سبەی
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتوە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن بە ژێرنوسەوە، گەشە بە توانای خوێندنەوەی منداڵانی تەمەن 4-7 ساڵ دەدات و وا دەکات وشەی زیاتر فێر بببن.
کۆمپانیایەکی پڕۆگرامسازیی پەروەردە لە توێژینەوەیەکدا بۆی دەرکەوتوە، سەیرکردنی بەرنامە و فیلم کارتۆن بە ژێرنوسەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی توانای خوێندنەوەی منداڵان.
توێژەران بە پێویستی دەزانن دایک و باوکان لە کاتی هەڵکردنی تەلەڤزیۆندا بۆ منداڵان ژێرنوسیان بۆ بکەنەوە و دەڵێن: "هەرچەند منداڵان هەست بەوە ناکەن، بەڵام لەو ڕێگەیەوە کارێکی زۆر باش ئەنجام دەدەن. چونکە دەبێتە هۆی گەشەکردنی توانای خوێندنەوەی منداڵان و وشەی زیاتر فێر دەبن".
سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە بە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن بە ژێرنوسەوە، منداڵان هێندەی خوێندنەوەی زنجیرە ڕۆمانەکانی "هاری پۆتەر" کە حەوت بەرگە، "ڕۆژانەی نارنیا" کە حەوت بەرگە و ڕۆمانی "شای ئەنگوستیلەکان" و تەواوی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی لە لایەن ڕۆڵد داهڵ'ەوە نوسراون، وشە دەخوێننەوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتوە لە ژێرنوسەکاندا بە بەربڵاوترین شێوە منداڵان وشەکانی "باوک، دایک، مرۆڤ، سەیر بکە، گوتی، ماڵ، لەوێ، ماڵ، چی، ئەو و ئەوان" بەرچاو کەوتوە.
لە توێژینەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی منداڵان لە بەریتانیا، بە تێکڕایی ڕۆژانە سێ کاتژمێر و 16 خولەک لە کاتی خۆیان بە سەیری تەلەڤزیۆن بەسەر دەبەن.