هەوڵێکی ئەمەریکا بۆ ڕفاندنی مادۆرۆ؛ ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی سی ئای ئەی دژی سەرۆکی ڤەنزوێلا ئاشکرا بوو

#نیکۆلاس مادۆرۆ#ڤەنزوێلا#ئەمەریکا
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • ئاژانسێکی ئەمەریکی هەوڵێکی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات بۆ ڕفاندنی سەرۆکی  ڤەنزوێلا لە ڕێگەی فڕۆکەوانە تایبەتەکەیەوە
  • پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا تێکچووە و  واشنتن کاراکاس بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات
Primary Asset

نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا

سبەی

ئاژانسێکی ئەمەریکی هەوڵێکی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات بۆ ڕفاندنی سەرۆکی  ڤەنزوێلا لە ڕێگەی فڕۆکەوانە تایبەتەکەیەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا تێکچووە و  واشنتن کاراکاس بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات.

ئاژانسی  ئەسۆشێتد پرێس لە زاری سێ بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و کەسێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی.ئای.ئەی) لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەوڵی رفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلای داوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەندامانی (سی.ئای.ئەی) پێشنیا.ێکی گەورەیان پێشکەش بە فڕۆکەوانە تایبەتیەکەی مادۆرۆ کردوە و بەگوێرەی ئەو پێشنیازە بڕیار بووە فڕۆکەوانەکە بە نهێنی ڕێڕەوی فڕۆکەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا بگۆڕێت بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بتوانن مادۆرۆ دەستگیر بکەن.

بە گوێرەی ئاژانسەکە ئەندامێکی هەواڵگری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بە فڕۆکەوانەکەی راگەیاندوە، ئەگەر هاوکاریان لەگەڵ بکات ئەوا پارەیەکی زۆری پێدەدرێت، ئەگەرچی دواتر کۆبوونەوەکە گرژی لێکەووتووەتەوە و فڕۆکەوانەکە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێک بدات، کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتوە، بەڵام ژمارەی مۆبایلەکەی داوەتە  ئێدوین لۆپێز ئەندامەکەی هەواڵگری ئەمەریکا کە دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەگەری هاوکاریکردنی لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ڤەنزوێلا لەسەر بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە لوتکەدایە و هەر لەو مانگەدا ترەمپ دەسەڵاتی بە هەواڵگری وڵاتەکەی دا کە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ناوخۆی ڤەنزوێلادا ئەنجام بدات لە هەمان کاتدا حکومەتی ئەمەریکا پاداشتی دەستگیرکردنی مادۆرۆی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دوو هێندە کرد.

پیلانێکی نهێنی 16 مانگە

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە پیلانی رفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا  کە سەرەڕای ئۆپراسیۆنێکی نهێنی 16 مانگە دواجار شکستی هێنا، ئاماژەیەکە بۆ هەوڵە درێژخایەنەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، کە واشنتن بە بەرپرسی داڕمانی دیموکراسی لەو وڵاتەی دەزانێت کە خاوەنی یەدەکێکی زەبەلاحی نەوتە و هاوکات تۆمەتبار دەکرێت بە پاڵپشتیکردنی گروپەکانی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر، گروپە تیرۆریستییەکان و حکومەتی کۆمۆنیستی کوبا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە ئەندامەکەی (سی.ئای.ئەی) لە ماوەی 16 مانگدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ فڕۆکەوانەکەدا پاراستووە، تەنانەت دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزدا لە پۆستە حکومیەکەی خانەنشین بووە، لە ڕێگەی ئەپی نامە ناردنی کۆدکراوەوە پەیوەندی پێوەکردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی هەڵوێستێکی توندتری بەرامبەر بە دەستگیرکردنی مادۆرۆ گرتووە و هاوینی ئەمساڵ هەزاران سەرباز و هێلیکۆپتەری هێرشبەر و کەشتی جەنگی ڕەوانەی دەریای کاریبی کرد بۆ هەڵکوتانە سەر بەلەمەکانی ماسیگرتن کە گومانی قاچاخی کۆکاینیان لە ڤەنزوێلاوە هەیە.

سوپای ئەمەریکا لە 13 هێرشی جیاوازدا بە کۆی گشتی 57 کەسی لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن کوشتووە.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاوی کردەوە، پێداچوونەوەی بە نامە کورتەکانی نێوان لۆپێز و فڕۆکەوانەکەدا کردووە و ڕاستییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

لۆپێز لە پەیامێکدا بۆ فڕۆکەوانەکەی مادۆرۆ لە 7ـی ئابدا نووسیویەتی: “هێشتا چاوەڕێی وەڵامەکەتم” لینکێکی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو ەهاوپێچ کردووە کە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بە بڕی 50 ملیۆن دۆلار پاداش دەدرێت بە فڕۆکەوانەکە و دەوترێت ئەم پەیامە یەکێک بووە لە دوا گفتوگۆکانی نێوان ئەو بەپرسە و فڕۆکەوانە تایبەتەکەی مادۆرۆ.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی