
هێزێکی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان
سبەی
ئەمەریکا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، ٣٠ بارهەڵگر چەک و پێداویستی سەربازیی و لۆجیستی رەوانەی بنکەی "قەسرەک" ی رۆژئاوای کوردستان کرد.
بەپێی هەواڵێکی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کاروانێکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە رێگەی دەروازەی سنوریی "وەلید" کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێکەوتووە، گەیشتووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان).
بەپێی هەواڵی روانگەکە، ئەو بارهەڵگرانە کە ژمارەیان ٣٠ دانە بووە، کەلوپەلی سەربازیی و چەک و پێداویستی لۆجیستییان تێدابووە، ئەوەش لە کاتێکدایە ٢٦ تشرینی ئەمساڵ بەهەمانشێوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کاروانێکی چەک و تەقەمەنی و بەرگریی ئاسمانییان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان.
لە 21 ی ئەم مانگەش، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمەریكا كە دوو هێلیكۆپتەری سەربازیی دەیانپاراست، لە بنكەی "خەراب جەیر" لە رمێلان نیشتوونەتەوە، ئەو دوو فڕۆكە بارهەڵگرە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەڵگرتووە، لەگەڵ هاوكاری لۆجیستی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، ئەو هاوكارییە سەربازییانەش ماوەیەكە زیادیانكردووە.
پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا.
ساڵانێكە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرن، جگە لەوەی لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق- سوریا-ئوردن و لە بنكەی تەنەف جێگیربوون.
سەرەڕای پشتیوانی دارایی، بەشێك لەو پاڵپشتییە داراییەی كە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، كە لە چوارچێوەی كاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنكەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو پاڵپشتییە چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی و زرێپۆش لەخۆدەگرێت، جگە لە هاوكاری لۆجستی، لەوانەش كەرەستەی چاودێری و پەیوەندیكردن، بۆ بەهێزكردنی سیستمی كۆنترۆڵ و ئەمنی لە كەمپ و زیندانەكانی نیشتەجێبوونی ئەندامانی داعش و خێزانەكانیان لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
ئەم پاڵپشتییە بۆ هەسەدە كە مەشقیش لە خۆ دەگرێت، لە شێوەی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دەردەكەوێت. ئەم مانۆڕانە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ەوە بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە.
