سبەی
تا دێت پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە گەرمتر دەبن، کەجەکە گۆڕانکاریی لە مەراسیمى چەکدانانى پەکەکە راگەیاند و دەڵێت بەهۆکارى ئەمنى رۆژنامەنووسان ناتوانن بەشدارى مەراسیمە ببن و دیمەنى چەکدانان دواتر بڵاودەکرێتەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی کەجەکە ڕایگەیاند: “بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە، ناچاربوون لە ماوەیەکی کورتدا وردەکارییەکان سەبارەت بەو مەراسیمە بگۆڕن کە پلانی بۆ دانرابوو لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، مەراسیمەکە بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ پەخش ناکرێت و ڕۆژنامەنووناسانیش ناتوانن ئامادەبن“.
دەشڵێت لە نزیک شوێنی مەراسیمەکە شاشەیەک دادەنرێت کە تۆمارە ڤیدیۆییەکان دوای مەراسیمەکە تێیدا پەخش دەکرێن.
هاوکات کەناڵی بی بی سی تورک ئاماژە بەوە دەدات بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژی هەینی 12ی تەمووز یەکەم قۆناغی چەکدانانی پەکەکە بە شێوەی سمیبولی بەڕێوە بچێت و ئەمەیش لە کاتێکدایە دوێنێ شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان و ئەمڕۆ 7ی تەمووز لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوویەوە و بڕیاریشە سبەی لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆ ببێتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە سبەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدا دەکات.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوە داوە چاوەڕێ دەکرێت لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە شاندی دەم پارتی ڕۆژی پێنجشەممە بچێتە هەرێمی کوردستان.
وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی یەکەمی چەکدانانەکە دەم پارتی پێشنیازی کردووە ڕۆژی سێشەممە و پێنجشەممە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
هاوتەریب لەگەڵ چەکدانانی سیمبولی گەریلاکان، هەر ڕۆژی هەینی ئاک پارتی دەست بە کەمپینێک دەکات بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی پێویست بدات و ڕای گشتی لە پرۆسەکە ئاگادار بکاتەوە.
سی ئێن ئێن تورک سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی ڕێوڕەسمەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و میکانیزمێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە لە نێوان تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق پێک هێندراوە.
هەرچەند بانگەشەی ئەوە دەکرا کە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان لە کاتی ڕێوڕەسمەکە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام ئەو کەناڵە دەڵێت بە هۆی ئەوەی یاسایی نییە، ڕێگە بەوە نادرێت پەیامی ڤیدیۆیی ئۆجەلان بڵاو بکرێتەوە و ناشزاندرێت بۆ داهاتوو ڕێ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی لەو جۆرە دەدرێت یان نا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان و ئەردۆغان تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەیان کردووە کە پێویستە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لەمەودوا بندرێن.
نووسینگەی تیمی پارێزەرانی ئۆجەلان ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕێگە بە محەمەد ئۆجەلان دراوە بچێتە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای کۆ ببێتەوە.