سبەی
هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی پێشوو و دامەزرێنەری ڕێکخراوێکی ناحکومی سەرکردایەتی ناڕەزایەتی بەربڵاوی کرد لەڕێگەی بەکارهێنانی پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیای دیسکۆرد و ئینستاگرام کە بووە هۆی ڕووخانی حکومەتی سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ، لە میانی شۆڕشێکی جەماوەریدا کە دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە و بووە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕێڕەوی سیاسی نیپاڵ و هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی و ئەگەری گۆڕینی حکومەت بەیەکجاری.
سودان گورونگ گۆرانیبێژێکی پێشوو و سەرۆکی ڕێکخراوێکی بچووک، سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێنا بۆ ڕووخاندنی حکومەتێک و لە کۆتاییشدا بوونە بڕیاردەری سەرەکی لە سیاسەتی نیپاڵدا.
سودان گورونگ تەمەن 36 ساڵ، دامەزرێنەری ڕێکخراوی قازانج نەویستی هامی نیپاڵ بە واتای "ئێمە نیپاڵین"، تۆڕەکانی دیسکۆرد و ئینستاگرامی بەکارهێنا بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، گورونگ ئەم ئامرازانەی بەکارهێنا بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراوان و لە کۆتاییدا بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی شارما ئۆلی سەرۆکوەزیران، لە چوارچێوەی شۆڕشێکدا کە بە کوشندەترین قەیرانی سیاسی وڵات لە ماوەی دەیان ساڵدا وەسف کراوە.
گورونگ و گروپەکەی VPN یان بەکارهێنا بۆ چوونە ناو پلاتفۆرمە بلۆککراوەکان و بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ناڕەزایەتی. هەزاران گەنج وەڵامی ئەو پەیوەندییەیان دایەوە. تەنانەت تەلەفزیۆنی نیشتمانی نیپاڵ ئاماژەی بە کاریگەریی پۆستە سەرەتاییەکانی گروپەکە کرد لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دیسکۆرد.
ڕێکخستنی نارەزایەتییەکان
ئەو مێرمنداڵ و گەنجانەی لەم تۆڕانەدا کۆدەبوونەوە، شایەتحاڵی ڕێکخستنی هێزێکی نوێ بوون. کاران کولۆنگ ڕای، خوێندکاری تەمەن 18ساڵ، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بانگهێشتی گروپێکی دیسکۆرد کرابووم کە نزیکەی 400 ئەندامی تێدابوو. ئاماژەی بەوەکردووە، "داوایان لێکردین بەشداری خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بکەین کە چەند کیلۆمەترێک لە پەرلەمانەوە دوورە."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی توندوتیژییەکان، هامی نیپاڵ هەوڵیدا هەواڵە ساختەکان دەستنیشان بکات و راستییەکان بڵاوبکاتەوە و تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنی نەخۆشخانەکانی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی بریندارەکان بتوانن خێراتر بگەنە دامەزراوە پزیشکییەکان.
ڕێگایەک بەرە دەسەڵات
ئەندامانی هامی نیپاڵ کە زۆرجار بە ناوی ساختەوە کاردەکەن، ئێستا بوونەتە ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی سوپا دانوستانیان کرد و سەرکەوتوو بوون لە دەستنیشانکردنی دادوەری پێشوو سوشیلا کارکی وەک سەرۆک وەزیرانی کاتی.
کارکی بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بە گەندەڵی ناسراوە و یەکەم ژنە لە مێژووی نیپاڵدا کە ئەو پۆستە وەربگرێت. گورونگ لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە وتی: "دەسەڵات دەدەمەوە دەستی خەڵک و هەموو سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان ڕووبەڕووی دادگا دەکەمەوە."
ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەنجانی تەمەن بیست ساڵان پێکهاتبوون، تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوو بە شەپۆلێکی وێرانکەر و کوشندە و شەڕ و پێکدادان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان 72 کوژراو و زیاتر لە 1300 برینداری لێکەوتەوە. ئەو خوێنڕشتنە داڕمانی حکومەتی خێراتر کرد و وێنەی توندوتیژییەکانی سەر شەقامەکانی نیپاڵ بە شێوەیەکی بەربڵاو کەوتە بەرچاوی هاوڵاتیانی جیهان.
سەرەڕای سەرکەوتنی گەورەیان، بەڵام ئەندامانی هامی نیپاڵ دەڵێن هیچ پلانێکیان نییە خۆیان بۆ پۆستی حکومەت کاندید بکەن، ڕونێش پرادان، خۆبەخشی تەمەن 26 ساڵ لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە نامانەوێت ببینە سیاسەتمەدار، سودان گورونگ تەنها یارمەتی نەوەی زێد دەدات و ئێمە دەنگی گەلین و بەدوای دەسەڵاتی ڕاستەوخۆدا ناگەڕێین."
ڕەگ و ڕیشەی مەدەنی
گورونگ پێشتریش ڕۆڵی سەرەکی بووە بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان لە کاتی قەیرانەکاندا لەوانەش لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2015 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 9 هەزار کەس و لە کاتی پەتای کۆڤید-19 لە هەوڵەکانی فریاگوزاریدا بەشدار بووە و ئەو مێژووە زێڕینە بووەتە هۆی ئەوەی متمانەی گشتی زیاتری بەدەستبهێنێت.
ژمارەیەک چالاکوانی دیکەش لەنێویاندا ڕاج تاپا تەمەن 24 ساڵ و ڕاهان ڕاج دانگال، دەرچووی یاسا، شانبەشانی گورونگ کاردەکەن، ئەوان پەیجی ئینستاگرامی "هامی نیپاڵ" بەڕێوەدەبەن، کە ئێستا زیاتر لە 160 هەزار فۆڵۆوەری هەیە، تاپا کە بە خێرایی بووە بە یەکێک لە سەرکردە بەناوبانگەکانی بزووتنەوەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە " دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە و دەبێت ئازادییەکەی مسۆگەر بکرێت، ئەم کارە لە پێشینەی کارەکانی ئێمەیە لە دوای پێکهێنانی حکومەتی کاتی، جەختیشی لەوە کردەوە: "ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاری لە دەستووردا پێویست بێت، بەڵام نامانەوێت دەستوور هەڵبوەشێتەوە."
گورونگ و دەوروبەرەکەی لە ئێستادا لەگەڵ کارکی لە گفتوگۆدان سەبارەت بە پێکهاتەی کابینەکە، بە وتەی ئەندامانی ئەو گرووپە، بەشێک لە دامەزراوەکانی حکوومەتی پێشوو لادەبرێن، دەشڵێن "پرۆسەکە بە وردی بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کابینەکە بە گەنجانی لێهاتوو و بەتوانا پێکبهێنرێت."
ئێستا داهاتووی نیپاڵ بەدەست نەوەیەکەوەیە کە لە ناڕەزایەتی و سۆشیال میدیادا لەدایک بووە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئەم وزەیە بگۆڕدرێت بۆ پێکهاتەیەکی بەردەوام بۆ دیموکراسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی؟