ئێران بە هاوكاری چین؛ پەرە بە دروستكردنی مووشەكی بالستیكی نوێ دەدات

#ئێران#چین#مووشەکی بالیستیک
10 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بە گوێرەی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی، كۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوكاری چین هەوڵدەدات بەرنامە مووشەكییەكەی بنیات بنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوەی سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە فرۆشتنی چەك و چالاكیی مووشەكی بۆ ئێران قەدەغە دەكات، چەندین باری "سۆدیۆم پێركلۆرات" كە بۆ دروستكردنی سووتەمەنی ڕەق بۆ مووشەك بەكاردەهێندرێت لە چینەوە گەیشتووەتە بەندەرعەباس لە ئێران.
  • بە گوێرەی زانیارییەكان سەڕەرای كاراكردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران، بە گشتی ٢٠٠٠ تۆن سۆدیۆم پێركلۆرات  لە ٢٧ی ئۆكتۆبەرەوە رەوانەی ئێران كراوە.
Primary Asset

سبەی

بە گوێرەی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی، كۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوكاری چین هەوڵدەدات بەرنامە مووشەكییەكەی بنیات بنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوەی سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە فرۆشتنی چەك و چالاكیی مووشەكی بۆ ئێران قەدەغە دەكات، چەندین باری "سۆدیۆم پێركلۆرات" كە بۆ دروستكردنی سووتەمەنی ڕەق بۆ مووشەك بەكاردەهێندرێت لە چینەوە گەیشتووەتە بەندەرعەباس لە ئێران.

سی ئێن ئێن لە زاری چەندین سەرچاوەی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپا، ئاشكرای كردووە، چەند بارێكی جۆری "سۆدیۆم پێركلۆرات" كە پێكهاتەی سەرەكی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی رەق بۆ مووشەكی مەودای مامناوەندی ئێرانە لە چینەوە ڕەوانەی بەندەر عەباس كراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان سەڕەرای كاراكردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران، بە گشتی ٢٠٠٠ تۆن سۆدیۆم پێركلۆرات  لە ٢٧ی ئۆكتۆبەرەوە رەوانەی ئێران كراوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەكان  جەختیان لەوە كردووەتەوە، ئەو بارە بەشێكە لە هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی كۆگا مووشەكییەكەی كە لە شەڕی 12 ڕۆژەدا زیانی گەورەی بەركەوتووە. ئەوەش لەكاتێكدایە لە مانگی ئایاردا تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری رەجایی روویدا، بەڵگە سەرەتاییەكان لەسەر بنەمای وێنەكانی تەقینەوەكە دەریخست،  تەقینەوەكە هاوشێوەی تەقینەوەكانی بەیروتی پایتەختی لوبنانە.

ئەمە وایكرد شارەزایان بگەنە ئەو ئەنجامەی، هۆكاری ئەگەری تەقینەوەكە، هاوشێوەی رووداوەكەی بەندەری بەیروت، ئاگركەوتنەوەیەك بووە لە بارێكی ماددە كیمیاییەكان كە بۆ دروستكردنی مووشەك بەكارهێنراون، بەڵام پەیوەندی نێوان تەقینەوەكە و سووتەمەنی مووشەكەكان سەرەتا لەلایەن بەرپرسانەوە رەتكرایەوە.

دوای سێ مانگ لە تەقینەوەكە، دەركەوت ئەو بارەی كە بووەتە هۆی تەقینەوەكە پەیوەندی بە دامەزراوەیەكی سەربازییەوە هەبووە.

"سۆدیۆم پێركلۆرات" لە بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا قەدەغە نەكراوە، بەڵام ئەو مادەیە ڕاستەوخۆ بەكار دەهێندرێت  بۆ دروستكردنی پێركلۆراتی ئەمۆنیۆم كە لە لیستی ماددە قەدەغەكراوەكان دایە و لە مووشەكە بالیستیكەكان بەكاردەهێندرێت.بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی و سەربازیی ئەم بۆشاییە یاساییە لە سزاكاندا دەتوانێت بیانوویەك بە چین بدات بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بكات كە سزاكانی پێشێل نەكردووە.

سی ئێن ئێن بە كەڵك وەرگرتن لە داتاكانی بەدواداچوونی دەریایی و پشكنینی ئەكاونتی سۆشیال میدیای تیمەكانی كەشتیەكان، بەدواداچوونی بۆ رێڕەوی چەند كەشتییەك كردووە كە ئەو كەرەستانەیان لە بەندەرەكانی چینەوە بۆ ئێران گواستووەتەوە. 

داتاكان دەریانخستووە، دوو كەشتی  لە بەندەرەكانی ژوهای و گائۆلان و چانگ جیانكەوە بەرەو بەندەر عەباسی ئێران گەشتیان كردووە، لە هەندێك حاڵەتدا سیستەمی جی پی ئێسەكەیان كوژاندۆتەوە بۆ ئەوەی جوڵەی كەشتییەكان بشارنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێكی سی ئێن ئێن سەبارەت بە باركردنەكان رایگەیاند، ئاگاداری وردەكارییەكانی نییە، بەڵام ئاماژەی بەوەشكردووە، پەكین "بەپێی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان و یاسا ناوخۆییەكانی كۆنترۆڵی هەناردەكردنی ئەو شتومەكانەی دوو جۆر بەكاردەهێندرێن پەیرەو دەكات".

جەختیشی لەوە كردەوە "چین خوازیاری چارەسەری ئاشتیانەی پرسی ئەتۆمی ئێرانە بە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسی". هاوكات گەڕاندنەوەی سزاكانی بە "نا بنیاتنەر" و "پاشكەوتنێكی جددی" لە رێگەی چارەسەركردنی ئەو پرسە زانی.

ئەوەش لە كاتێكدایە بە گوێرەی وێنەكانی مانگی دەستكرد، كە لە 25ی ئەم مانگە كە لەلایەن ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێسەوە شیكراونەتەوە، دەركەوتووە، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی شوێنەكانی بەرهەمهێنانی مووشەك كە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا كرابوونە ئامانج.

ئەو ئاژانسە، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، دووبارە بنیاتنانەوەی پێشەسازی مووشەك بەبێ دابینكردنی ماددەی پێویست بۆ سووتەمەنی مووشەك ناگاتە ئەنجام.

هاوكات ئێران لە ماوەی رابردوودا هەندێك پارچە و كەرەستەی پەیوەست بە سووتەمەنی موشەكی لە چین كڕیوە و شارەزایان دەڵێن رەنگە دووبارە ئەو كارە بكاتەوە.

پێشتریش لە یەكی تەمموزدا و كەمێك پێش راگەیاندنی ئاگربەست، ئیسرائیل شوێنێكی گرنگی سوپای پاسدارانی لە بیابانەكانی باشووری شاهرود لە پارێزگای سمنان كردە ئامانج، ئەمە هەمان ئەو شوێنە بوو كە سوپای پاسداران  بەكاری دەهێنا بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی موشەكی رەق، ئەم شوێنەش پێشتر لە هێرشەكانی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرابوو.

دامەزراوەكانی دروستكردنی مووشەك لە ماوەی شەڕی ١٢ رۆژەدا لە ئامانجەكانی ئیسرائیل بوون، دامەزراوەیەكی دیكەی لەو جۆرە كە دەكەوێتە باكووری گەرمسار لە پارێزگای سمنان، لە ١٥ی حوزەیران كرایە ئامانج.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی