کیم جۆنگ ئون وشەکانی "هەمبەرگر" و "ئایسکرێم" لە کۆریای باکوور قەدەغە دەکات

#کیم جۆنگ ئون#هەمبەرگر#ئایسکرێم#قەدەغەکردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە نوێترین بڕیاریدا کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە پاساوی ئەوەی کە گوایە لە خۆرئاوا و کۆریای باشوور زۆر بەکار دەهێندرێن، بڕیاری دا هەریەک لە وشەکانی "هەمبەرگر" و "ئایسکرێم" و "کارائۆکێ" قەدەغە بکرێن.
Primary Asset

سبەی

لە نوێترین بڕیاریدا کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە پاساوی ئەوەی کە گوایە لە خۆرئاوا و کۆریای باشوور زۆر بەکار دەهێندرێن، بڕیاری دا هەریەک لە وشەکانی "هەمبەرگر" و "ئایسکرێم" و "کارائۆکێ" قەدەغە بکرێن.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاوی کردووەتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری داوە وشەی جێگرەوە بۆ ئەو دوو جۆرە خواردن و ئامێرەکانی کارایۆکێ دابنێت.

کۆریای باکوور یەکێکە لە داخراوترین وڵاتانی جیهان و لە نوێترین بڕیاری سەرۆکی ئەو وڵاتەدا هۆشداری دراوە بە هاوڵاتییان لەو وشانە دوور بکەونەوە کە لە خۆرئاوا و کۆریای باشوور بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەکار دەهێندرێن.

بەم جۆرەیش بڕیار دراوە "داجین-گۆگی گیۆپانگ" (کە بە واتای نانی دووانی گۆشتی قیمەتێکراو) لەبری "هەمبەرگر"، وشەی "ئێسوکیمۆ" لەبری "ئایسکرێم" بەکار بهێندرێت.

هاووڵاتییانیش ناچاریش دەکرێن بە ئامێرەکانی کارایۆکێ بڵێن "ئامێرەکانی هاوڕێیکردنی سەر شاشە".

ئەوە لەکاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەراپۆرتێکدا هۆشداری دەدات لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کۆریای باکور لەبەردەم خەڵکدا لە سێدارە دراون یان لە دۆخێکی زۆرجار مەترسیداردا ناچار بە کاری زۆرەملێ کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حکومەتی کۆریای باکور خەڵکی لەسێدارەداوە بەهۆی سەیرکردنی فیلم یان زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان یان هاوبەشکردنیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە 300 پەنابەری کۆریای باکور ئەنجامداوە کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و بۆی دەرکەوتووە کە ئێستا حکومەت بە توندی کۆنترۆڵی هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتیانی دەکات.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا حکومەتی کۆریای باکور کۆنترۆڵی خۆی بەسەر “هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتییان” توندتر کردووە.

لە ساڵی 2015ـەوە لانی کەم شەش یاسای نوێ دەرچووە کە ڕێگە بە سزای زیاتری لەسێدارەدان لە کۆریای باکور دەدات، یەکێک لەو تاوانانەی کە ئێستا سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، سەیرکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی میدیای بیانییە، وەک فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، هەنگاوێکە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی خەڵک گرتوویەتەبەر.

ئەو کەسانەی لە کۆریای باکور هەڵاتوون بە لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕاگەیاندووە، لە ساڵی 2020ـەوە ژمارەی لەسێدارەدان بەهۆی بینینی زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان زیادیکردووە، ئەوان باسیان لەوە کردووە کە چۆن زۆرجار لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی گولەباران  ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ترس لە خەڵکدا بچێنن و ڕێگرییان لێبکەن لەوەی یاساکان پێشێل بکرێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی