بۆچی زەڕافە ملی درێژە؟

#زەرافە#درێژی مل#بیردۆز#چارڵز داروین#
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • زانایان بیردۆزێکی نوێیان پەرە پێداوە لەبارەی هۆکاری درێژی ملی زەڕافە و جیاوازە لە بیردۆزەکەی چارڵز داروین.
Primary Asset

سبەی

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە لایەن زانکۆی پێن ستەیت ئەنجام دراوە دەرکەوتووە ملی زەڕافە بۆیە بەم جۆرە پەرەی سەندووە تاکوو خۆراک بدۆزێتەوە. 

وردەکارییەکانی توێژینەوەکە کە لەسەر نێرە و مێیەی زەڕافە ئەنجام دراوە لە گۆڤاری زانستی Mammalian Biology بڵاو کراوەتەوە. 

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە بە هۆی پرۆسە جیاوازەکانی وەک دووگیانی و پێدانی شیر بە بێچووەکان مێیەی زەڕافە بە بەراورد لەگەڵ نێرەکانی ئەو جۆرە گیانلەبەرە پێویستییان زیاتر بە خواردنە. 

زانایان ئاماژەیان بەوە داوە کە بە هۆی درێژی ملیانەوە مێیەی زەڕافەکان دەتوانن تەنانەت دەمیان بگاتە ئەو گەڵایانەی لە شوێنە سەختەکانی وەک قوڵایی دارە درێژەکاندان.

چارڵز داروین و جان باپستیک لێمارک بەپیێ بیردۆزی کلاسیکی پەرەسەندن وای بۆ دەچوون ملی زەڕافە بۆیە بەم جۆرە پەرەی سەندووە و درێژ بووە تاکوو خۆی بپارێزێت لە ڕکابەرێتیکردن لەگەڵ گیانلەبەرە گیاخۆرەکانی دیکە و دەمی بگاتە گەڵا بەرزەکانی دارەکان.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، داگ کێیڤنر ئاماژە بەوە دەدات بۆیان دەرکەوتووە زەڕافەکان بە گشتی دەم بۆ ئەو گەڵایانە درێژ دەکەن کە بە قوڵایی دارەکانەوەن نەک بە گەڵا بەرزەکانەوە.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات کە زەڕافە تەنها گەڵای چەند جۆرە دارێکی دیاریکراو دەخوات و دەڵێت: "درێژی ملی زەڕافە دەبێتە هۆی ئەوەی دەمی بگات بەو گەڵایانەی لە شوێنی سەختی دارەکاندایە و گیانلەبەرانی دیکە دەمیان پێی ناگات".

 داگ کێیڤنر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە گشتی مێیەی زەڕافەکان لە تەمەنی 4-5 ساڵیدا دووگیان دەبن و شیر بە بێچووەکانیان دەدەن، گوتی: "بۆیە ئەوان پێویستییان بۆ خواردن زیاد دەکات و لەو باوەڕەداین ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی زەڕافەکان بەم جۆرە پەرە بستێنن و ملیان درێژ ببێت".

جگە لەوە گریمانەیەکی نوێ هەیە کە درێژی ملی زەڕافەکان بە "شەڕە مل" ناو دەبات و پێی وایە بۆ ئەوەی نێرەی زەڕافەکان گوشار بخەنە سەر یەکتر و بە مل شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن بەم جۆرە پەرەی سەندووە. 

بەپێی ئەو گریمانەیە ئەو نێرانەی ملیان درێژترە سەرکەوتووتر دەبن لە ڕکابەرایەتی و لە ڕێگای زاوزێوە بۆهێڵەکانیشیان بۆ بێچووەکانیان دەگوازنەوە. 

داگ کێیڤنر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان بە تەواوی لە پرۆسەی پەرەسەندنی ئەو گریمانەیە تێ ناگەن و دەڵێت: "بەپێی ئەو گریمانەیە ملی نێرەی زەڕافەکان لە مێیەکانیان درێژترە، ڕاستە لە ڕووی تەکنیکییەوە ملی نێرەکان لە مێیەکان درێژترە، بەڵام ئەمە تەنها ملیان نییە و تەواوی ئەندامەکانی لەشیان لە هیی مێیەکان درێژترە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا نێرەی زەڕافەکان لە سەدا 30-50 لە مێیەکانیان گەورەترن و گوتی: "لە میانی ئەو توێژینەوەیەدا شیکارییان بۆ وێنەکانی سەدان زەڕافەی ماسایی کردوە کە کێوین و بە مەبەستی پاراستن خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و لە قەبارە و چۆنێتی گەورەبوون و نەشونماکردنی زەڕافەکانیان کۆڵیووەتەوە". 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی