مەسرور بارزانی لە هەفتەیەکدا بەردی بناغەی 7 پرۆژەی لە زۆنی زەرد داناوە و یەک پرۆژەشی لە زۆنی سەوز کردوەتەوە

#مەسرور بارزانی#حکومەتی هەرێمی کوردستان#زۆنی زەرد#زۆنی سەوز
یەک ساڵ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا بەردی بناغەی حەوت پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک داناوە لە بەرامبەریشدا تەنها یەک پرۆژەی لە سنوری سلێمانی کردووەتەوە.
  • بەپێی میدیاکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوژمەی هەموو پرۆژەکان نزیکەی نیو ترلیۆن دینار بووە.
  • بەگوێرەی ئەو داتایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2023 لە چوارەمین ساڵیادی کابینەی نۆیەم بڵاویکردونەتەوە، کابینەکە سێ هەزار و 379 پرۆژەی جێبەجێ کردووە.
Primary Asset

مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەک لە دهۆک / فەرمانگەی میدیا و زانیاری

سبەی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا بەردی بناغەی حەوت پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک داناوە لە بەرامبەریشدا تەنها یەک پرۆژەی لە سنوری سلێمانی کردووەتەوە، بەپێی داتاکانی حکومەت، کابینەی نۆیەم لە چوار ساڵدا  سێ هەزار و 379 پرۆژەی جێبەجێ کردووە کە دوو هەزار و 184 پرۆژەیان لە زۆنی زەردبوون.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 27ـی ئایار تا 3ـی حوزەیرانی 2024، لە سنوری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سۆران قەزای شێخان بەردی بناغەی 7 پرۆژەی داناوە و لە سنوری ڕواندزی و ڕاپەڕینیش دوو پرۆژەی کردووەتەوە. بەپێی میدیاکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوژمەی هەموو پرۆژەکان نزیکەی نیو ترلیۆن دینار بووە.

زۆرینەی پرۆژەکان لە سنوری زۆنی زەردن

ئەو پرۆژانەی سەرۆکی حکومەت لە ماوەی هەفتەیەکدا بەردی بناغەی داناون سەرجەمیان لە سنوری زۆنی زەرد بوون لە کۆی ئەو دوو پرۆژەیەشی کراونەتەوە دانەیەکیان هەر لەو زۆنە بووە.

ئەو پرۆژانەی سەرۆکی حکومەت لە زۆنی زەرد بەردی بناغەی داناون، بریتی بوون لە دانانی بەردی بناغەی چوار پرۆژەی بە گوژمەی زیاتر لە 140 ملیار دینار لە سنوری ئیدارەی سۆران کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران).

دوای دانانی بەردی بناغەی ئەو چوار پرۆژەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانە" لە قەزای ڕواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە کە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار جێبەجێ کرابوو.

سەرۆکی حکومەت لە دهۆکیش بەردی بناغەی هەر دوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا، دواتریش بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت دانا کە بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت.

سەرۆکی حکومەت تەنها یەک پرۆژەی لە سنوری زۆنی سەوز کردووەتەوە

لە ماوەی ئەو هەفتەی کە میدیای حکومەت باسی دەکات، مەسرور بارزانی لە سنوری زۆنی سەوز تەنها یەک پرۆژەی کردووەتەوە، ئەویش کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە بووە کە دوای چوار ساڵ کارکردن تەواو بووە.

پردەکە لەسەر زێی بچوکە و درێژییەکەی 420 مەتر و 15 مەتر پان و 32 مەتر بەرزە، ئیدارەی ڕاپەرین و شارۆچکەی دوکان و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، گوژمەی پڕۆژەکە 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار بووە.

یاوەرانی سەرۆکی حکومەت بەپێی زۆنەکان دەگۆڕێن

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارنامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە سەر شێوازێکی دادپەروانە و هاوسەنگ کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و قەزا و ناحیەکان بەڵام زۆنی زەرد و سەوز تەنها کاریگەری لە دابەشبوونی جوگرافی ئەو پرۆژانە نەبووە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی داناون یان کردوونیەتەوە بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەش هەبووە کە وەک تیمی حکومەت یاوەری مەسرور بارزانییان کردووە.

کاریگەرییەکان بە جۆرێکن لەو پرۆژەکانی زۆنی سەوز شاندی وەزاری گۆڕان و یەکێتی یاوەری مەسرور بارزانییان کردووە بەڵام لە دانانی بەردی بناغە و کردنەوەی پرۆژەکانی زۆنی زەرد تیمی دوو حزبەکە یاوەری سەرۆکی حکومەتیان نەکردووە.

تیمی وەزاری یەکێتی و گۆڕان، تا ئێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە لەسەر ئەوەی خۆیان بەشدارییان نەکردووە یاخود بەشدارییان پێ نەکراوە.

زۆرترین پرۆژەی کابینەی نۆیەم لە زۆنی زەرد بووە

بەگوێرەی ئەو داتایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2023 لە چوارەمین ساڵیادی کابینەی نۆیەم بڵاویکردونەتەوە، کابینەکە سێ هەزار و 379 پرۆژەی جێبەجێ کردووە بە گوژمەی، 12 ترلیۆن و 40 ملیار و 667 ملیۆن دینار، لە سێکتەرەکانی ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ، کارەبا، پەروەردە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە سنوری هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە سێ ملیۆن و 804 هەزار و 742 کەس، دوو هەزار و 184 پرۆژە بە گوژمەی حەوت ترلیۆن و 805 ملیار و 982 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.

لە سنوری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیش کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە دوو ملیۆن و 268 هەزار و 50 کەس، هەزار و 195 پرۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی چوار ترلیۆن 234 ملیار و 685 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی