سبه‌ی
شه‌ش مانگه هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه به‌رده‌وامه و زیاتر له 33 هه‌زار هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه و ده‌یان هه‌زاری دیكه بریندارن، بێ ئه‌وه‌ی له ئاسۆوه هیچ ئیراده‌یه‌ك بۆڕاگرتنی شه‌ڕه‌كه ده‌ركه‌وتبێت.
شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرائیل له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می 2023 سه‌ریهه‌ڵدا.
دوای هێرشێكی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه جوونشینانه‌ی ئیسرائیل له نزیك غه‌ززه دروستیكردوون، سوپای ئیسرائیل هێرشه ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ده‌ستپێكرد.
دوای 20 ڕۆژ له بۆردومانی 24 كاتژمێری چڕ، سوپای ئیسرائیل له 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2023دا هێرشی له وشكانی و ده‌ریاوه بۆ سه‌ر باكووری كه‌رتی غه‌ززه ده‌ستپێكرد.
هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بووه هۆی ئاواره‌بوونی زیاتر له ملیۆنێك دانیشتووی باكووری كه‌رته‌كه به‌ره‌و باشوور.
له باره‌ی ئاماری زیانه‌كانه‌وه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی فه‌له‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، تا ئه‌مڕۆ 7ی نیسانی 2024، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی كه ته‌رمیان گه‌یه‌ندراوه‌ته نه‌خۆشخانه و تۆمار كراون، 33 هه‌زار و 175 هاوڵاتی فه‌له‌ستینی گیانیان له‌ده‌ستداوه كه زۆرینه‌ی ڕه‌هایان منداڵ و ژنن.
هاوكات هه‌زار هاوڵاتی دیكه گیانیان له‌ده‌ستداوه بێ ئه‌وه‌ی تۆمار بكرێن و ته‌رمیان بگوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
جگه له‌وانه، ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی دیكه بێ سه‌روشوێن بوونه و چاره‌نووسیان نادیار ماوه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه ته‌رمیان له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه داڕماوه‌كاندا مابێته‌وه و تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
له لایه‌ن خۆیه‌وه ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه، كه 12 هه‌زار چه‌كداری حه‌ماسی كوشتووه، به‌ڵام حه‌ماس هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی ژماره‌ی كوژراوانییه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
هاوكات ئیسرائیل دانی ناوه به كوژرانی 600 سه‌ربازیدا، له ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌وه و ڕایگه‌یاندووه، 260یان له غه‌ززه كوژراون.
له كه‌ناری خۆرئاوادا، كه ئیسرائیل له 1967ه‌وه داگیری كردووه 17 ئیسرائیلی كوژراون.
له سنوری باكوری ئیسرائیل‌دا 18 ئیسرائیلی كوژراون كه 10یان سه‌رباز بوونه له ئاكامی ئه‌و موشه‌كانه‌ی حزبوڵڵا ئاراسته‌ی ناوچه‌كه‌یان ده‌كات.
سه‌باره‌ت به دیله‌كان، سوپای ئیسرائیل له ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌وه هه‌زاران هاوڵاتی فه‌له‌ستینی ده‌ستگیركردووه.
له به‌رامبه‌ریشدا 129 هاوڵاتی ئیسرائیلی هێشتا له ده‌ستی حه‌ماسدان و مه‌زنده ده‌كرێت 34یان له ئاكامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژرابن. تا ئێستا ئیسرائیل ته‌نیا دوو دیلی به زیندوێتی ڕزگاركردووه و ته‌رمی 12 دیلیشی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
شه‌ڕه‌كه پێ ده‌نێته مانگی حه‌وته‌میه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا ڕێگری كردووه له سێ پڕۆژه بڕیاری ڕاگرتنی شه‌ڕ و ڤیتۆی له دژیان به‌كارهێناوه.
سوپای ئیسرائیل له ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌وه 300 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گی بانگ كردووه‌ته‌وه و ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدان.
ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه، تا ئێستا 9 هه‌زار موشه‌ك له كه‌رتی غه‌ززه‌وه ئاراسته‌ی ئیسرائیل كراون. له به‌رامبه‌ریشدا ئیسرائیل 32 هه‌زار جار بۆردومانی ناوچه و گه‌ڕه‌كه فه‌له‌ستینییه‌كانی كردووه.
جگه له قوربانیانی شه‌ڕ له كه‌رتی غه‌ززه، له ئاكامی ته‌قه‌ی هێزه ئیسرائیلییه‌كان له كه‌ناری خۆرئاوادا تا ئێستا 459 هاوڵاتی فه‌له‌ستینی به ته‌قه‌ی سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان كوژراون و 420 هاوڵاتی دیكه ده‌ستگیركراون.
له سنوری لوبناندا هێرشه‌كانی ئیسرائیل بوونه‌ته هۆی گیانله‌ده‌ستدانی 359 هاوڵاتی لوبنانی، به‌ڵام ئیسرائیل ده‌ڵێت: زۆرینه‌یان ئه‌ندامی حزبوڵڵا بوونه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه، له ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌وه فڕۆكه ئیسرائیلییه‌كان 1400 ئامانجیان له لوبنان بۆردومان كردووه، هه‌روه‌ها 3300 ئامانجی دیكه‌ش له ڕێگه‌ی موشه‌ك و تۆپی قورسه‌وه بۆردومان كراون.
سه‌ره‌ڕای زیانه گیانییه‌كان، له سه‌دا نه‌وه‌دی نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رته‌كه له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بۆردومان كران و په‌كخران، زیاتر له سه‌دا حه‌فتا و پێنجی خانوبه‌ره‌ی هاوڵاتیان وێران كراوه و له كۆی ناوچه‌كه ته‌نیا چه‌ند ناوه‌ندێكی خوێندن به پێوه ماونه‌ته‌وه و سه‌رجه‌میان به‌ر بۆردومان كه‌وتوون. هاوكات زیاتر له ملیۆنێك و نۆ سه‌د هه‌زار هاوڵاتی بێ ماڵوحاڵ ماونه‌ته‌وه و ئاواره بوون.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس