پاڵێوگەی کەرکوک رۆژانە 1.6 ملیۆن لیتر بەنزینی موحەسەن بەرهەم دەهێنین

#نەوت#کەرکوک#پاڵێوگە#بەنزینی موحەسەن#نەوتی سپی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • پاڵێوگەی نەوتی کەرکوک، دەستپێکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز و غازی شلی راگەیاند، رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر بەنزینی موحەسەن بەرهەمدەهێنێت.
Primary Asset

سبەی

پاڵێوگەی نەوتی کەرکوک، دەستپێکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز و غازی شلی راگەیاند، رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر بەنزینی موحەسەن بەرهەمدەهێنێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: ئەو بەنزینەی کە بەرهەم دەهێنرێت لە پاڵێوگەی نەوتی کەرکوک بە ئۆکتانی 92، جۆرێکی باشە، هاوشانی ئەوەش بڕێکی زۆر نەوتی سپی و غازی شل بەرهەم دەهێنێت، کە کاریگەریی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم و باشکردنی جۆرێتی بەرهەمە سوتەمەنییەکان.

بەپێی سەرچاوەکە، بەرهەمهێنانی بەنزین و غازی شل، دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو وەزیری نەوتی عێراق پاڵێوگەی نەوتی کەرکوکی بە فەرمی کردەوە و رایگەیاند: بەرهەمی پاڵێوگەی کەرکوک یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی بەرهەمە سوتەمەنییەکان و رێژەیەکی باشی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەکاتی سەردانەکەی بۆ کەرکوک، سەرەتای مانگی ئابی رابردوو رایگەیاند: لە سایەی پاڵێوگەی کەرکوکەوە بەرهەمی ناوخۆیی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، خەرجی هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەنی لە 5 ملیار دۆلارەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار کەمکردوەتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق، رایگەیاند: توانای بەرهەمی کێڵگەی نەوتی کەرکوک کە جۆرێکی باشە و ئۆکتانی بەرزە دەگاتە 12 ملیۆن لیتری رۆژانە، ئەوەش کاریگەرییەکی باشی و پێداویستی بازاڕی ناوخۆیی پڕدەکاتەوە.

پاڵێوگەی کەرکوک سود لە کیڵگەی نەوتی جمبور وەردەگرێت، ژمارەیەک بیرە نەوتی گەورە لە خۆدەگرێت یەکێک لە کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی پارێزگای کەرکوک، لە مانگی ئابی 1959 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لەو کێڵگەیە.

پڕۆژەی پەرەپێدانی پاڵێوگەی نەوتی کەرکوک، سەرەتای ئەم ساڵە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و ئەمەریکا ئیمزا کرا، بە تێچووی 2 ملیار دۆلار، کۆی پڕۆژەکە بە سەرجەم قۆناغەکانییەوە دوو ساڵ و سێ مانگی بۆ دانراوە. بە توانای پاڵاوتنی 70 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

جگە لە بەنزینی موحەسەن، نەوتی سپی، گازوایل، بڕێکی غازی شلیش بەرهەمی پاڵێوگەکەیە و توانای پەرەپێدانی زیاتریشی هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی