زیادکردنى بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق بۆ ماوەى دوو مانگە

#عێراق#تورکیا#ئاو
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تۆرهان موفتى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو رایگەیاند، رێککەوتنى زیادکردنى بەردانەوەى بۆ مانگەکانى حەوت و هەشتە، لە مانگى نۆوە دەبێت پشت بە ئاوى کۆگاکراو ببەستن تا وەرزى زستان و باران بارین.
Primary Asset

سبەى

زیادکردنى بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق بۆ ماوەى دوو مانگە و دواتر دەبێت عێراق پشت بە ئاوى باران و ئاوى کۆگاکراوى خۆى ببەستێت، ئەوەش بەوتەى راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو.

هەفتەى رابردوو لەمیانەى سەردانى شاندى پەرلەمانى عێراق بۆ تورکیا بەسەرۆکایەتى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمان، رێککەوتن کرا لەسەر زیادکردنى بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق بەبڕى 420 مەتر سێجا لەهەر چرکەیەکدا.

تۆرهان موفتى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو رایگەیاند، رێککەوتنى زیادکردنى بەردانەوەى بۆ مانگەکانى حەوت و هەشتە، لە مانگى نۆوە دەبێت پشت بە ئاوى کۆگاکراو ببەستن تا وەرزى زستان و باران بارین.

وتیشى بەردانەوەى ئاو بەردەوام دەبێت، بەڵام لەماوەى ئەو دوو مانگەدا لەبڕى 420 مەتر سێجا لەهەر چرکەیەکدا کەمتر نابێت کە لە تورکیاوە بۆ عێراق بەردەدرێتەوە.

تۆرهان موفتى باسى لەوەشکرد، بەنداوى ئەلیسۆ کە دوایین بەنداوى تورکیایە لەسەر روبارى دیجلە لەناو خاکى ئەو وڵاتە، لەدواى ئەو بەنداوەوە ناوچەى شاخاوى سەخت بوونى هەیە لە باشورى خۆرئاواى تورکیا کە باران و بەفرێکى زۆرى لێ دەبارێت و هەمووى دواتر دەڕژێتە عێراقەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى گۆڕانکارى کەشوهەواوە ئەمساڵ باران و بەفرى کەم لەو ناوچانە باریوە، ئەوەش بڕى ئەو ئاوەى دەڕژێتە عێراقەوە کەمکردووەتەوە.

 عێراق بۆ دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتووانەکەى و کشتوکاڵ پشت بە ڕووباری دیجلە و فورات دەبەستێت، کە لە تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام بەنداوەکانى تورکیا سەرچاوەى ئاوى ئەو دوو رووبارەیان گلداوەتەوە، ئەوەش وایکردووە عێراق 40%ى پشکى ئاوى پێ بگات، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە ناوچەکانى رووبەڕووى بە بیابانبوون بوونەتەوە.

هەریەکە لە وەزارەتى سەرچاوە سروشتییەکان و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى دووشەممە لە رونکردنەوەیەکى هاوبەشدا جەختیانکردەوە کە ئەو بڕە ئاوەى تورکیا بەریدەداتەوە 50%ى پێداویستى عێراق پڕ دەکاتەوە. 

بەرپرسێکی تەکنیکی لە بەنداوی موسڵ دەڵێت، بەردانەوەى ئاو بۆ دیجلە بەرزبووەتەوە بۆ 350 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. بەڵام هێشتا لەو ئاستە کەمترە کە رێککەوتنى لەسەرکراوە.

ئێستا یەدەگی ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستیدایە. ڕۆژی 23ی حوزەیران لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان ئاشکرایکردبوو، ئەو ئاوەى دەرژێتە دیجلە و فوراتەوە بۆ کەمتر 50%ی ئاستی ئاسایی خۆی دابەزیوە. هەروەها یەدەگی ئاوی بەنداوەکان بۆ نیوە دابەزیوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی