۆردو، ساکاریا، سامسون، تەکیرداغ، ترابزۆن، ئافیۆن کاراحیسار، ئاکسارای، ئەماسیا، ئارتڤین، باڵکئەسیر، بارتین، بایبورت، بیلەجیک، بۆڵو، بوردور، چاناککالە، چانکری، چۆروم، دوزجە، ئەدیرنە، گیرەسون، گوموشهانە، ئسپارتا، کارابوک، کارامان، کاستامۆنو، کرککالە، کرکلارەلی، کرشەهیر، کیلیس، کوتاهیا، نێڤشەهیر، نیغدە، عوسمانییە، ڕیزە، سینۆپ، تۆقات، ئوشاک، یاڵۆڤا، یۆزگات و زۆنگوڵداک. ئەو پارتە سەدان کەسیشی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی قەزا و ناحیەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بەربژێر کردوە.
هودا پار بەڵام بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر پشتیوانی لە بەربژێرانی ئاک پارتی دەکات.
بەشداریکردنی هودا پار لە زۆربەی پارێزگاکانی تورکیا و باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کاتێکدایە پارتەکە بەشداری هەڵبژاردنی پێشوی شارەوانییەکانی نەکرد کە لە 2019 ئەنجام درا.
ڕێژەی دەنگەکانی هودا پار لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوی شارەوانییەکان، جێگری سەرۆکی گشتیی هودا پار، مەحمود شاهین ڕایگەیاند کە بڕیاریان داوە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا نەکەن، گوتبوی: "بەڵام ئەمەیش بە واتای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نایەت. لە میانی ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ڕێکخستنەکانماندا ئەو بڕیارەمان داوە، چونکە بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە خەرجییەکی زۆری تێ دەچێت".
هودا پار بە ژمارەیەک بەربژێر لە ژمارەیەک ناوچەی باکوری کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لە 2014دا کرد. لە کاتێکدا لەو هەڵبژاردنەدا لە ئامەد بەدەپە (دەم پارتی درێژەپێدەریەتی) لە سەدا 55.11ی دەنگەکانی بەدەست هێنا، ئاک پارتی لە سەدا 34.98 و هودا پاریش لە سەدا 4.6ی دەنگەکانی بە دەست هێنا. لە ئێلح بەدەپە لە سەدا 53.15ی دەنگەکان، ئاک پارتی لە سەدا 32.38 و هودا پاریش لە سەدا 8.1ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە مێردین بەدەپە کە بە شێوەی کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد لە سەدا 52.20، ئاک پارتی لە سەدا 37.36 و هودا پاریش لە سەدا 2.3ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە سێرت بەدەپە لە سەدا 47.83، ئاک پارتی لە سەدا 44.13 و هودا پار لە سەدا 1.2ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە شرنەخ بەدەپە لە سەدا 74.76، ئاک پارتی لە سەدا 17.07 و هودا پار لە سەدا 2.6ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە بەدلیس ئاک پارتی لە سەدا 45.72، بەدەپە لە سەدا 38.45، هودا پار لە سەدا 5.9ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە موش ئاک پارتی لە سەدا 43.80، بەدەپە لە سەدا 38.78 و هودا پار لە سەدا 1.4ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە چەولیک ئاک پارتی لە سەدا 56.44، بەدەپە لە سەدا 21.69 و هودا پار لە سەدا 3.1ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە ڕوها ئاک پارتی لە سەدا 61.63، بەدەپە لە سەدا 30.54 و هودا پار لە سەدا 0.8ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە وان هەدەپە لە سەدا 53.19، ئاک پارتی لە سەدا 41.20 و هودا پار لە سەدا 0.7ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە ئاگری بەدەپە لە سەدا 46.01، ئاک پارتی لە سەدا 37.59 و هودا پار لە سەدا 0.1ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.
پەیوەندییەکانی نێوان ئاک پارتی و هودا پار
هەرچەند هودا پار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتری پەرلەمانی تورکیادا کرد، بەڵام هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی ئەو پارتە نەیتوانی بگاتە پەرلەمان. بەڵام لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ڕابردوو لە تورکیا و باکوری کورستان هودا پار توانی لە ڕێگای لیستی ئاک پارتی'یەوە چوار کاندیدی خۆی بگەیەنێتە پەرلەمان. هودا پار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە 2023 و 2018دا پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی و داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی کرد دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.
هودا پار لە 19ی کانونی یەکەمی 2012 دامەزرا و دروشمەکەی "سیاسەتی دروست و دادپەروەریی ڕاستەقینە"یە. ئایدۆلۆژیای پارتەکە ئیسلامییە و گوتەبێژی پارتەکە، سەرکان ڕامانڵی ڕەتی کردوەتەوە کە هودا پار پارتێکی نەتەوەیی کوردی بێت و گوتویەتی: "ئێمە هەموو جۆرە نەتەوەیەتییەک دەخەینە ژێرپێ. ئێمە مسوڵمانین و پێمانیوایە هەموو مسوڵمانان برای یەکن. پارتەکەمان نە کوردچییە نە تورکچی، نە کەمالیستە و نە ئاپۆیی".