لایەنگرانى سەدر سێ ساڵ لەمەوبەر و لەهەمان بەرواردا چوونە ناو ناوچەى سەوز و تا کۆتایی ئابى 2022 مانگرتنیان راگەیاند
سبەى
ناوەندە حزبییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى پێشبینى جموجۆڵى جەماوەرى دەکەن لەماوەى چەند هەفتەى کەمى داهاتوودا کە جوڵێنەرەکەى رەوتى سەدر بێت، دواى ئەوەى موقتەدا سەدر جەختى لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن کردەوە تا مانەوەى میلیشیا و بوونى چەک لەدەرەوەى دەوڵەتدا.
ناوەندە حزبییەکان پێیانوایە، گەڕانەوەى بەهێزى موقتەدا سەدر لە چەند رۆژى رابردوودا، ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە دەتوانێت لە رێگەى جوڵاندنى شەقامەوە ئامانجەکانى بەدیبهێنێت، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى “مەدا”ى عێراقى.
سەدر لە یادى عاشورادا ئەگەرى جموجۆڵى بۆ داواى چاکسازى خستەڕوو، کە بەوتەى ناوەندە حزبییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، پێدەچێت کۆتایی تەمموز یان ئابى داهاتوو شەقام لەلایەن سەدرییەکانەوە بجوڵێنرێت.
لایەنگرانى سەدر سێ ساڵ لەمەوبەر و لەهەمان بەرواردا چوونە ناو ناوچەى سەوز و تا کۆتایی ئابى 2022 مانگرتنیان راگەیاند و ئەوەشیان ناونا "شۆڕشى عاشورا".
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا موقتەدا سەدر وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە باسیان لە ئەگەرى بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەکرد و ڕایگەیاند کە ناگەڕێتەوە لەکاتێکدا "گەندەڵی و میلیشیاکان" هێشتا بوونیان ماوە.
موقتەدا سەدر لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتی "با هەمووان بزانن، تا گەندەڵی بوونی هەبێت، من بەشداری لە هیچ پرۆسەیەکی چەقبەستووی هەڵبژاردندا ناکەم".
لێدوانەکانی موقتەدا سەدر لەگەڵ هەڵوێستى مەرجەعییەتی نەجەف یەکدەگرێتەوە لەبارەى بوونى چەک لەدەستى دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان هەفتەى رابردوو بڵاویانکردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەستوەردان دەکەن بۆ گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ ناو هەڵبژاردنەکان و فشاریان خستووەتە سەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ "کردنەوەی دەرگاى پێشکەشکردنى کاندیدەکان" دوای هەفتەیەک لە داخستنی، بەمەبەستی تۆمارکردنی ڕەوتی سەدری.
لە مانگی ئاداری ڕابردوودا موقتەدا سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
ساڵى 2022 موقتەدا سەدر لەگەڵ هاتنی مانگی موحەرەم بڕیاریدا خێمە لە مەیدانی تەحریر دابنرێت، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش بە وتەی ئیبراهیم جابری بەڕێوەبەری نوسینگەی رەوتی سەدر لە بەغداد "تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو شوێنە ناوەڕاستی بەغدادە".
چاودێران دەڵێن سیمبولیەتی شوێنەكە و سیاسیبوونی، وادەكات بتوانرێت خۆپیشاندانێك دروست بكرێت كە رەوتی سەدر بیجوڵێنێت و چەند هێزێكی دیكەش ببنە هاوپەیمانی، ئەمەش هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە ركابەرەكان كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025 ئامادە دەكەن.
“داماڵینی چەک”
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ و لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپادا، سەدر جەختی لەسەر پێویستی "بوونى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەت" کردەوە. پێشتریش مەرجەعى ئایینی هۆشداری دابوو لە بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت.
هێزە شیعییەکان، تەنانەت ئەوانەی باڵی سەربازی ناسراویان هەیە، بە خێرایی خۆیان لەگەڵ بانگەوازەکانی "قەدەغەکردنى چەکی دەرەوەى دەوڵەت" دەگونجێنن و دژایەتی دەرنابڕن.
بەڵام ئەمجارەیان کەتایبى حزبوڵڵا بە توندی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە بانگەوازەکانی چەکداماڵین کە مەرجەعى ئایینی و سەدر جەختیان لەسەر کردەوە.
دوای چەند کاتژمێرێک لە هەڵوێستە نوێیەکەى سەدر، سەرۆکی گروپەکە ناسراو بە "ئەبو عەلی عەسکەری" دووپاتیکردەوە کە چەکی گروپەکان لە عێراق "متمانەی ئیمام مەهدییە" و ناتوانرێت دەستبەردار یان رادەست بکرێت مەگەر بە فەرمانی ئەو.
حکومەت لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا رایگەیاند، بۆ داماڵینی چەک لەگەڵ چوار بۆ پێنج گروپ دەستی بە گفتوگۆی سیاسی کردووە. بەڵام هەوڵەکە بێ ئەنجام بوو. هێشتا ناڕوونی لە دەوری دەستەواژەى "داماڵینی چەک"ى گروپەکان هەیە، چونکە هەموویان خاوەنی لیوای سەربازین لەناو هێزەکانی حەشدى شەعبیدا.
لە هەڵبژاردنی 2021، رەوتی سەدر توانی ببێتە هێزی یەكەم
لە هەڵبژاردنی 2021، رەوتی سەدر توانی ببێتە هێزی یەكەم و 73 كورسی بەدەست بهێنێت، پێش ئەوەی بەتەواوەتی لە پرۆسەكە بكشێتەوە، ئەمەش پاش بەكارهێنانی سێیەكی پەكخەر لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانەوە، کە رێگرییان لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە کرد لەلایەن سەدر بە هاوپەیمانێتی چەند هێزێكی كورد و سوننە.