
سبەی
4000 ئۆتۆمبێلی سایبەر ترەک کێشەی پایدەری خێرای هەیە و بەو هۆیەوە گەڕێندرانەوە بۆ کۆمپانیای تێسلا
بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەرایەتی سەلامەتی هاتوچۆی ڕێگاوبانی ئەمەریکا (NHTSA)، تێسلا نزیکەی 4000 ئۆتۆمبێلی سایبەر ترەکی دەگەڕێنێتەوە، بەهۆی مەترسی سەلامەتی لە پایدەری خێرای (ڕۆیشتن)ـدا. ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆمپانیای تێسلا ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگەی تر بووەتەوە وەک، کەمبوونەوەی هێزی کار و دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی.
کێشەکە میکانیکییە و لەناو پایدەری خێرایی ئۆتۆمبێلەکەدایە کە جێگیر نییە و جوڵەی تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی نەخوازراو و مەترسی پێکدادان زیاد دەکات. دوای بەدواداچوون بۆ کێشەکە، دەرکەوتووە هۆکاری ناجێگیری پایدەرەکە بەهۆی بەکارهێنانی چەورکەرێکی (Lubricant) پەسەندنەکراوەوە بووە، چەورکەرەکە بووەتە هۆی شلکردنەوەی پایدەرەکە.
کۆتاییەکانی 2023 تاکو سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکان بەردەوام بووە. هەفتەی ڕابردوو، تێسلا پەیوەندی بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانەوە کرد و پێی ڕاگەیاندن پایدەری خێرایی سایبەر ترەکەکانیان بە بێ بەرامبەر بۆ دەگۆڕن. بەڕێوەبەرایەتیەی سەلامەتی و هاتوچۆی ئەمەریکا، ڕایگەیاند هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو بەبۆنەی ئەم کێشەیەوە ڕووینەداوە.
ئەم کێشەیەش دەچێتە ڕیزی کێشەکانی تری تێسلاوە، لە ئێستادا، کۆمپانیاکە دووچاری کورتهێنان بووەتەوە لە بەرهەمهێنان سایبەر ترەک و هێزی کاری بە ڕێژەی %10 کەمکردوەتەوە. هەتاکو ئێستا، کۆمپانیاکە هیج بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر کێشەکە نەداوە ، بەڵام تیشک دەخاتە سەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر لە کوالیتی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکاندا.
سەرچاوە: Axios
