سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکەی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەتدەکاتەوە
  • کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە، لە تا 5ـی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت
  • سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی تاتوێکردنی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنە، لە بەروارێکدا لە نێوان ڕۆژی 1ـی تا 15ـی تشرینی یەکەمی 2024.
  • بڕیاڕە بەمزوانە، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بکات و بۆچوونیان لەسەر ڕۆژی هەڵبژاردن وەربگرێت.
  • نێچیرڤان بارزانی دەوێت پێش دەرکردنی مەروسمی هەرێمی لە بەشداریکردنی پارتی دڵنیاببێتەوە.
Primary Asset

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان / سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

سبەی

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەتدەکاتەوە و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری دەکات. 

"سبەی" لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری دەستکەوتووە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ڕەتدەکاتەوە. 

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە، لە تا 5ـی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت بەڵام سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەو بەروارە ڕازی نییە و دەیەوێت لە مانگی تشرینی یەکەم(10)ـی ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت. 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی تاتوێکردنی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنە، لە بەروارێکدا لە نێوان ڕۆژی 1ـی تا 15ـی تشرینی یەکەمی 2024. سەرچاوە ئاگادارەکەی "سبەی" وت،" سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زیاتر چاوی لەسەر ڕۆژی 15ـی تشرینی یەکەمە". 

هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیاڕە بەمزوانە، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بکات و بۆچوونیان لەسەر ڕۆژی هەڵبژاردن وەربگرێت. 

شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکان پێشنیازەکەی خۆشی لەسەر هەڵبژاردن دەخاتەڕوو. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە پێشنیازی مانگی تشرینی یەکەم بۆ لایەنەکان دەکات، کە تا مانگی ئەیلول هەرێمی کوردستان گەرمە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەشداری هاوڵاتییان دەبێت هەڵبژاردندا.

پێداگرییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتێکدایە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوەکەیدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،"ماوەی خشتەی کارەکانیان دیاریکراوە و بواری درێژکردنەوەی تێدا نییە".

"سبەی" ئەوەشی زانیووە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێی پلانی دووەمیشی کردووە، لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئەو وادەیەی لە مانگی تشرینی یەکەم دیاری دەکات، ئەویش دیاریکردنی ڕۆژێکە لە نێوان 15ـی ئەیلول تا 1ـی تشرینی یەکەمی 2024. 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆچی مانگی تشرینی یەکەم پێشنیاز دەکات؟ 

پێشنیازەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، پەیوەستە بە پێداگرییەکانی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت پێش دەرکردنی مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دڵنیاببێتەوە کە پارتی بەشداری هەڵبژاردن دەکات. 

ڕۆژی 26ـی ئایاری 2024، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هەڵبژاردنەوە بە ئاماژەدان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ڕایگەیاند،" لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا بووین بۆ ئەوەى پەنا نەبەینە بەر هیچ رێکارێکى دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووى جۆراوجۆر رێگا لەم هەوڵە یاسایى و ئاساییەى پارتیمان گیرا". 

 لەبارەی بەشداریکردنیشیان لە هەڵبژاردن پارتی باسی لەوەکردووە،" هەرکاتێک رێککارەکان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکى گەل پەسند، هەڵوێستى خۆمان رادەگەیەنین". 

دواخستنی هەڵبژاردن

دوای سێ جار دواخستن، ڕۆژی 3ـی ئازاری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، چوارەم فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد و ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024ـی وەک واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دیاریکرد.

ڕۆژی 28ـی ئایاری 2024، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، " بەهۆی سکاڵاکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەرچوونی فەرمانی سالاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن و گۆڕانکارییەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانەوە ناتوانن لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدەن".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی