بافڵ تاڵەبانی بۆچی وتی، "کوردستان جێناهێڵم"؟

#بافل تاڵەبانی#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان#سلێمانی
یەک ساڵ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باسی وازهێنانی لە یەکێتی و جێهشتنی کوردستان دەکەنەوە و دەڵێت، "بە گۆڕی مام جەلال کوردستان جێناهێڵم".
Primary Asset

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

سبەی

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باسی وازهێنانی لە یەکێتی و جێهشتنی کوردستان دەکەنەوە و دەڵێت، "بە گۆڕی مام جەلال کوردستان جێناهێڵم". 

ڕۆژی 1ـی حوزەیرانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە یادی دامەزراندنی حزبەکەی سەردانی ئارامگای جەلال تاڵەبانی سکرتێری پێشووی یەکێتی کرد لە گردی دەباشان لە بەردەم لایەنگرانی حزبەکەی بە دەنگی بەرز وتی:"بە گۆڕی مام جەلال قەد کوردستان جێناهێڵم، هەر لێرە دەبم و ئێسقانەکانیشم هەر لێرە دەبێت".

قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، دوای ئەوەدێت ماوەی چەند رۆژێکە میدیای نافەرمی پارتی هەڵمەتێکی سەبارەت بە وازهێنانی بافڵ تاڵەبانی لە یەکێتی دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. 

هەڵمەتەکە بەو ئاڕاستەیەن، کە بافڵ تاڵەبانی لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ناچار کراوە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بێت و هەرێمی کوردستانیش جابهێڵێت و بگەڕێتەوە بەریتانیا کە سەرەتای لاوێتی لەو وڵاتە بووە. 

"بافڵ تاڵەبانی ئاگادار كراوە كوردستان جێبێڵێ" ئەمە نوێترین ناونیشانی یەکێک لە میدیاکانی پارتییە، کە جارێکی دیکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، سەرۆکی یەکێتی لە ژێر فشاردایە. 

بەشێک لە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگیش، هاوبۆچوونی میدیاکانی پارتین و بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هەڵمەتەکە دەکەن. لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی، قسەیەکی پێشتری ناوبراو بە بیر دەهێننەوە، کە لەسەروبەندی ڕوداوەکانی هەشتی تەموزی 2021 زۆر جەختی لە جێنەهێشتنی سلێمانی کردوەتەوە بەڵام هێندەی نەبردووە لە ڕوداوەکانی هەشتی تەموزدا لە یەکێتی دورخراوەتەوە. 

فشارە میدیاییەکانی پارتی لەسەر بافڵ تاڵەبانی هاوکاتی جوڵە نوێیەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە جارێک لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی کۆبونەوەی ئەنجامداوە. 

دوایین کۆبونەوەی قوباد تاڵەبانی و هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی، 23ـی ئایاری 2024 بوو، قوباد تاڵەبانی بە ڕونی بە هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی وت:"ماوەیەک لەمەوپێش هەڕەشەکان لە ئەشکەوت و شاخەکانەوە بوو بەڵام ئێستا ڕەنگە هەڕەشەکان لە ئاسمانەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بێت".

قوباد تاڵەبانی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنی نوێ لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر دژەتیرۆر داوای لە بەرپرسان و ئەندامانی هێزەکە کردبوو، خۆیان لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی