سبەی
دوای 20 ساڵ لە مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات ئێستا شارەزایانی سیاسی دۆخی تورکیا دەڵێن وڵاتەکە هەرچی زیاتر بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت و دیموکراسی لەو وڵاتە پاشەکشە دەکات، دەشڵێن سەرۆکی تورکیا لە ئێستادا تەنانەت سەرکردایەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئاراستە دەکات ئەوەش بەمانی ئەوەیە کە وڵاتەکە هەرچی زیاتر دەچێتە سەر ئەو شێوازەی لە ئێستادا پوتین لە روسیا پەیڕەوی دەکات.
پۆلیسی تورکیا رۆژی (8ـی ئەیلولی 2025) هێرشی کردە سەر بارەگای پارتی گەلی کۆماری کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە لە ئیستەنبوڵ و هەوڵیدا لە ڕێگەی گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە ب ەلایەنگرانی حیزبەکە بکات، لەناو بیناکەشدا ئەندام پەرلەمانەکانی جەهەپە راستەوخۆ وێنەکانیان دەگواستەوە لەکاتێکدا کە هەوڵیان دەدا بە مۆبیلیات دەرگا و پەنجەرەکان بگرن بۆ ئەوەی بەر بە هێرشی پۆلیس بگرن.
ڕۆژی روداوەکە ژمارەیەکی زۆری پۆلیس بەچەکێکی زۆرەوە هەوڵیاندا بە یاوەری گورسێل تەکین، سەرۆکی کاتی پارتەکە کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشانکراوە لقی ناوخۆیی جەهەپە کۆنترۆڵکردن بکات.
گورسێل تەکین ئەندامێکی دێرینی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە ماوەیەکی زۆر پۆستی باڵای لە حیزبەکەی هەبووە، بەڵام دژی سەرکردایەتی ئێستای جەهەپەیە، کاتێک دواجار لە 8ـی ئەیلولدا هاتە ناو بیناکەوە، پارتی گەلی کۆماری بە شێوەیەکی ڕەمزی بارەگاکەی گواستەوە بۆ ناونیشانێکی نوێ.
ئەم پێشهاتە دوایین بابەتی چەند مانگێک ململانێیە لەسەر داهاتووی جەهەپە وەک کۆنترین پارتی سیاسی تورکیا و گرووپی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدات کاردانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر دیمەن و داهاتووی سیاسی تورکیا.
لای خۆیەوە گونێل تۆل، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی تورکیا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، بە (بی بی سی) تورکی ووتووە: "ئەمە خاڵی وەرچەرخانە بۆ داهاتووی دیموکراسی تورکیا، ئەوە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ"دیکتاتۆرییەتێک لە شێوازی روسیا کە تەنانەت نەیارەکانیشی خۆی هەڵیان دەبژێرێت".
شرۆڤەکاران دەڵێن ناکۆکی لەسەر لقی ئیستەنبوڵی پارتی گەلی کۆماریخواز دەتوانێت پێشەکییەک بێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێبەری داهاتووی حیزبەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە.
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری بە (بی بی سی) دەڵێت: دوای ئەوەی لە ئیستەنبوڵ بینیمان، هەر شتێک دەکرێت ڕووبدات، چونکە ئەو بڕیارانەی دەدرێن چیدیکە یاسایی نین و سیاسین.
ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە دۆسیە یاساییەکانی دژی جەهەپە لە ململانێی ناوخۆیی دەسەڵات لە نێوان سەرکردایەتی ئێستا و لایەنگرانی کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی پارتەکە سەرچاوە دەگرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەمال کلیچدارئۆغڵو بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ سەرکردایەتی جەهەپەی کرد تا لە کۆنگرەی 2023دا ئۆزگور ئۆزال وەک جێنشینی دیاریکرا.
لە ئێستادا دادگا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەک دەکات کە ئایا دوایین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری یاسایی بووە یان نا؟ لەو حاڵەتەشدا پێدەچێت کە کلیچدارئۆغڵو دوبارە بگەڕێتەوە سەرکردایەتی پارتەکەی.
ناچۆ سانچێز ئامۆر، ڕاپۆرتدەری پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداریدا لەوەی بڕیارێکی لەو شێوەیە "دەبێتە بزمارێکی کۆتایی لە تابووتی دیموکراسی فرە حزبی تورکیادا."
هەر لەو پەیوەندییەدا گونێل تۆل دەڵێت: ئەوە بەو مانایە دەبێت کە "هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان چیتر گرنگ نابێت" و پێویستە چاوەڕوانی تورکیایەک بین هاوشێوەی ئەوەی لە ئێستادا لە روسیا روودەدات.
لەبەرانبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە بۆ دەستوەردانی سیاسی ئاراستەی دەکرێت و جەخت دەکاتەوە دۆسیەکان هۆکاری سیاسیان لەپشت نییە و دەسەڵاتی دادوەری لە وڵاتەکەی سەربەخۆیە و بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئیستەنبوڵ دەڵێت" لە تورکیا کەس لە سەرووی یاساوە نییە".
دوایین ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی لە تورکیا لە کاتێکدایە کە چەند مانگێک لە سەرکوتکردنی جەهەپە بەڕێوەدەچێت دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ و کاندیدی پارتی گەلی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ئۆزگور ئۆزال پاڵپشتی دەکات، لە مانگی ئاداردا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئیمامئۆغڵۆ هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و لەو کاتەوە دەیان سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی باڵای جەهەپە لە سەرانسەری تورکیا دەستگیر کراون.
ئەردۆغان زیاتر لە دوو دەیەیە حوکمڕانی تورکیا دەکات، سەرەتا وەک سەرۆکوەزیران و دواتر وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بە دەسەڵاتێکی فراوانەوە، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان دوابەدوای ئەو قەیرانە ئابووریە سەختە کە لەو ساڵانەدا تورکیای گرتووەتەوە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا تووشی شکستی گەورە بووە و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارێزگا گەورەکانی بە جەهەپە دۆڕاند، ئەوەش گەورەترین سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا بوو لە هەڵبژاردنەکاندا لە ماوەی نزیکەی پێنج دەیەدا.
سانێم ئادار، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش دەڵێت: "پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام و بەرچاو بنکەی جەماوەری خۆی لەدەست دەدات".
دەشڵێت "سەرکەوتنی ئەم دواییەی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکاندا وایکردووە وەک "مەترسییەکی ڕاستەقینە" بۆ سەر مانەوەی حکومەتی ئەردۆغان دەربکەوێت".
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر 15ـی ئەیلولن کە دادگا دانیشتنێک لەسەر سەرکردایەتی جەهەپە ئەنجام دەدات و نوێنەری پارتەکە بە (بی بی سی) ڕاگەیاندووە، ترسی ئەوەی هەیە دادگا کۆنگرەی پارتەکەی کە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو پووچەڵ بکاتەوە یان تەنانەت پێش ئەو بەروارەش چاودێرێک بۆ سەرکردایەتیکردنی پارتەکە دەستنیشان بکات.
لەبەرانبەردا جەهەپە بەنیازە ڕۆژی 21ـی ئەیلول کۆنگرەی نائاسایی ببەستێت و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ ئەنجام بدات ئەگەر دادگا ئۆزگور ئۆزال و تیمەکەی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
لای خۆیەوە سەنام ئادار دەڵێت: "ئەگەر ئەم هێرشە فرەلایەنەیە بۆ سەر جەهەپە سەر بگرێت، بەدڵنیاییەوە دەبێتە نیشانەی فەرمی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن لە تورکیا".