وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سبەی
سەرکەوتنی ئامەدسپۆر دەنگدانەوەی گەورە لە تورکیا دروست دەکات، پێچەوانەی ڕابردوو چەندین پەیامی پیرۆزبای ئاڕاستەی یانەکە دەکرێن.سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ لە " ناخی دڵ"ەوە پیرۆزبای لە یانەکە دەکات، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا و سەرۆکی جەهەپەش پیرۆزبایی سەرکەوتن بە ئامەد سپۆر دەگەیەنن.هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتیش دەڵێت،" ئامەد سپۆر توانی بە هاوسۆزی و پشتیوانی ملیۆنان کەس سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".
سەرکەوتنی ئامەدسپۆر
بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر بەسەر یانەی سۆماسپۆر و بوون بە پاڵەوانی خولی پلە دووی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ، پیرۆزبایی لە یانەکە کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پاڵەوانێتیی ئامەدسپۆر نوسیویەتی: "لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر دەکەم کە توانی ببێتە پاڵەوان لە خولی پلە دووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و بگاتە خولی پلە یەک".
تونجەر باکرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە پەیامێکدا لەبارەی سەرکەوتنی ئامەدسپۆر ڕایگەیاند: "دووچاری پەلاماری 'نەژادپەرستانە'، ناحەقانە و ڕێگەلێگرتن بوونەوە، بەڵام توانیتان بە هاوسۆزی و پشتیوانی ملیۆنان کەس سەرکەوتن بەدەست بهێنن".
لای خۆیشیانەوە هەریەک لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل؛ سەرۆکی گشتیی پارتیی داهاتوو و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو و سەرۆکی گشتیی پارتیی سەعادەت، تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو پیرۆزباییی ئەو سەرکەوتنەیان لە یاریزان و هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر کرد.
جۆشوخرۆشی هاندەرانی یانەکە
دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی 28ـی نسیانی 2024 یانەی ئامەدسپۆر توانی بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە بەرامبەر یانەی سۆماسپۆر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ببێت بە پاڵەوانی خولی دووی تورکیا، دەیان هەزار هاوڵاتیی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە هەڵپەڕکێ و یاریی ئاگرینەوە ئەو سەرکەوتنەیان پیرۆز کرد.
هەروەها لە ڕێگای هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆربەی چالاکوانانی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان دڵخۆشیی خۆیان بە سەرکەوتنی یانەکە دەربڕیوە.
ئامەدسپۆر
مێژوی ئامەدسپۆر
یانەی چالاکییە وەرزشییەکانی ئامەد (ئامەدسپۆر) لە 1972 بە ناوی مەلیکائەحمەد تورناسپۆر بە سپۆنسەرکردنی لەلایەن کۆمپانیای توران بۆ بەرهەمهێنانی گازۆز دامەزرا.
دوای نەمانی سپۆنسەر لە 1985 ناوی یانەکە گۆڕان بۆ مەلیکائەحمەد سپۆر و لە 1990 شارەوانیی ئامەد بوو بە خاوەنی یانەکە و ناوەکەی بۆ یانەی شارەوانیی دیاربەکر گۆڕی، دوای شەش جار لە ناو گۆڕینی لە 28ی تشرینی یەکەمی 2014 ناوی یانەکە کرا بە ئامەدسپۆر.
دوای دورخستنەوەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد و دانانی جومالی ئاتیلا بە قەییوم، ناوبراو ڕایگەیاند،" ئەگەر یانەکە ناوی خۆی نەکاتەوە بە دیاربەکرسپۆر ئەوا لە ڕوی دارایییەوە هاوکاری ناکەن. لای خۆیشیەوە یانەکە ڕەتی کردەوە ناوە کوردییەکەی بگۆڕێت".
پەلاماردانی یاریزانانی ئامەدسپۆر لە بورسا
بە هۆی هەڵوێستەکانی یانەکە و خۆشەویستی لە دڵی هاندەرانی کورددا، یانەکە تا ئێستا دوچاری چەندین گوشار بوەتەوە.
لە ئاداری ساڵی 2023، بەر لە دەستپێکردنی یاریی تۆپی پێ لە نێوان ئامەدسپۆر و بورسپۆر لە بورسا یاریزان و هاندەرانی بورساسپۆر بە گوتنەوەی چەندین دروشمی 'نەژادپەرستی' سوکایەتییان بە یاریزانان و هاندەرانی ئامەدسپۆر کرد.
دواتر بە بەرچاوی پۆلیسەوە پەلاماری یاریزانانی ئامەدسپۆر درا و وێنەی مەحمود یڵدرم کە یەکێک بووە لە کارمەندانی ژیتەم و بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە نەوەدەکان دەستی هەبووە لە 'کوشتنی' هەزاران کورد و وێنەی مارسیدسی سپی کە ژیتەم بۆ 'ڕفاندنی خەڵک' بەکاری دەهێنا بەرز کرایەوە.
دوای زیادبونی کاردانەوەکان بەرامبەر پەلامارەکە، چەند کەسێک دەستگیر کران و چەند بەرپرسێکی ئەمنییش لە کارەکانیان دور خرانەوە.