
هێزێکی هەسەدە
سبەی
گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوریای پەیوەست بە تێکەڵاوکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسوپای سوریاوە، کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبینرێت. لە کاتێکیشدا ئەنقەرە پێداگرە لەسەرئەوەی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان هەسەدەش دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا ئەو هێزە دەڵێت بانگەوازەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. بە کورتی سستی ئاوێتەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسوپای سوریاوە، کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی تورکیا هەبووە.
یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، ئەویش بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە 10ی ئازاردا لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا واژۆکرا. مەرجێکی تورکیایە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە و بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ کوردا.
وەڵامدانەوەی سستی ئەنقەرە بۆ هەنگاوەکانی پەکەکە، لە چوارچێوەی خواستی تورکیایە لەسەرئەوەی کە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دەبێت بەشێک بێت لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. هەروەها ئەنقەرە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، هەسەدە دەبێت پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بیت، چونکە پێی وایە سەرجەم گروپەکانی سەر بە پەکەکە لە تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران دەگرێتەوە.
فشار لەسەر هەسەدە
تورکیا پێویستی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتدەکاتەوە، هەڕەشەی کردەوەی سەربازی بەرفراوان دەکات، ئەگەر لە کاتێکدا لە رێککەوتنی 10ی ئازار خۆی بدزێتەوە و هۆشداریش دەدات لە جێبەجێکردنی رێوشوێنە سەربازییەکان، ئەگەر خواستەکەی نەیەتەدی.
لە بەرامبەردا هەسەدە رایگەیاندووە، بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان پابەند نین. لە کاتێکدا لە بانگەوازێکی دیکەیدا داوای لە عەشیرەتە عەرەبییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کردووە، پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن.
هاوکات دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە سەرپەرشتی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی حکومەتی سوریا کە ئەرکی جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکەی پێسپێردراوە، بە سەرۆکایەتی محەمەد عەبدولغەنی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، هەفتەی رابردوو سەردانی شاری تەبقەی کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە. ئەم سەردانە چەند رۆژێک دوای لێدوانەکانی مەزڵوم عەبدی هات، کە پابەندبوونی خۆی بە تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ سوپای سوریا و هێزە ئەمنییەکانی سوریادا دووپاتکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی کردووە تورکیا لە دۆسییەکەدا نەرمی بنویێنێت.
لە 7/10/2025یشدا مەزڵوم عەبدی و مورهف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا، رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەستیان واژۆکرد، ئەوەش دوای دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای سوریا لە حەلەب.
بەڵام ئەنقەرە هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەو هێزەدا نابینێت. بەجۆرێک هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکانی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بە نێوەندگیری تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا، رێککەوتنێکی گشتگیری لێنەکەوتووەتەوە. "هیچ نەخشەڕێگایەک سەبارەت بە نەهێشتنی چەکدارانی پەکەکە لە ناوی ریزەکانی هەسەدەدا گەڵاڵە نەبووە".
هاکان فیدان جەختی کردووەتەوە، "کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچە عەرەبییەکان یەکێکە لەکارە پێشینەکانی". هەروەها ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەیەکی تورکیا و سوریا ئەمەریکا کردووە، ئەویش بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سوریا، بە سەرنجدان بە نەبوونی هیچ ئاماژەیەکی پێشکەوتن لە دانوستانەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار.لەکاتێکدا ئەمرۆ هەسەدە رایگەیاند ناوی چەندین فەرماندەیان داوە بە هاوپەیمانان پەیوەست بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانیان بە سوپای سوریا.
رەخنەکان لە ئەنقەرە
هاوکات لەگەڵ نادڵنیایی سەبارەت بە رەوتی پرۆسەی ئاشتی تورکیا، پەرلەمانی تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە سوریا و عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە.
فەهیم تاچکین، شرۆڤەکاری سیاسی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتووە " ئامانجی سەرەکی تورکیا لە سوریا بریتییە لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریادا". هەروەها وتوویەتی "سستی پرۆسەی دانوستانەکان لە سوریا، کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دروستکردووە".
لە بەرامبەردا سینان چیفتورک، ئەندامی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا، ئەو پارتەی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، رەخنەی لە بەستنەوەی پڕۆسەکە بە سوریاوە گرتووە و دەڵێت " ئەمە شتێکی نا لۆژیکییە".
لە کۆتاییدا فاتح چەکیرچە، رۆژنامەوانی رۆژنامەی حورییەتی تورکی کە لایەنگری حکومەتە، ئاماژەی بەوەداوە "ئەمەریکا هەوڵدەدات مۆدێلێکی باکوری عێراق لە باکوری سوریاشدا دروستبکات". وتووشیەتی "ئەو رێڕەوەی لە عێراقەوە بۆ سوریا ئامادە دەکرێت، داواکارییەکی ئیسرائیلە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی چەک لە ئێرانەوە بۆ لوبنان و ناوچەکانی دەوروبەری".
