چارەنوسی مووچە نادیارە؛ شاندی هەرێم و بەغداد نەگەیشتنە رێككەوتن و تەیف سامی گلەیی هەیە

#هەرێم#بەغداد#مووچە#داهاتی نانەوتیی#داهاتی فیدراڵیی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی هەرێم و بەغداد بۆ "سبەی" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق بە بەشداری كەمال محەمەد سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكان درێژەیان پێبدرێت".
Primary Asset

گرافیکی سبەی

سبەی

ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە كێشەی تێكەوت، بەغداد داوای 120 ملیارەكە دەكات بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش، لەسەر پۆلێنكردنی داهاتی نانەوتیش شاندی هەرێم و بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی هەرێم و بەغداد بۆ "سبەی" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق بە بەشداری كەمال محەمەد سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكان درێژەیان پێبدرێت".

هەرێم مەرجێکی بەغداد رەتدەکاتەوە

سەرچاوەكە وتیشی "بەغداد داوای نیوەی تەواوی داهاتە نانەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەرێمی كوردستانیش ئەوە رەتدەكاتەوە و داوا دەكات نیوەی داهاتە فیدراڵیەكان بۆ بەغداد بنێرێت".

هەر بە وتەی سەرچاوەكە "شاندی عێراق گلەیی ئەوەیان هەبووە ئەو شاندەی هەرێم كە بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچە و داهاتی ناوخۆ دەچێتە بەغداد دەسەڵاتی بریاردانی نییە، بۆیە داوای كردووە شاندەكە بگەڕێنەوە و هەفتەی داهاتوو بچنەوە بەغداد، بەڵام ئەمجارە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت، بۆ مووچەی مانگی شەشیش تەیف سامی بە شاندەكەی هەرێمی وتووە هەركات گەیشتینە رێككەوتن مووچە دەنێرین".

زانیاریی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، ناردنی 120 ملیار داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە مەرجەكانی رەوانەكردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆش پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە وتی "120 ملیارەكە ئامادەیە و هەركات پێویست بكات دەینێرین".

لەكاتێكدا كێشەكانی هەرێم و بەغداد لەسەر مووچە و داهاتی ناوخۆ و هەناردەكردنەوەی نەوت بەردەوامن، مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی شەش دەكەن، لەكاتێكدا چەند رۆژێكی ماوە بۆ مانگی نۆ، بەوەش چارەنوسی مووچەی زیاتر لە دوو مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیاری دەمێنێتەوە.

ناردنی ١٢٠ ملیارەکە

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێبوو بەغداد مووچەی مانگی حوزەیران بنێرێت ئەوكات 120 ملیار داهاتی نانەوتیی رادەستی بەغداد بكات، ئەمەش بەهۆی ئەو بێمتمانەییەی لەنێوانیاندایە، بەڵام بەغداد ئەوەی نەكرد، ئێستاش دیار نییە هەرێمی كوردستان كەی ئەو داهاتە دەنێرێت كە یەكێكە لە مەرجەكانی بەغداد بۆ ناردنی مووچە.

كێشە سەرەکییەکە

پۆلێنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی ناوخۆ یەكێكە لە كێشەكانی دیكەی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی تائێستا بەغداد و هەرێم لەسەری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، هەرچەندە ئەمڕۆ چەند كاتژمێرێك شاندی هەولێر و بەغداد لە كۆبوونەوەدا بوون، هەرێمی كوردستان دەیەوێت نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان بنێرێت و بەغدادیش داوای نیوەی تەواوی داهاتە نانەوتییەكان دەكات.

سێ مەرجی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 19ی ئاب بڕیاریدا بە سێ مەرج مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، كە بریتین لە، تەواوكردنی كاری لیژنەكان، دیاریكردنی پشكی عێراق لە داهاتە نانەوتییەكان، پابەندكردنی كۆمپانیاكان بەرادەستكردنی نەوت.

بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە دەست “سبەی” كەوتووە، لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەی وەزاریی، ئەنجومەنی وەزیران لەرووی مەبدەئییەوە بریاریدا بە نوێكردنەوەی بڕیارەكەی بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی حوزەیران بە سێ مەرج.

مەرجەكان بریتین لە تەواوكردنی كاری لیژنەكان بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 550 ی ساڵی 2025 و بەرزكردنەوەی راپۆرت بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی هەفتەیەكدا، تەواوكردنی ئەركی لیژنەی پەیوەندیدار بە دیاریكردنی پشكی بەغداد لە داهاتی نانەوتی و رادەستكردنی لەلایەن هەرێمەوە. حكومەتی هەرێم كۆمپانیا نەوتییەكان پابەند بكات بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو.

پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغداد بۆ "سبەی" ئاشكراكردبوو، بڕیاری خەرجكردنی مووچە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دراوە، ئەوەش بە مەرجی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی و نەوت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی